یه‌ک شه‌ممه‌, 12 ی کانونی دووه‌م , 2025
وه‌فدی‌ هه‌رێم بۆ پرسی موچە دەچێتەوه‌ بەغدا.. چاره‌نوسی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 7 نادیاره‌
  2024-08-27       913       
تائێستا وه‌زاره‌تی‌ دارایی هه‌رێم‌و عێراق به‌ڕه‌سمی‌ هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كیان نه‌داوه‌ له‌باره‌ی‌ هۆكاره‌كانی‌ نه‌ناردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 7

وه‌فدێکی وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێمی کوردستان،بۆ پرسی موچە دەچێتەوه‌ بەغدا، ئه‌مڕۆ وەزارەتی دارایی عێراق بڕی‌ 550 ملیار دیناری بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 8 خەرجکرد، ئه‌وه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌ موچه‌خۆران موچه‌ی‌ مانگی‌ 7یان وه‌رنه‌گرتووه‌.

ئاوێنه‌: له‌كاتێكدا حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و موچه‌خۆران له‌چاوه‌ڕوانی‌ گه‌یشتنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 7 (ته‌مموز)دا بون، به‌ڵام ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، وەزارەتی دارایی عێراق بڕی‌ 550 ملیار دیناری بۆ موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ مانگی 8 (ئاب) خەرجکرد. 

موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان تائێستا موچه‌ی‌ مانگی‌ 7یان وه‌رنه‌گرتووه‌و دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 6 (حوزه‌یران) زیاتر له‌ 50 ڕۆژی‌ به‌سه‌ردا تێپه‌ریوه‌.

تائێستا وه‌زاره‌تی‌ دارایی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و وەزارەتی دارایی عێراق به‌ڕه‌سمی‌ هیچ ڕونكردنه‌وه‌یه‌كیان نه‌داوه‌ له‌باره‌ی‌ هۆكاره‌كانی‌ نه‌ناردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 7.

ئاوێنه‌ چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندیكرد به‌هونه‌ر جه‌مال، وته‌بێژی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، به‌ڵام وه‌ڵامی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نه‌دایه‌وه‌.

بڕیاری‌ خه‌رجكردنی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 8، چاره‌نوسی‌ موچه‌ی‌ مانگی‌ 7ـی‌ موچه‌خۆرانی‌ هه‌رێم به‌نادیاری‌ هێشتۆته‌وه‌.

بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق هێنده‌ كتوپڕو شۆكهێنه‌ر بو بۆ هه‌مو لایه‌ك، ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتارو نوێنه‌رانی‌ كوردیش له‌به‌غدا له‌ 20 ڕۆژی‌ ڕابردودا كاتێك ده‌یان لێدوان‌و چاوپێكه‌وتنیان له‌باره‌ی‌ هۆكاره‌كانی‌ دواكه‌وتنی‌ موچه‌ ده‌دا، بێئاگابون له‌بڕیارێكی‌ له‌و جۆره‌ی‌ ته‌یف سامی‌، وه‌زیری‌ دارایی عێراق‌.

له‌باره‌ی‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان وه‌ك لیژنه‌ی‌ دارایی پێشوه‌خته‌ ئاگاداربون له‌بڕیاره‌كه‌ی‌ ئه‌مڕۆی‌ وه‌زاره‌تی‌ دارایی عێراق، ئاوێنه‌ چه‌ند جارێك په‌یوه‌ندیكرد به‌نه‌رمین مه‌عروف، ئه‌ندامی‌ كوردی‌ لیژنه‌ی‌ دارایی عێراق، به‌ڵام وه‌ڵامی‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی‌ نه‌دایه‌وه‌.

له‌لایه‌كی‌ دیكه‌وه‌ میدیای‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بڵاویكردۆته‌وه‌، وه‌فدێکی وەزارەتی دارایی‌و ئابوری هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی موچە بەرەو بەغدا بەڕێكەوتووه‌.

بڕیاره‌ وه‌فدەکە لەبەغدا لەگەڵ وەزیری دەرەوە، وەزیری دارایی‌و بەڕێوەبەری ژمێرکاری وەزارەت‌و دیوانی چاودێری دارایی عێراق، لەسەر هۆکاری ناردنی موچەی مانگی 8 لەبری مانگی 7 گفتوگۆ چارەسەری یەکجاری پرسی موچە دەکەن.

لای‌ خۆیه‌وه‌ عه‌لی‌ حه‌مه‌ساڵح، ئه‌ندامی‌ پێشوی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت، ئەو 550 ملیار دیناره‌ی‌ به‌غدا ناردویه‌تی‌، بۆ خانەنشین‌و فەرمانبەری مەدەنی مانگی (هەشتە)و بڕیارە هی سەربازیش بنێرێت.

ده‌شڵێت، "بۆ مانگی (حەوت) عێراق وتویەتی: لەمانگی (دوو) بۆ (شەش) زیادەتان وەرگرتوە، ئەوە لەبری مانگی (حەوت). بڕیارە بۆ ئەم پرسە هەردو وەزارەتی دارایی بەغداو هەرێم کۆببنەوە… بەیەکلاکردنەوەی مانگی حەوت."
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×