كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان گیانلەدەستدانی فەرماندەو سەركردەیەكی حزبەكەیان لە شەڕێكی ئەمڕۆی پێشمەرگەكانیاندا لەگەڵ سوپای پاسداران لەسنوری مەریوان پشتڕاستدەكاتەوە.
ئاوێنە: كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی"بە داخێکی زۆر گرانەوە ئەمڕۆ هاوڕێ ڕێبوار کەریمیان ناسراو بە ڕێبوار داسێران، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و بەرپرسی کۆمیسیۆنی نیزامی لە تێکهەڵچونێک لەگەڵ هێزە داگیرکەرەکانی کۆماری ئیسلامی لە پیرانەکۆن دوای چەندین سەعات شەڕ و خۆڕاگری گیانی ئازیزی بەختکرد."
كۆمەڵە وتوشیەتی، جێگەی ئاماژەیە لە سەعاتی 3ی نیوەشەو تا ئەمڕۆ دوانیوەڕۆ شەڕ بەردەوام بوە و ناوچەکە لە ژێر ئاگری تۆپ و خۆمپارەدایە.
كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان هێمای بۆ ئەوەش كردوە كە دواتر وردەكاریی زیاتر لەوبارەیەوە بڵاودەكەنەوە.