ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان: دەبینە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری لە کابینەی دەیەم ناکەین
  2024-10-10       270       

ئەندامێکی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت، بزوتنەوەکەی دەبێتە بزوتنەوەیەکی ئۆپۆزسیۆن و بە نیاز نییە بەشداری لە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم بکات.

ئاوێنە: پاش کشانەوەی گۆڕان لە حکومەتی هەرێم و حكومەتی خۆجێی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕۆڤان سەروەت ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند"دیارە ئێمە ماوەیەکی زۆرە پرس و ڕاوێژ و گفتوگۆمانە و خەڵکێکی زۆر گلەییان لە بەشداری ئێمە دەکرد لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئێمە بۆ چاکسازی چوبوین، بەڵام بەهۆی ئەو ململانێ سیاسییەی کە لەلایەن هێزە پێکهێنەرەکانی حکومەت و بەتایبەت دو هێزە دەسەڵاتدارەکە هەبو، نەیانهێشت بەشێکی باش لە پرۆژە چاکسازییەکانی ئێمە لەناو حکومەت جێگای ببێتەوە و لە دوای گفتوگۆیەکی زۆر و پرس و ڕاوێژ لەگەڵ دەیان سەرکردەی ناو بزوتنەوەی گۆڕان و دەرەوەی پەیکەری ڕێکخراوەی بزوتنەوەکە بەڕازی و ناڕازی، بەباشمانزانی بڕیاری کشانەوە بدەین."

وتیشی،"تەواوی وەزیرەکان و کاربەدەستانی بزوتنەوەکە بە بڕیارەکە ڕازین و بێگومان دەکشێینەوە لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و ڕاپەڕین، گۆڕان دەبێت بە ئۆپۆزسیۆن و بەشداری لە کابینەی دەیەم ناکات."

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەیامێک ڤیدیۆییدا کشانەوەی حزبەکەی لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی ڕاگەیاند.

دانا ئەحمەد مەجید وتیشی"لە ڕۆژی 9ی مانگی دەی 2024، جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەیەکی نائاسایدا بە کۆی دەنگ بڕیاریدا، گۆڕان لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی خۆجێی بکشێتەوە."

ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان داوای لێبوردنی لە دەنگدەرانی گۆڕان کرد، لەوەی کاتەکە درەنگ بو.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×