وەزارەتی بەرگری عێراق لە وەڵامی پەیامێکی محمەد حەلبوسی سەرۆكی حزبی تەقدوم، ڕایدهگهیەنێت" پرسی كڕینی ئەو تۆپهاوێژانە زیاتر لە حەوت ساڵ پێش ئێستا باسكراوە و تائێستا تۆپھاوێژەكان نەگەیشتوونەتە وەزارەتی پێشمەرگە".
ئاوێنە: وەزارەتی بەرگری عێراق، ئەمڕۆ هەینی ٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٤ سەبارەت بە پێدانی چەك بە هێزەکانی پێشمەرگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە كە تیایدا هاتووە" لەبارەی ئەوەی لە تۆڕەکۆمەڵایەتیەکان بڵاودەبێتەوە سەبارەت به تۆپهاوێژی (هاویتزەر عەیار ١٠٥ ملم) تایبەت بە هێزی پێشمەرگە، گرێبەستی كڕینی ئەو تۆپهاوێژانە لە سەردەمی وەزیری بەرگری (عرفان حیالی) کراوە و لە سەردەمی وەزیری بەرگری (جمعە عناد) هەموارکراوەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بڕی پارەی ئەو تۆپهاوێژانە پێش پێکهێنانی حکومەتی ئیستا خەرجکراوە و تۆپهاوێژەکان لە ٢٠ شوباتی ٢٠٢٣ گەیشتوونەتە بەندەری ئوم قەسر، بەڵام تۆپهاوێژەکان نەگەیشتنە وەزارەتی پێشمەرگە سەرەڕای تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر گەیشتنیان بۆ بەندەری ئوم قەسر.
وەزارەتی بەرگری عێراق ئەوەشی خستەڕوو، بە پشت بەستن بە یاداشتی سەرۆکی ئەرکانی هێزە چەکدارەکان و دوای گەرەنتی هەموو رێوشوێنێکی پێویست تۆپهاوێژەکان ڕادەستی هێزی پێشمەرگە کراوە، هێزی پێشمەرگە هێزێکی نیشتمانیە و دڵسۆزیان بۆ عێراق گومانی تێدا نییە.
ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگری عێراق لە کاتێکدایە، ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو محهمهد حهلبوسى سەرۆکی پارتی تەقەدوم ڕایگەیاندبوو" بە هەموو شێوەیەک پڕچەککردنی هێزە خۆجییەکان ڕەتدەکەینەوە کە ئەرکی دەستوورییان سنوردارە بە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ لە سنوری بەرپرسیارێتی خۆیاندا".
حەلبوسی وتیشی" ئەو كارە رەنگە ببێتە هۆی لێدانی ئاسایشی كۆمەڵگا بەشێوەیەكی گشتی، بە تایبەت لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و كەركوك، ئەگەر ئەو چەكانە خراپ بەكاربهێنرێن لە ململانێ نەتەوەیی و حزبیەكان لە ئایندەدا، ئەو جۆرە چەکانە دەبێت تەنها لەلای سوپای عێراق بێت کە بەردەوام داوامانکردووە بۆ باشتركردنی تواناکانیان".