كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان-ئەپیكۆر داوای كۆبونەوەی سێقۆڵی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق و كۆمپانیا نەوتییەكان دەكات بۆ گەیشتن بە رێككەوتن لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان و دەشڵێت، ەپێناو گەیشتن بە رێككەوتن ئامادەین پێداچونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكاندا بكرێت.
ئاوێنە: ئەپیكۆر، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، داوا لە حكومەتی عێراق دەكەین هاوكار بێت لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییە بیانییەكان بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان و دەستپێكردنەوەی بەپەلەی هەناردەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق-توركیاوە.
ئەپیكۆر وتوشیەتی، لێدوانەكانی رۆژی 17ی ئەم مانگە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بەوەی كە دەكرێت لە كۆتایی ئەمساڵدا هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان بۆ توركیا دەستپێبكاتەوە، بۆتە مایەی هاندانی ئەپیكۆر، بۆیە داوای كۆبونەوەی سێقۆڵی بەپەلە دەكەین بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی بەسود بۆ هەمو لایەنەكان و هەناردەكردنەوەی نەوت.
ئەپیكۆر جەختیشی كردۆتەوە كە ئەوان ئامادەن بۆ دەستكردنەوە بە هەناردەی نەوت بەمەرجی گەیشتن بە رێككەوتنێك كە تێیدا پێدانی پارەی هەناردەكانی رابردو و داهاتو، گەرەنتی بكرێت و مەرجە بازرگانی و ئابورییەكان بپارێزرێن.
جەختیشی كردۆتەوە، ئەگەر رێككەوتنێكی لەوجۆرە پێویستی بە پێداچونەوە بە گرێبەستەكانی ئێستادا هەبێت، ئەوا ئەندامانی ئەپیكۆر ئامادەن پێداچونەوە بە گرێبەستەكاندا بكرێت بەجۆرێك كە رەزامەندی حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان و كۆمپانیا نەوتییەكانی لەسەر بێت.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە ئەندامانی ئەپیكۆر هاوڕان لەگەڵ لێدوانەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە رێككەوتن لەسەر فرۆشتنی راستەوخۆ لەنێوان كۆمپانیا نەوتییەكان و كۆمپانیای سۆمۆی عێراقی باشترین بژاردەیە بۆ چارەسەری دۆخی ئێستا.