تۆمەتباری روداوی تەقەكردنەكەی سلێمانی برای بەرپرسێکی دژە تیرۆری یەکێتییە
  2024-09-20       983       

بەپێی زانیارییەكان تۆمەتباری روداوی تەقەكردنەكەی شەوی رابردوی سلێمانی كە تێیدا كەسێك كوژرا و یەكێكی دیكەش برینداربو، برای بەرپرسێكی دژەتیرۆری یەكێتییە.

ئاوێنە: شەوی رابردو لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحمودی شاری سلێمانی، لە روداوێكی تەقەكردندا دو كەس برینداركران و دواتر یەكێكیان بەهۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەستدا.

دەزگای ئاسایشی هەرێم، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای ئەوەی شەوی ڕابردو 19/9/2024 لە شەقامی مەلیک مەحمود لەشاری سلێمانی دەمەقاڵێ و ئاڵۆزی لەنێوان سەرنشینانی دو ئۆتۆمبێل دروست دەبێت، شۆفێری یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان بەچەکی جۆری دەمانچە دو هاوڵاتی بریندار دەکات و بەداخەوە دەبێتە هۆی گیانلەدەستدانی یەکێکیان و تۆمەتبار بەخێرایی شوێنی ڕوداوەکە بەجێدەهێڵێت و هەڵدێت."

دەزگای ئاسایش ئاماژەی بەوەشدا "دەستبەجێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگاى سلێمانی گەیشتنە شوێنی ڕوداوەکە، بەبڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەو بەهاوکاری هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لەماوەی کەمتر لە 5 کاتژمێر تۆمەتباری تەقەکەر دەستگیرکراو  ڕوبەڕوی یاسا کرایەوە."

ئەو هاوڵاتیانەی كە تەقەیان لێكراوە گەشتیاری عەرەب بون، ئەوەی گیانی لەدەستداوە وەك لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا دەردەكەوێت، فیشەك بەر سەری كەوتوەو ئەویدیكەیشیان فیشەك بەر قاچی كەوتوە.

بەگوێرەی زانیارییەكان ئەو كەسەی تەقەی كردوە لە روداوەكەدا، برای بەرپرسێكی دژە تیرۆری سەربە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×