لەشەڕی نێوان دو مێردمنداڵدا لە رانیە یەكێكیان كوژراو ئەویدیكەیان برینداربو
  2024-09-23       323       

پۆلیسی راپەڕین رایگەیاند، دو مێردمنداڵ لە رانیە بۆتە شەڕیان و لە شەڕەكەدا چەقۆیان بەكارهێناوە، یەكێكیان كوژراوەو ئەویدیكەیشیان برینداربوە.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین، لە راگەیەندراوێكدا وتی، سەعات 1ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ دوشەممە، دو مێردمنداڵ بە ناوەکانی (س. ح. س) لەدایکبوی 2008 پیشە (کاسب) دانیشتوی ڕانیە/ تیتۆکەو (ت. ب. ح) لەدایكبوی 2008 پیشە کاسب دانیشتوی ڕانیە/ تیتۆکە شەڕو دەمەقاڵێ لە نێوانیان ڕودەدات و لە شەڕەكەدا چەقۆیان بەكارهێناوەو بەهۆیەوە هەردوكیان بریندار دەبن کە شوێنەواری چەقۆ بە سەر جەستەیانەوە هەبوە.

پۆلیس وتوشیەتی، دوای گەیاندنیان بە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە  چارەسەری پێویستیان لە نەخۆشخانەی گشتی ڕانیە بۆ ئەنجام دەدرێت بەڵام (ت. ب. ح) بەهۆی سەختی برینەكەیەوە بەڕێكرا بۆ نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی و كاتژمێر 7ی بەیانی ئەمڕۆش ناوبراو بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لە دەستدا.

پۆلیسی راپەڕین وتوشیەتی، دادوەر بڕیاری دا بە ڕاگرتنی تۆمەتبار (س. ح. س) بە پێی مادەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی و لێكۆڵینەوە لە ڕوداوەكە بەردەوامە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×