لەدوای راگەیاندنی بڕیاری كشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەردو حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم و بەشێك لە كاربەدەستانی گۆڕان لە حكومەتە خۆجێییەكان بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەیان دا.
ئاوێنە: ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوریی هەرێمی كوردستان، وەك یەكەم وەزیری بزوتنەوەی گۆڕان لە حكومەتی هەرێم پابەندبونی بە بڕیاری كشانەوەی حزبەكەی و دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاند.
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دانا ئەحمەد مەجید، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان كشانەوەی بزوتنەوەكەی لە هەردو حكومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی راگەیاند.
بەگوێرەی زانیارییەكان جگە لە ئاوات شێخ جەناب، هەریەكە لە مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێم، كوێستان محەمەد، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتی، كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی هەرێم ئامادەیی خۆیان بۆ دەستلەكاركێشانەوە دەربڕیوە بەڵام تاوەكو ئێستا دانا عەبدولكەریم، وەزیری ئاوەدانكردنەوەی بڕیاری دەستلەكاركێشانەوەی نەداوە.
هەروەها تا ئێستا لە حكومەتە خۆجێییەكانیش ئەم بەرپرسانەی گۆڕان پابەندبونی خۆیان بە بڕیارەكەی بزوتنەوەكەیان بۆ كشانەوە دەربڕیوە:
ژیلوان عادل شکور، بەرێوەبەری گشتی چاودێری کۆمەڵایەتی گەرمیان
شادییە حسێن، بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی گەرمیان
كاروان رەئوف، بەڕێوەری سایلۆی گەرمیان
تەها محەمەد قادر، بەڕێوەبەری ناحیەی سەرقەڵا لە كفری
دیاری وەستا عەزیز، بەڕێوەبەری گشتی كتێبخانەكانی هەرێم
د.موحسین ئەدیب، بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری سلێمانی
د.سیروان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان
هەڵۆ سەڵاح چاوشێن، بەڕێوەبەری گشتی لە دەستەی وەبەرهێنان
هاوتا عەزیز زەنگەنە، بەڕێوەبەری ناحیەی شۆڕش