پەرلەمانتارێكی پارتی: هەندێك لایەنی سیاسیی هەرێم هۆكاری دواكەوتنی موچەی فەرمانبەرانن
  2024-08-22       520       

شێروان دوبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی پێی وایە نەناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە سیاسییە و دەشڵێت: چەند لە هەڵبژاردن نزیك ببینەوە، هەندێک لایەنی سیاسیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە بەغدا کێشە بۆ موچە دروست دەکەن.

ئاوێنە:شێروان دوبەردانی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكدا بە میدیای حزبەكەی وتوە"نەناردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە سیاسییە."

وتیشی"چەند لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیک ببینەوە، هەندێک لایەنی سیاسی کوردستان لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان لە بەغدا کێشە بۆ موچە دروست دەکەن."

ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە بەدواداچونمان کردوە، نەناردنی موچەی مانگی تەمموز کە ئێستا لەکۆتاییەکانی مانگی ئابداین، فشارێکی سیاسییە لەسەر حکومەت و پارتی."

وتیشی: "لەکۆبونەوەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوی نێوان لیژنەی دارایی و وەزیری دارایی، تەیف سامی وەزیری دارایی ئەوکات بەڵێنی دا ڕۆژی پێنجشەممە پارە ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، بەڵام بەداخەوە فشاری سیاسیی لەسەر تەیف سامی هەیە بۆیە تاوەکو ئێستا موچە ڕەوانە نەکراوە. هەروەها سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرپرسە لەوە، چونکە یەکەم کەسە ئیمزای لەسەر ڕەوانەکردنی موچەی فەرمانبەرانی کوردستان کردوە."

شێروان دوبەردانی وتوشیەتی"لەسەر ئاستی عێراق وەزارەتی دارایی بەردەوام وردبینی بۆ لیستی موچە خۆرانی عێراقی دەکات، بەڵام موچە ڕاناگیرێت."

ئاماژەی بەوەشداوە "ئەگەر باس لە زیادبونی ناوی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکەن، با لەسەر لیستی مانگەکانی پێشو کە خۆیان پەسەندیان کردوە بینێرن، ناکرێت ملیۆنێک و 200 هەزار فەرمانبەر بکرێتە قوربانی چەند هەزار کەسێک."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×