فەوزیە ئەمین، ئەو ژنە ئێزدییەی کە نزیکەی 4 ساڵ لە غەززە گیریخواردبو و سێشەممەی ڕابردو ڕزگارکرا دەڵێت، "هەواڵگری فەڵەستینی" ساڵی 2020 لە ڕێگەی ناسنامەی ساختەوە لە تورکیا گواستویانەتەوەو ئەوکاتەی لە غەززە بوە چەکدارانی حەماس لە ژێر هەڕەشە ڕێگەیان نەداوە چیرۆکی ڕفاندن و کەنیزەککردنی بگێڕێتەوە.
ئاوێنە: فەوزییە ئەمین سەیدیۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەواڵگری فەڵەستینی لە ئیستانبوڵ ناسنامەی گەشتکردنیان بۆ دەرکردم. ئەمە ئەرکی ئەوان بو، من تەنها ئەوەم لەسەر بو گەشت بکەم...هەروەها لە ترسی ئەوەی پەیوەندی بە خێزانەکەمەوە بکەم، مۆبایلەکەیان لێسەندم."
فەوزییە وتوشیەتی، دوای گواستنەوەی بۆ غەززە، بەهۆی ئەو فشارە دەرونییەی کەوتبوە سەری، چەندین جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بەم هۆیەوە چەندین هەفتە لە نەخۆشخانەی دەرونی ماوەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە"بەهۆی ئەو شتانەی کە لە ژیانم بینیم، هەوڵی خۆکوشتنم دا لە ڕێگەی خواردنی حەبەوە...21 جار هەوڵی خۆکوشتنم دا."
فەوزییە ئەوەشی وتوە چارەسەری دەرونی ڕەتکردوەتەوە و بەهۆی بەردەوامی هەوڵەکانی بۆ پەیوەندیکردن بە خێزانەکەیەوە لە شنگال، ئەندامانی حەماس مۆبایلەکەیان جارێکی تر لێوەرگرتوەتەوە و بە "بەکرێگیراوی ئیسرائیل" تۆمەتباریان کردوە.
ئەوەسی خستۆتەڕو"دوای ئەوەی لە نەخۆشخانەکە ڕۆیشتم، دادگای شەرعی داوای کردم و لە ڕێگەی پۆلیسەوە برام بۆ لای دادوەر. دادوەر وتی، 'بۆ ماوەی دو ساڵ زیندانیت دەکەم چونکە هەوڵی خۆکوشتنت داوە.' منیش بە دادوەرەکەم وت، 'بۆ زیندانیم دەکەیت؟ من دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ لای خێزانەکەم.' دادوەریش وتی، "جا کێ بە تۆی وتوە بێیت بۆ ئێرە؟' ئەوان چیرۆکی منیان نەدەزانی چونکە حەماس هەڕەشەی لێدەکردم بەوەی چیرۆکی خۆم لای کەس نەدرکێنم."
فەوزییە ئەمین سەیدیۆ لە مانگی نۆی ساڵی 2003 لەدایکبوە و ساڵی 2013 بەهۆی ئێزدیبونیەوە لە شنگال لە لایەن داعشەوە ڕفێندراوە. 5 جار دوای فرۆشتنی وەک کۆیلەی سێکسی، لە تەمەنی منداڵیدا کراوە بە "هاوسەری" چەکدارێکی داعشی فەڵەستینی.
وتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە نەیویست ناوی بهێندرێت بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "لە بەرواری 1ی دەی 2024، ئەمەریکا هاوکار بو بۆ گواستنەوەی ژنێکی گەنجی ئێزدی بە سەلامەتی لە غەززەوە بۆ ئەوەی بە خێزانەکەی لە عێراق شادببێتەوە."
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها وتی، "چیرۆکی ئەم ژنە زۆر دڵتەزێنە و خۆشحاڵین کە بە خێزانەکەی لە عێراق شاد دەبێتەوە...داواکارین خەڵک ڕێز لە ژیانی تایبەتی ژنەکە بگرن بۆ سەلامەتی خۆی لەکاتێکدا لەگەڵ خۆشەویستانی یەکدەگرێتەوە و دەگەڕێتەوە ماڵەوە."
جگە لە ئەمەریکا، هەریەک لە حکومەتی عێراق و وەزارەتی بەرگری ئیسرائیل لە ڕاگەیێندراوی جیاوازدا بەرپرسیارێتی خۆیان لە گێڕانەوەی فەوزییە بۆ ناو باوەشی دایکی لە شەنگال ڕاگەیاندوە.
ڕۆژی هەینی ڕابردو، دەسەڵاتدارێتی غەززە لە راگەیەندراوێکدا وتی، ژنەکە بە خواستی خۆی چوەتە غەززە و فەوزیە لەگەڵ "تیمێکی حکومی کە تایبەت بۆ یاوەریکردنی پێکهێندرابو، هەروەها بە ئاگاداریی کەسوکاری هاوسەرەكەی و حکومەتی فەلەستین" چوە دەروازەکەی نێوان غەززە، میسر و ئیسرائیل و وتیشی، "داگیرکار ئەوی رزگارنەکردوە بەو شێوەیەی کە لە راگەیەندراوە درۆینەکەیدا درۆی لەگەڵ رای گشتی کرد."
بەڵام فەوزییە ئەمین سەیدیۆ ئەو زانیاریانەی دەستەڵاتدارانی غەززەی ڕەتكردنەوە.
فەوزییە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەمو شتێکم لە حەماس بینی. لەو هەمو ئازاردانەی ئەوان ماندو بوم و بڕیارم دا ئەو شوێنە بەجێبهێڵم. ڕۆیشتم بۆ لای دو هاوڕێم و لەگەڵیان ژیام لە لای ئەوانەوە پەیوەندیم کرد بە چەند کەسێکی ئیسرائیلی و ئەمەریکی و کەنەدی...هەروەها لە ڕێگەی تیکتۆکەوە پەیامی ئەوەم بڵاودەکردەوە کە دەمەوێت لە غەززە دەربچم."