هەموو حزبە کوردییەکان جەغت دەکەن کە بەلایانەوە گرنگە ژنان لەپرۆسەی دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا بەشدار بن
ئا: پەیام نەجمەدین
ژنانی بەربژێر لەپارێزگای هەڵەبجە بەژمارە زۆر نین، حزبەکان تەنها ژمارە یاساییەکەیان پڕ کردووەتەوە، ئەمەش وادەکات زۆربەی هەرە زۆریان بەسیستەمی کۆتا ببنە ئەندامی پەرلەمان، بەرپرسی حزبە ئیسلامیەکان دەڵێن "هەندێک لایەن هەرچەندە بانگەشە بۆ مافی ژن دەکەنو خۆیان بەپێشکەوتنخوازیش دەزانن، بەڵام سەبارەت بە بەشداری کاری ژنان لەدواوەن، ئیسلامییەکان بۆ بەربژێرکردنی ژنان لەپێش هەموو حزبەکانەوەن".
"بەشێکی زۆر لەلایەنە سیاسییەکان ژنیان تەنها بۆ نمایشو کۆکردنەوەی دەنگ دەوێتو بەشێکی بەربژێرە ژنەکانیش لەسەر بنەمای جوانی دادەنرێن". ئەمە قسەی ئاواز ساڵح، بەربژێری بەرەی هەڵوێستە.
ئاواز لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ پەیامنێری ئاوێنە، ئاماژە بەوە دەکات بەربژێر بوون لەکوردستاندا بۆ ژنان کارێکی ئاسان نییە، چونکە لەگەڵ بەربژێر بوونیان، تۆمەتو ناوزڕاندنیان دەستپێدەکات، ئەو وتی "هەندێک کات کار دەگاتە بڵاوکردنەوەی وێنەو ڤیدیۆی نەشیاو ساختە بۆ بەربژێرەکان، دیارە ئەمە بۆ کاندیدە پیاوەکانیش قورسە، بەڵام بۆ ژن قورسترەو زۆرتر لەسەری دەکەوێت".
وتیشی "کێشەیەکی تر ئەوەیە زۆربەی ژنان دەنگ بە بەربژێرە ژنەکان نادەن، لەبەرئەوەی بەشێکی بەرچاوی ژنان خوویان داوەتە کۆمەڵێک شتی لاوەکی وەک خۆنمایشکردنو جوانکارییو هەوڵنادەن بۆ خۆڕۆشنبیرکردنو کارکردن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان".
بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق نابێت کورسی ژنان لەئەنجومەنی نوێنەران 25% کەمتر بێت، ئەم رێسایە هەم لەپەرلەمانی عێراقو هەم لەپەرلەمانی هەرێمی کوردستان پەیڕەو دەکرێت.
بۆ ئەم هەڵبژاردنە پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر ئاستی هەرێم ١٩٠ بەربژێری هەیە، لەپارێزگای سلێمانی لەکۆی ٧٢ بەربژێر ٢٣یان ژنن، بەڵام لەپارێزگای هەڵەبجە ٦ بەربژێری هەیە تەنها ٢یان ژنن.
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لەسەر ئاستی کوردستان ٧١ بەربژێری هەیە، لەپارێزگای سلێمانی ٢٢ بەربژێرنو ٨یان ژنە، بەڵام لەپارێزگای هەڵەبجە لە٦ بەربژێر ٣یان ژنە.
کۆمەڵی دادگەری کوردستان لەسەر ئاستی کوردستان ٥٩ بەربژێری هەیە، لەپارێزگای سلێمانی لەکۆی ٣٢ بەربژێر١١یان ژنن، بەڵام لەپارێزگای هەڵەبجە لەکۆی ٥ بەربژێر ٣یانیان ژنن.
ڕەوتی هەڵوێست لسەر ئاستی کوردستان ٧٤ بەربژێری هەیە، لە٤٣ بەربژێری پارێزگای سلێمانی ١٣بەربژێر ژنن، بەڵام لەکۆی ٣ بەربژێری پارێزگای هەڵەبجە ١یان ژنە.
یەکێتی نیشتیمانی کورستانیش لەسەر ئاستی کوردستان ١٧٢ بەربژێری هەیە، لەپارێزگای سلێمانی لە٣٠ بەربژێر ١٠یان ژنە، بەڵام لەهەڵەبجە لە ٦ بەربژێر ٢یان ژنە.
نەوەی نوێ لەسەر ئاستی کوردستان، ١٢١ بەربژێری هەیە، لەهەڵەبجە لە٤ بەربژێر ٢یان ژنە.
ژنە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لانە محەمەد بەئاوێنەی وت "حزبەکان ناچارن پشتگیری لەئافرەتەکان بکەن لەبەرئەوەی مافێکی دەستوریە، هەر حزبێک لیستی کاندیدانی بنێرێت بۆ کۆمسیۆن بەبێ بونی ناوی ئافرەت لەلیستەکەیدا وەرناگیرێ، هەتا حزب مەدەنیتر بێت، کراوەتربێت، بێ کێشەتردەبێت لەگەڵ کاری مەدەنی پشتیوانی بۆ کاندیدیانی ئافرەتانی زۆرتر دەبێت".
وتیشی "هەر لەئاستی جیهانیشدا ژنان کەمتر سەرقاڵی کاری سیاسین، بەهۆکاری ئەوەی هەندێکجار لەوانەیە ئافرەت خۆشی هۆکارێک بێت کە کەمترین حەزو خولیای هەبێت بۆ خۆپێگەیاندن، هۆکارێکی تریش سەرقاڵ بونی ئافرەتە بەکاروباری ژیانی ڕۆژانەو ناوماڵ، بۆیە ژنان سیستەمی کۆتایان پێ قبوڵە، لەبەرئەوەی ئەستەمە بێ ئەو سیستەمە ئەو رێژەیە لەژنان بچنە پەرلەمانەوە".
پشکی پارێزگای سلێمانی لە١٠٠ کورسیەکەی پەرلەمان ٣٨ کورسییەو پارێزگای هەڵەبجەش ٣ کورسییە، کۆی ژمارەی دەنگدەرانی سلێمانی ملیۆنێکو ٨٧ هەزار کەسەو کۆی دەنگدەرانی پارێزگای هەڵەبجەش ٦٠ هەزارو ٢٥٢ کەسە.
روپاک ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمان لەخولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە دوای دەرچوونی ژنان بۆ پەرلەمان، لەپەرلەمان بەبێ جیاوازی لەلیژنەکان دادەنرێنو دەتوانن ئەدای خۆیان بکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "ڕێژەی کۆتا کەمتەرخەمییەک دروست دەکات لەنێو کۆمەڵگە، کە دەڵێن مادەم کۆتا هەیە، ژن هەر بەکۆتا دەڕوات، بەڵام لەڕاستیدا ژنان دەبێت خواستی ئەوەیان هەبێت بەدەنگی خۆیان بڕۆن نەک کۆتا".
چالاکوانانی بواری ژنان پێیانوایە رێکخراوەکانی ژن ڕۆڵو کاریگەرییان هەبووە لەئامادەکردنی ژنان بۆ پەرلەمان.
هەڵاڵە محەمەد، چالاکوانی بواری ژنان ئەوە رووندەکاتەوە کە رێکخراوەکانی ژنان تا رادەیەک کاریگەرییان هەبووە لەسەر ژنانو بەشێک لەو ژنانەی چونەتە پەرلەمان لەڕێکخراوەکانەوە چوون، ئەو وتی "بەڵام بەداخەوە لەئاستی پێویستدا نەیانتوانیوە ژنان هۆشیار بکەنەوە تاوەکو دەنگ بدەن بەژنێکو بچێتە پەرلەمان".
وتیشی "کولتورو دابونەریتی کۆمەڵگە هۆکارێکی سەرەکییە وایکردووە پیاوان زیاتر دەنگیان هەبێت لەژنانو لەکاتی بانگەشەکاندا ئەوەندەی بانگەشە بۆ پیاوان دەکرێت لەلایەن پارتە سیاسیەکانەوە بۆ ژنان ناکرێت، هاوکات نەبوونی سەرکردەی ژن لەسەرکردایەتی حزبەکاندا هۆکارێکی ترە، هەتا ئەم لەمپەرانە هەبن ژنان ئەو چانسەیەیان نابێت بەدەنگی خۆیان بەم رێژەیەی دیاریکراوە بچنە پەرلەمان".
هەموو حزبە کوردییەکان بەنەتەوەییو ئیسلامیو چەپو راستیانەوە، جەغت لەسەر ئەوە دەکەن کە بەلایانەوە گرنگە ژنان لەپرۆسەی دروستکردنی بڕیاری سیاسیدا لەهەموو ئاستێکدا بەشدار بن، بەڵام لەهەڵەبجە وەک دەردەکەوێت دوو حزبە ئیسلامییە سەرەکیەکەی کوردستان کۆمەڵو یەکگرتوو، لەڕووی چەندایەتییەوە زیاتر لەعزبەکانی تر گرنگییان بەژنانو ئافرەتان داوە.
مستەفا عەبدوڵا، کارگێڕی ئەنجومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی بەئاوێنەی وت "یەکگتوو بەگرنگیەوە دەڕوانێتە کاری پەروەردەییو سیاسیو پەرلەمانی ژن، لەبەرئەوەی ژنو پیاو وەک یەک بەرپرسیارێتییان لەسەر شانە لەئیسلامدا، یەکگرتوو کاری لەسەر ئەو پرسە کردووەو زۆربەی ئۆرگانەکانی حزبیش ژن بەشدارەو بوونی هەیە".
وتیشی "کەمی بەربژێری ژن لەهەڵبژاردندا پەیوەندی بەپێشکەوتنی کۆمەڵگەو لایەنە سیاسیەکانەوە هەیە، لایەنی سیاسی وا هەیە تائێستا دیدی بۆ کاری ئافرەت داخراوەو نەکراوەتەوە، هەندێک لایەنیش هەرچەندە بانگەشە بۆ مافی ژن دەکەنو خۆشیان بەپێشکەوتنخواز دەزانن، بەڵام سەبارەت بە بەشداری کاری ژنان لەدواوەن، یەکگرتوو لەو بابەتەو بۆ بەربژێر کردنی ژنان لەپێش هەموو حزبەکانەوەیە".
هەروەها بێگەرد عەتا حەمەڕەشید، بەرپرسی کاروباری یاسایی مەکتەبی هەڵبژاردنی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان بەئاوێنەی وت "کۆمەڵی دادگەری زیاتر لەهەموو لایەنیکی سیاسی متمانەی بەو ژنانە هەیە کە لەناو کۆمەڵی دادگەریدا کاردەکەنو بۆ هەڵبژاردنیش کار بۆ بەربژێرە ژنەکانمان وەک پیاوەکانمان دەکەین".
حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەیەکی بۆ پاراستنی ژنانی بەربژێر پێکهێناوەو ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بکەری هەر تاوانێک دەگرێتە بەر.
د.خانزاد ئەحمەد، ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمانو گەشەپێدان ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسن لەپاراستنی هەموو پاڵێوراوەکان بەبێ جیاوازی، بۆ نمونە هەر کێشەیەک بۆ پاڵێوراویکی ژن یان پیاو دروست ببێت، دامودەزگای حکومەت بەهاوکاری کۆمسیۆن هەوڵی چارەسەرکردنی دەدەن، ئەو بەئاوێنەی وت "پاڵێوراوە ژنەکان لەکاتی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردندا بەرەو ڕووی کۆمەڵێک ئاستەنگی دەبنەوە تەنها لەبەر ئەوەی ژنن، لەچوارچێوەی فەراهەمکردنی زەمینەیەکی لەبارو لەپێناو فراوانکردنی بازنەی بەشداری ژنان لەهەڵبژاردنەکاندا، ئێمە لەگەڵ نوێنەری بەشێک لەپارتە سیاسیەکانو ڕێکخراوەکان کۆبووینەوە لەفەزایەکی ئازاد باسمان لەو کێشانەو چارەسەرکردنی کرد، یەکێک لەچارەسەرەکان دانانی میکانیزمێکی حکومی بوو بۆ پاراستنی کاندیدانی ژن لەسەر ئەو بنەمایە لیژنەیەک لەلایەنە پەیوەندیدارەکان پێکدێت بۆ پاراستنو وەڵامدانەوەو بەدواداچوونی هەر هەڕەشەو ناوزڕاندنو سوکایەتی پێکردنێک، دەستبەجێ ڕێکاری یاسایی بەرامبەر بکەرەکان دەگرێتە بەر".
وتیشی "ئێمە لەحکومەت کار دەکەین بۆ ڕەخساندنی زەمینەیەکی لەبار بۆ ئەوەی پاڵێوراوانی ژنیش وەک هاوتا پیاوەکانیان بتوانن بەبێ هیچ جیاوازییەک هەڵمەتی هەڵبژاردنی خۆیان بەڕێوە ببەنو دەنگ بۆخۆیان کۆ بکەنەوە".
کورسییە گشتییەکانی پەرلەمانی کوردستان ٩٥ کورسییە (جگە لە ٥ کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکان)، بەسەر ٤ پارێزگادا دابەشکراون:، هەولێر ٣٢ کورسی، سلێمانی ٣٦ کورسی، دهۆک ٢٤ کورسی، هەڵەبجە ٣ کورسی.
دابەشکردنی ٥ کورسییەکەی کۆتای پێکهاتەکانیش، بەمجۆرەیە: هەولێر دوو کورسی، سلێمانی دوو کورسی، دهۆک یەک کورسی.
وا بڕیارە هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، ڕۆژی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ بەسەرپەرشتی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەڕێوەبچێت.
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.