٩٠ خولەک مشتومڕی گەرمی هاریس‌و ترەمپ
  2024-09-12       406       
دۆناڵد ترەمپ - کامالا هاریس

ئا: ئاوێنە

 

یەکەمین دیبەیتی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٤ی نێوان دۆناڵد ترەمپ‌و کامالا هاریس، ١٨٠ پلە جیاواز بوو لەدیبەتی بایدن‌و ترەمپ، هەردوو پاڵێوراوی کۆماریخوازەکان‌و دیموکراتەکان ٩٠ خولەک بەگەرم‌و گوڕی رەخنەی توندیان ئاڕاستەی یەکدی کرد‌.

 

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاو کامالا هاریس، جێگری سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، ئێوارەی سێشەممە، ١٠ / ٢٠ی ئەیلوولی ١٤٠٣، بەشدارییان لەیەکەمین‌ دیبەیتی هەڵبژاردنی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد کە راستەوخۆ لەلایەن کەناڵی ABC News  بەڕێوەچوو. لەم دیبەیتەدا بابەتەکانی ئابوری، لەباربردنی منداڵ، کۆچبەران، سیاسەتی دەرەوەی پەیوەست بەشەڕی ئۆکرانیا، ڕوسیا، چین، ئەفغانستان، ئێران‌و ئیسرائیل تاوتوێ کران.

 

هاریسی تەمەن 59 ساڵ، کە "ئێمە ناگەڕێینەوە بۆ دواوە"ی کردووە بەدروشمی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی، وەک ئاماژەدان بەسیاسەتەکانی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، پشتگیری لەمافی لەباربردنی منداڵ دەکات‌و بەلێنی داوە کۆتایی بەکەمی شوێنی نیشتەجێ بوونیش بهێنێت. هاریس بەدرێژایی مشتومڕەکە بەشێوەیەکی توند هێرشی کردە سەر ترەمپ، چ بەشێوەی زارەکی‌و چ بە بەکارهێنانی زمانی جەستە. رەخنەی لەترامپ گرت لەسەر هێرشی لایەنگرانی بۆ سەر کۆنگرێس، لێپێچینەوەی لەلایەن دادگاوە، خراپی چۆنیەتی بەڕێوەبردنی دۆسیەی Covid-19، پەیوەندییە کەسییەکانی لەگەڵ دیکتاتۆرەکان‌و سەرکردە بیانییەکان‌و سەربازییەکان‌و دانوستانی لەگەڵ تاڵیبان‌و راهاتنی لەسەر درۆو چەواشەکاریی.

 

ترەمپی تەمەن 78 ساڵ، کە "سنورەکانمان بەڕووی کۆچبەراندا دادەخەین"ی کردوەتە دروشمێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکەی‌و بەڵێنی کەمکردنەوەی باج‌و زیادکردنی رێژەی گومرگی لەسەر کاڵای هاوردەکراو بەهەوادارانی داوە، لەچەند بڕگەیەکی ئەم دیبەیتەدا تووڕە دیار بوو، هێرشی کردە سەر ڕکابەرەکەی‌و بەکاندیدێکی "ناشایستەو خراپ"، "مەترسیدار"، "لاواز"و "ڕادیکاڵ"و "مارکسیست" نایبردو هەوڵیدا نیشانی بدات کە سیاسەتەکانی کامیلا هێریس درێژەپێدەری سیاسەتە چەوتەکانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئێستایە.

 

ئێران‌و ئیسرائیل

هاریس‌و ترەمپ لە دیبەیتەکەدا باسیان لەئێران‌و ئیسرائیل کرد. لەوەڵامی ترەمپدا کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد "هاریس ڕقی لەئیسرائیلە"و ئەگەر ببێتە سەرۆک "ئیسرائیل لەناو دەچێت"، هاریس جەختی لەوە کردەوە کە ئەو لایەنگری ئیسرائیلەو پابەندبوونی خۆی بۆ بەرگریکردن لەئیسرائیل‌و بەتایبەتی لە دژی ئێران راگەیاند، ئەو وتی "تەنیا شتێک کە دڵنیاتان دەکەمەوە ئەوەیە هەمیشە توانای بەرگریکردن لەخۆی دەدەم بەئیسرائیل، بەتایبەتی لەدژی ئێران‌و هەر هەڕەشەیەک کە ئێران‌و بریکارەکانی بۆ ئیسرائیل دروستی بکەن".

هاریس هەروەها پابەندبوونی خۆی بەدوو دەوڵەتی ئیسرائیل‌و فەلەستین وەک چارەسەری کێشەکە دووپاتکردەوە، کە بەوتەی خۆی ترەمپ ئەم رێچکەیەی نەگرتوەتەبەر.

لەبەرامبەردا ترەمپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە کابینەکەی بایدن هەموو ئەو سزایانەی بەسەر ئێراندا سەپاندبووی لایبردووەو ئێران لەسەردەمی سەرۆکایەتییەکەی ئەودا مایەپووچ بووە، بەڵام ئێستا وڵاتێکی دەوڵەمەندە، ئەو وتی "ئێران لەسەردەمی سەرۆکایەتیی مندا مایەپووچ بوو، بەڵام ئێستا لەسیایەی سیاسەتی ئیدارەی بایدندا ئێران 300 ملیار دۆلار سەروەت‌و سامانی هەیە، چونکە هەموو ئەو سزایانەی کە من سەپاندم هەڵگیراون. ئێران ئەوکات کە من سەرۆک بووم پارەی بۆ حەماس‌و حزبوڵڵاو هیچ کام لەو ٢٨ گروپە تیرۆریستییەی دیکە پێنەمابوو. ئەوان پارەیان بۆ چالاکییە تیرۆریستیەکان پێنەبوو، مایەپووچ ببوون، بەڵام ئێستا ئێران دەوڵەمەند بووەو پارەکانی بەسەر بریکارەکانیدا دابەش دەکات، سەیری دۆخی حوسییەکان بکەن لەیەمەن‌و بزانن لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چی ڕوودەدات".

ترەمپ هەروەها پێشبینی ئەوەی کرد کە ئیسرائیل لەناو بچێت ئەگەر هاریس بچێتە ناو کۆشکی سپییەوەو وتی "ئەگەر هاریس ببێتە سەرۆک، من باوەڕم وایە کە ئیسرائیل دوو ساڵی تر بوونی نابێت، من زۆر وردم لەپێشبینییەکانمدا".

 

شەڕی ئۆکرانیا

ترامپ بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر ئەو سەرۆکی ئەمەریکا بوایە ئەوا پۆتین ئۆکرانیای داگیر نەدەکرد. هەروەها بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەگەر بگەڕێتەوە کۆشکی سپی، بەخێرایی کۆتایی بەشەڕی ئۆکرانیا دەهێنێت‌، ئەو وتی "ئەمریکا 250 ملیار دۆلاری داوەتە ئۆکرانیا، لەکاتێکدا ناتۆو ئەوروپا پێویستە ئەو پارەیە بدەن".

لەوەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا سەرکەوتنی ئۆکرانیا لەشەڕەکەدا لەبەرژەوەندی ئەمریکادایە یان نا؟ ترەمپ وتی "دەمەوێت کۆتایی بەشەڕەکە بهێنم".

لەلایەکی دیکەوە، هاریس هێرشی کردە سەر پەیوەندییە کەسییەکانی ترەمپ‌و دۆستایەتی‌و پەیوەندی خۆشی لەگەڵ دیکتاتۆرەکان‌و وتی "ترەمپ سەرسامە بەدیکتاتۆرەکان‌و خۆی بەدوای دیکتاتۆرییەتدا دەگەڕێت".

هاریس هەروەها ئاماژەی بەپشتیوانی ترەمپ بۆ پوتین‌و سەرسامی بەلەشکرکێشی پوتین بۆ سەر ئۆکرانیا کرد.

 

دانوستان لەگەڵ تاڵیبان‌و کشانەوە لەئەفغانستان

پرسی کشانەوەی ئەمریکا لەئەفغانستان پرسیارێکی دیکەی مشتومڕەکە بوو، کامالا هاریس ڕایگەیاند کە پشتگیری لەبڕیارەکەی جۆ بایدن دەکات بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەئەفغانستان‌و ترەمپی بەوە تۆمەتبار کرد کە لەسەر مێزی دانوستان لەگەڵ تاڵیبان دانیشتووە هەرجەندە بەگروپێکی تیرۆریستی ناوی بردووەو سەرکردەکانی تاڵیبانی هێناوەتە کامپ دێڤد، کە بەوتەی هاریس ئەو شوێنە "هێمای بەها دیموکراسیەکانی ئەمریکایە". وتیشی "ترەمپ بەبێ بەشداریپێکردنی حکومەتی ئەوکاتەی ئەفغانستان دانوستانی لەگەڵ تاڵیبان کردووە".

لەبەرامبەردا ترەمپ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکای لەئەفغانستان بە"ترسناکترین‌و ریسواترین کشانەوەی سەربازیی لەمێژوودا" ناوبردو وتی "هۆکاری دانوستان لەگەڵ تاڵیبان ئەوە بوو کە تاڵیبان لەو کاتەدا زۆرێک لەسەربازەکانی ئەمەریکایان کردبووە ئامانج".

 

سیاسەتی ناوخۆ

لەبواری سیاسەتی ناوخۆدا، ئابوری یەکەم تەوەر بوو کە لەدیبەیتەکەدا باسی لێوەکراو هیچ کام لەکاندیدەکان پلانێکی نوێی ئابورییان نەخستەڕوو، هەردووکیان باسی پلانی پێشوویان کرد. کێشە ئابورییەکان‌و بەرزی تێچووی ژیان لەسەردەمی دوای پەتای کۆرۆنادا بەردەوامن‌و فشارێکی زۆر لەسەر خێزانە ئەمریکییەکان دروست دەکەن. هەرچەندە پرسیاری تایبەت سەبارەت بەتێچووی ژیان وروژێندرا، بەڵام هیچ کام لەکاندیدەکان باسی ئەو پرسەیان نەکرد.

کامالا هاریس ئاماژەی بەپێشینەی چینی ناوەڕاستی خۆی کردو وتی "چینی ناوەندو چینی کرێکار بۆ ئەو مانای زۆرە".

ئاماژەی بەکەمیی خانووبەرە کردو پێشنیاری کەمکردنەوەی باجەکانی بۆ خێزانەکانی سەر بەچینی ناوەند کرد. هاریس وتی "پشتگیری لەبزنسە بچووکەکان دەکەم". بەڵام پلانێکی تایبەتی پێشکەش نەکرد بۆ ئەو کارە جگە لەکەمکردنەوەی باج. هەروەها پلانێکی پێشنیار نەکرد بۆ باج خستنە سەر ملیاردێرو کۆمپانیاکان.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا ڕایگەیاند باجی زیاتر لەسەر بەرهەمەکانی وڵاتانی دیکە دەسەپێنن، بەتایبەتی چین‌، ئەو وتی "ئەمەریکا لەسەردەمی سەرۆکایەتی مندا ملیارەها دۆلاریان لەچین سەند لەڕێگەی سەپاندنی باج‌و گومرکەوە".

ترەمپ پرسی ئابوری گەیاندە کۆچبەران‌و ڕایگەیاند کە "کۆچبەران هەلی کار لەئەمریکییەکان دەڕفێنن، بەملیۆنەها کۆچبەر لەزیندان‌و دامەزراوە دەروونییەکان‌و پەناگەی شێتەکانی وڵاتانەوە دەڕژێنە ناو وڵاتەکەمانەوە، ئەوان دێنە ژوورەوەو ئەو کارانە وەردەگرن کە ئەمەریکییەکان پێویستە ئەنجامی بدەن".

لەبەشێکی دیکەی مشتومڕەکەدا، دۆناڵد ترەمپ دیسانەوە بانگەشەی ئەوەی کرد کە کۆچبەران لە"ئۆهایۆ سەگ‌و پشیلەی ماڵی دەخۆن، لەسپرینگفیڵد، کۆچبەران سەگ دەخۆن، سەگ‌و پشیلەو ئاژەڵی ماڵە دراوسێکانیان دەدزن‌و لێیدەنێنن‌و دەیخۆن، ئەمەی لەوڵاتی ئێمەدا ڕوودەدات‌ مایەی شەرمەزارییە".

هاریس لەهێرشکردنە سەر ترەمپدا وتی "دۆناڵد ترەمپ خراپترین ڕێژەی بێکاری لەدوای کارەساتی ئابوریی گەورەوە بەجێهێشتووە. خراپترین پەتای تەندروستی گشتی لەماوەی سەدەیەکدا بۆ هێناین. خراپترین هێرشی بۆ سەر دیموکراسیمان لەدوای شەڕی ناوخۆوە هێنایە ئاراوە. ئێمە هەوڵ دەدەین گەندەڵییەکانی سەردەمی ئەو پاک بکەینەوە. من بە توندی باوەڕم وایە کە گەلی ئەمریکا پێویستی بەسەرۆکێکە کە لەگرنگی کۆکردنەوەی میللەت تێبگات‌و دان بەوەدا بنێت خاڵە هاوبەشەکانمان زۆر لەجیاوازییەکانمان زیاترن".

لەبەشێک لەمشتومڕە ئابورییەکەدا، ترەمپ هاریسی تۆمەتبار کرد بەوەی کە مەیلی مارکسیستی هەیەو باوکیشی مارکسی بووە.

 

لەباربردنی منداڵ

پشتگیریی کردنی هاریس لە پرسی لەباربردنی منداڵ یەکێکە لەو بابەتانەی کە بەخاڵی بەهێزی ئەو دادەنرێت. ناوبراو بەتوندی ڕەخنەی لەترەمپ گرت سەبارەت بەسنووردارکردنی لەباربردنی منداڵ.

میوانداری دیبەیتەکە سەرەتا پرسیاری لەترەمپ کرد کە ڕای تۆ چییە لەسەر ئەم بابەتە؟

ترەمپ وەڵامەکەی بەوە دەستپێکرد کە "دیموکراتەکان ڕێگە بەکۆتاییهێنان بەحاڵەتی دووگیانی "لە مانگی نۆیەمدا"و لەباربردنی منداڵ دەدەن".

ئاماژەی بەوەشکرد کە دیموکراتەکان "ڕادیکاڵن" لەسەر ئەو پرسەو بانگەشەی ئەوەیان کردووە کە جێگرەکەی هاریس، تیم وۆڵز، لایەنگری لەباربردنی منداڵە لەمانگی نۆیەمدا.

ترەمپ لەدرێژەی قسەکانیدا وتی "لەگەڵ لەباربردنی منداڵدام لەو حاڵەتانەی کە دووگیانییەکە لەئەنجامی توندوتیژی خێزانی یان لاقەکردنی سێکسییەوە بووبێت".

لەوەڵامی پرسیاری لەباربردنی منداڵدا، خاتوو هاریس ڕایگەیاند ئەو سێ دادوەرەی لەسەردەمی سەرۆکایەتی ترەمپدا چوونەتە ناو دادگای باڵای ئەمریکا، ئەوانەن کە دوو ساڵ لەمەوبەر یاسای لەباربردنی منداڵی فیدراڵییان هەڵوەشاندەوە.

وتی "چەندین ویلایەت یاسایان دەرکردووە لەسەر بنەمای هەڵوەشاندنەوەی یاسای ئازادی لەباربردنی منداڵ، تەنانەت لەباربردنی منداڵ لەو ژنانەش قەدەغە کراوە کە دەستدرێژییان کراوەتە سەرو لەباربردنەکە بە"نایاسایی" دادەنرێت‌و ئەو مافە لەژنی دووگیان زەوت دەکرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×