سەرۆك كۆمارو بارزانی جەخت لە گفتوگۆی جددی نێوان هەولێرو بەغدا دەكەنەوە بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان
  2024-07-04       213       

د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق و مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی لە بەغدا كۆبونەوەو جەختیان لە گرنگی گفتوگۆی کارا و جددی لەنێوان بەغداو هەولێر كردەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستور و یاسا.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئەمڕۆ پێنجشەممە، د. لەتیف رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق لە کۆشکی بەغداد میوانداری کۆبونەوەیەکی لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد، کە ژمارەیەك لە سەرکردەی هێزە سیاسییەکان ئامادەیبون.

سەرۆكایەتی كۆمار وتویەتی، بەر لەو کۆبونەوە فراوانە، سەرۆك کۆمار دیدارێکی دوقۆڵی لەگەڵ مەسعود بارزانی ئەنجامداو ئاماژەی کرد بۆ "گرنگی سەردانەکەی لە پێشخستنی گفتوگۆی بنیاتنەرانە لەنێوان هێزە نیشتمانییەکان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری. هاوکات هیوای خواست دەرئەنجامەکانی سەردانەکە خزمەت بە عێراقییەکان بکات."

بەپێی راگەیەندراوەكە، لەمیانی دیدارە دوقۆڵییەکەدا، جەخت لەسەر "گرنگی گفتوگۆی کارا و جددی لەنێوان حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان کرایەوە بۆ یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکان بەگوێرەی دەستور و یاسا، بەشێوەیەك کە مافەکانی هاوڵاتیان زامن بکات و ژیانێکی شکۆمەندانەیان بۆ مسۆگەربکات." و "هەروەها جەخت لە گرنگی بەهێزکردنی یەکڕیزی نیشتمانی کرایەوە لەپێناو بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی هاوڵاتیان و گرنگیدان بە باشترکردنی بارودۆخی ژیان و خزمەتگوزارییەکان."

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، دواتر سەرۆك کۆمار میوانداری کۆبونەوەیەکی کرد لەگەڵ مەسعود بارزانی، کە ژمارەیەك لە سەرکردەی هێزە سیاسییەکان ئامادەی بون.

لەو كۆبونەوەیەدا سەرۆك کۆمار "ستایشی پەیوەندی ئەرێنی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و بەرەوپێشچونی کرد، هیوای خواست هەمو پرسە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەربکرێن بەتایبەت ئەوانەی پەیوەستن بە بودجەی دارایی و دەرکردنی یاسای نەوت و غاز و جێبەجێکردنی مادەی 140ی دەستور."

هەر لە كۆبونەكەدا د.لەتیف رەشید ئاماژەی بە "گرنگی هاوئاهەنگی و راوێژی نێوان هێزە سیاسییەکان کرد سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان، لەوانە بڕیاری مانەوە یان نەمانەوەی  هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی، هەروەها بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان (یونامی) لە عێراق و داڕشتنی پەیوەندی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتوەکان، سەرەڕای دۆسێیەکانی پەیوەندی دەرەکی و پێشێلکارییە ئەمنییەکان و ئەو کارانەی سەروەریی عێراق پێشێل دەکەن."

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆمار، لای خۆیەوە مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەدا، کە "ئامانجی سەردانەکەی بۆ بەغدا بەهێزکردنی پەیوەندی و هاریکاری نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و یەکلاکردنەوەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانە بۆ خزمەتی هاوڵاتیان." و وتیشی"پەیوەندی نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان ئەرێنییەو بەئاڕاستەیەکی دروستدا دەڕوات، هەروەها جەختی لە پاڵپشتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا و هاوئاهەنگی و کاری هاوبەش بۆ یەکلاکردنەوەی سەرجەم دۆسیەکان لەپێناو بەدیهێنانی خواستی رۆڵەکانی گەل."

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، بەپێی راگەیەندراوەكە "جەخت لەسەر گرنگی جێبەجێکردنی شایستە نیشتمانییەکان کرایەوە لە هەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئەنجومەنی نوێنەران و بەهێزکردنی دامەزراوەی یاسادانان و رۆڵی گرنگی لە دەرکردنی یاسا و پرۆسەی چاودێریکردن."و هەروەها "تیشکخرایەسەر بارودۆخی گشتی عێراق و پێشهاتە سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتییەکان، جگە لە پێشهاتەکانی ناوچەکە و جیهان و کاریگەرییەکانیان لەسەر وڵات، لەم چوارچێوەیەشدا گرنگی بەهێزکردنی هاریکاری و هاوئاهەنگی نێوان هێزە سیاسییەکان و کارکردن لەسەر چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان، دوپاتکرایەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×