بەرەی توركمانی لە كەركوك: تا سكاڵاكەمان لە دادگا یەكلایی نەبێتەوە هیچ هەنگاوێك نانێین
  2024-08-21       292       

فراكسیونی به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ رایگه‌یاند، له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوكه‌وه‌ بانگهێشت كراون بۆ كۆبونه‌وه‌ له‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌دا كه‌ پشوه‌، ده‌شڵێت: "ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ درێژكراوه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی هۆتێل ره‌شیدی‌ به‌غدایه‌ و تا سكاڵاكه‌مان له‌ دادگا یه‌كلانه‌بێته‌وه‌ هیچ هه‌نگاوێك نانێین".

ئاوێنە: فراكسیۆنی به‌ره‌ی توركمانی یه‌كگرتو راگه‌یه‌ندراوێكی‌ بڵاوكرده‌وه‌ و تیایدا ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ "سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی‌ پارێزگای‌ كه‌ركوك ئه‌ندامه‌كانی ئاگاداركردوه‌ته‌وه‌ بۆ ئاماده‌بون له‌ كۆبونه‌وه‌ی‌ رۆژی‌ شه‌ممه‌ 2024/8/24 كه‌ پشوی فه‌رمییه‌".

به‌ره‌ی توركمانی وتوشیەتی"ئه‌و كۆبونه‌وه‌یه‌ درێژكراوه‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌ی هۆتێل ره‌شیدی‌ به‌غدایه‌ و بۆ ته‌واوكردنی‌ ئه‌و پێشێلكارییانه‌یه‌ كه‌ ده‌ستیان پێكردوه‌".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕو "له‌ كارنامه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌دا داوا له‌ پێكهاته‌ی توركمان كراوه‌، كاندیدی خۆیان بۆ پۆسته‌كان پێشكه‌ش بكه‌ن به‌مه‌به‌ستی په‌سه‌ندكردنیان له‌ ئه‌نجومه‌ن".

به‌ره‌ی‌ توركمانی‌ جەختیكردۆتوە كە "بۆ سه‌رۆكایه‌تی‌ ئه‌نجومه‌ن دوپاتیده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ره‌ی توركمانی تاكه‌ نوێنه‌ری پێكهاته‌ی توركمانه‌ كه‌ مافی‌ پێشكه‌شكردنی‌ ناوی‌ هه‌یه‌".

راشیگه‌یاندوه‌ كه‌ سكاڵای یاساییان له‌سه‌ر دانیشتنی شه‌وی 10ی ئه‌م مانگه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له‌ به‌غدا هه‌یه‌ و تا سكاڵاكه‌یان له‌ دادگا یه‌كلانه‌بێته‌وه‌ هیچ هه‌نگاوێك نانێین.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×