2024-10-07   253     
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایدەگەیەنێت؛ هەفتەی داهاتو بەمەبەستی تۆمارکردنی ناوی نوێی و زیادکردنی موچەی کەمئەندامان و چەند پرسێکی دیکە شاندێکیان سەردانی بەغداد دەکەن.
ئاوێنە: کوێستان محەمەد وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایگەیاند، سەرەتای هەفتەی داهاتو سەردانی بەغداد دەکەن بەمەبەستی تۆمارکردنی ناوی نوێی کەمئەندامان و زیادکردنی موچەی کەمئەندامان بەگوێرەی یاساکانی هەرێمی کوردستان.
کوێستان محەمەد وتیشی: دو هۆکاری دیکەی سەردانەکەیان داواکردنی ئەو چوار سەبەتە خۆراکەیە کە لە عێراق دەدرێت بە کەمئەندامان لەگەڵ پارەی چاودێری کۆمەڵایەتی کە بەهەمان شێوە لە بەغداد بۆ کەم ئەندامان جەرخ دەکرێت.
وتیشی: گەشبینن بە سەردانەکەیان و هیوادارن وەڵامى بەغداد ئەرێنی بێت، چونکە پێویستە کەمئەندامانی هەرێمی کوردستانیش هاوشێوەی ناوچەکانی دیکەی عێراق ئەو مافانەیان پێ بدرێت کە بە یاسا بۆیان دیاریکراوە