سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامی رایگەیاند، دەسەڵاتدارانی هەرێك كاولكارییەكان ئەنجامداوە كە زۆر بە زەحمەت چارەسەر دەكرێت. دەشڵێت، یەكگرتو كار دەكات بۆ گەڕاندنەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانی موچەخۆران.
ئاوێنە: سەڵاحەدین بەهادین ئەمینداری گشتی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ ڕێكخستنەكانی سنوری مەڵبەندی 10ی شارەزوری حزبەكەی لە چوارچێوەی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا ڕایگەیاند: "ئەنجامدانی هەڵبژاردن و سەركەوتنی پەیوەندی بە گۆڕانكاری گەورە لە هەرێم و عێراق و ناوچەكە هەیە بۆ ئەوەی ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵات ڕوبدات، پرۆسەكە پێویستی بە بەشداری چالاكانەو جددی هاوڵاتیان هەیە بۆ گۆڕانكاری لە دەموچاوەكان و سیستمی حوكمرانی، پێویستە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان وشیارانە مامەڵەی پرۆسەكە بكەن."
ئەمینداری گشتی یەكگرتو وتیشی"دەڵێن خزمەتمان كردوە، بەڵام پاش 30 ساڵ كاولكارییەكتان ئەنجام داوە كە ئێستا زۆر بەزەحمەت چاك دەكرێت، بۆ ئەوەی ئەو كاولكارییە چاك بكرێت پێویستە هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان كاری لەپێشینەیان چونەسەر سندوقەكانی دەنگدان بێت و دەنگ بدەنە لیستی 148ی یەكگرتو و ئەو كاندیدانەی كە ئێمە دەستنیشانمان كردون، چونكە دەتوانین ڕێڕەوی حوكمڕانی بە یاسا ڕاست بكەینەوە."
ئەمینداری گشتی یەكگرتو وتیشی"وەك چۆن كاری جددیمان بۆ زامنكردنی موچە كرد كاریش بۆ گەڕانەوەی موچە پاشەكەوتكراوەكانتان دەكەین و ئێستا دادگای فیدراڵی هەیەو دەتوانین سكاڵاكانمان تۆماربكەین لێی."
لە بەشێثكی دیكەی قسەكانیدا سەڵاحەدین بەهادین وتی"جگە لەبێكاری و بێكاركردنی گەنجان بەشێوازی جۆراوجۆر كار بۆ بردنی هۆشی گەنجان و لاوان دەكرێت لەرێگەی دەیان ماددەی جۆراوجۆری هۆشبەر كە ئەمە جێگەی نیگەرانییەو لە حاڵەتەوە بوەتە دیاردە."