وەزیری بەرگریی ئیسرائیل: وەڵاممان بۆ ئێران كوشندەو وردو غافڵگیرانە دەبێت
  2024-10-09       302       

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند، وەڵامی وڵاتەكەی بۆ هێرشە موشەكییەكەی كۆتایی هەفتەی رابردوی ئێران، وەڵامێكی "كوشندە، وردو غافڵگیرانە" دەبێت.

ئاوێنە: یوئاڤ گاڵانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی بەسەركردنەوەی یەكەیەكی هەواڵگری سوپای وڵاتەكەیدا وتی"هێرشی ئێمە كوشندە، وردو لەسەرو هەمویشییەوە غافڵگیرانە دەبێت، بەشێوەیەك كە (ئێران) نەزانێت چی رویداوەو چۆن ئەو هێرشە كراوە، ئێرانییەكان تەنیا ئەنجامی هێرشەكە دەبینن."

وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، ئاماژەی بەوەشدا كە هێرشە موشەكییەكەی ئێران، "هێرشێكی گەورە بوە بەڵام ورد نەبوە."

وتیشی"هیچ زیانێك بە هێزی ئاسمانی ئێمە نەگەیشت، هەمو رێڕەوەكان بەردەوامن لە كار، زیان بە یەك فڕۆكەی ئێمە و بە یەك سەربازمان و بەك هاوڵاتی مەدەنیمان نەگەیشت."

ئەوەش لەكاتێكدا هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكاو بنیامین نەتەنیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل، لەدوای چەند هەفتەیەك، بەتەلەفۆن گفتوگۆیان كرد.

كۆشكی سپی رایگەیاندوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیاندا بایدن و نەتەنیاهۆ باسیان لە هێرشە موشەكییەكەی ئێران و وەڵامی ئیسرائیل بۆ هێرشەكە كرد.

كارین ژان پییەر، بەرپرسی رۆژنامەوانی كۆشكی سپی رایگەیاند، پەیوەندییە تەلەفۆنییەكە نزیكەی نیو سەعاتی خایاندوەو گفتوگۆیەكی "راستەوخۆ" و "بەرهەمداری" تێدا كراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×