ئایا دواى جەژن، هەناردەى نەوت دەستپێدەکاتەوە؟
  2024-06-16       1562       
هەرێمى کوردستان بە ٣٠ دۆلار نەوتەکەى هەڕاج دەکات

ئا: وریا حسێن

 

نزیکەى ساڵێک‌و سێ مانگە بۆرى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ تورکیا بەووشکى ماوەتەوە چاوەڕوانى بڕیاریک دەکات، بەڵام کۆبونەوەکان هێشتا ئەو بڕیارەیان لێنەکەوتووەتەوە دووبارە نەوت هەناردە بکرێتەوە.

 

بەگوێرەى دوا کۆبونەوە لەڕێکەوتى ٨و ٩ حوزەیران لەنێوان نوێنەرى کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى نەوت و وەزارەتى نەوتى عێراقى کرا، تەنها ئەوە لەکۆبونەوەکە دزەی کرد لەزارى وەزیرى نەوتى عێراقیەوە حەیان عەبدولغەنى "کەوا پێشکەوتن لەکۆبونەوەکان هەبووە، ئەگەری هەیە لەڕۆژانى ئایندە بگەینە ڕێکەوتن بۆ هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان بۆ بازاڕەکانى جیهان".

مایڵز کینگز، ووتەبێژى کۆمپانیاى ئەپیکۆر کە خاوەنى زۆرینەى بەرهەمى نەوتى کوردستان‌و پێکاهاتووە لەپێنج کۆمپانیاى سەرەکى کار لەنەوتى هەرێمى کوردستان دەکەن، تەنها هەواڵى ئەوەى بە ئاوێنە دا کەوا بەشدارى کۆبونەوەکەی بەغدایان کردووەو جەختى لەسەر ئەوەکردووە، لەئایندەدا بەفەرمى لەسەر ئەنجامى کۆبونەوەکان قسە دەکەن، ئەو بەئاوێنەی وت "لەئێستادا لێدوانیان لەو بارەیەوە ڕاگرتووە".

پێدەچێت، هەموان چاوەڕوانى کۆبونەوەکانى دواى جەژن بن، چونکە بریارە کۆبونەوەکان لەبارەى ئەم پرسەوە یەکلایکەرەوە بن، حکومەتى هەرێمى کوردستانیش بۆ یەکەمجار بەفەرمى ڕایگەیاند "با کۆمپانیاى سۆمۆ نەوتى هەرێمى کوردستان هەناردە بکات".

سەرۆکى پێشووى لیژنەى سامانە سروشتیەکانى پەرلەمانى کوردستان، شێرکۆ جەودەت ئاگادار لەدانوستانەکانى بەغداد سەبارەت بەپرسى هەناردەکردنەوەى نەوت، بڕواى وایە عێراق‌و کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانى نەوتى کوردستان نزیکن لەڕێکەوتنێک بۆ هەناردە کردنەوەى نەوت لەسەر مێزى دانوستانەکە چەند شتێک هەیە لەوانە (قەرزێکى یەک ملیار دۆلارى کۆمپانیاکان هەیە لەمانگى ١٠ی ساڵى داهاتوودا عێراق دەیداتەوە، ٨ دۆلار بۆ بەرهەمێنانى یەک بەرمیل نەوت دیاریکراوە، دووبارە گرێبەستى تازە لەگەڵ وەزارەتى نەوتى عیراق دەکرێتەوە، سۆمۆش نەوتى کوردستان هەناردە دەکات)، جەودەت بەئاوێنەى وت "ئێستا لەناو دانوستانەکان تاوتوێى ڕێکەوتن لەسەر ئەم بڕگانە دەکرێت‌و نزیکن لەڕێکەوتن".

ئەو بڕواى وایە دواى جەژن هەردوو لایەن ئەگەر هەیە بچنە ناو ڕێکەوتنێکەوە بۆ هەناردە کردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان، جەودەت وتى "زیرەکانە گرێکوێرەکان دەکرێنەوە، تەنانەت فرۆشتنى نەوتیش لەڕێگەى قاچاخەوە بەئێران‌و تورکیا دەوەستێت، ئەوەش خەڵک لێى سوودمەندە".

هەرێمى کورستان ئاستى بەرهەمى لەسەروو ٣٠٠ هەزار بەرمیلەوەیە ئێستا بەشێک لەو نەوتەى بەتەنکەر هەناردەى دەرەوە دەکرێت، بەڵام زۆرینەى نەوتەکەى دەدرێتە پاڵاوگەکانى ناوخۆى هەرێمى کوردستان (لاناز، کار، قەیوان، دى ئێن ئۆ) پاڵاوگەکانى بچوکەکانى، ئەم پاڵاوگانە نەوتى هەرێمى کوردستان بەڕێژەى ٥٠% بەداشکان وەردەگرن، واتە بەرمیلێک نەوت بەکەمتر لە ٤٠ دۆلار لەحکومەتى هەرێمى کوردستانى وەردەگرن، پاش پاڵاوتن نەوتەکەى هەناردەى ئێران‌و تورکیاو ئازەربایجان دەکەن، یەک دیناریش ناچێتە ناو خەزێنەى حکومەت.

عێراق‌و کۆمەڵەى نەوتى ئۆپیک، پیشتر نیگەرانییان لەبەهەدەردانى نەوتى هەرێمى کوردستان نەشاردوەتەوە بۆیە فشار دەکرێت تاوەکو ئەو نەزیفە داراییە بەرێکەوتێکى یەکلایکەرەوە ڕابگرن، شارەزایەکى نەوتیش بڕواى وایە "ئەگەرێکى لاوازە عێراق‌و کۆمپانیا نەوتییەکان بگەنە رێکەوتن".

بەهجەت ئەحمەد، شارەزایەکى بوارى نەوتیەو هاوکات بەوردى ئاگادارى ئەو جوڵانەیە لەبەغداد هەیە بۆ یەکلایکردنەوەى پرسى هەناردەکردنەوەى نەوت، زانیارى ئەوەى بۆ ئاوێنە باسکرد، لەکۆبونەوەى هەفتەی رابردوودا لەبەغداد کۆمپانیاکان ڕازى بوون بەوەى دەستکارى گرێبەستەکان بکرێت، بەڵام بەتوندى دەستیان بەبڕگەى دارایی گرێبەستەکانەوەیە کە زۆرترین قازانج بۆ کۆمپانیاکان دەڕوات بەڕێژەى ٤٣% قازانجى دەرهێنان بۆ کۆمپانیاکەیەو ئەمە لەهیچ شوێنێکى دونیا بوونی نیە جگە لەکوردستان، ئەو وتى "پشکى کۆمپانیاکان لەگرێبەستەکان خاڵى جەوهەرى ناکۆکی کۆمپانیاکانە لەگەڵ عێراق، لەگەڵ بابەتى تێچووى دەرهێنانى نەوت کە عێراق ڕەتیکردووەتەوە لە ٨ دۆلار زیاتر بدات".

شارەزا نەوتیەکە، بڕواى وایە خاڵى چارەسەرى کێشە نەوتیەکانى نێوان هەرێمى کوردستان‌و عێراق لەو کاتەوە دەستپێدەکات کە یاسایەک بەناوى (یاساى نەوت‌و غاز لەعێراق دەرچێت) بەبێ ئەوە ئەو دوو مۆدیڵە جیاوازە بۆ پرسى نەوت بگەنە رێکەوتنێکى هاوبەش، بەهجەت وتى "وەستانى هەناردەى نەوت کۆمپانیا گەندەڵەکان سوودى لێوەردەگرن لەگەڵ پارتى کە ئێستا نەوت هەڕاج دەکەن، عێراقش زیانى نەکردووە، بەڵام لەئێستا بەدواوە عێراق خواستی بۆ ڕێککەوتن لەسەر نەوت زیاد دەکات چونکە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت کورتهێنانى هەیە".

وتیشى "ئەوەى زیانى کردووە خەڵکى کوردو حکومەتى هەرێمى کوردستانە".

پێدەچێت کێشەى قۆناغى دواى ڕێککەوتن، هەناردە کردنەوەى نەوت بێت لەرێگەى کام بۆرییەوە هەناردە بکرێت، چونکە ئێستا عێراق دووبارە بۆرى کۆنى (کەرکوک – تورکیا)ى نۆژەن کردووەتەوەو تەنها ئەوە ماوە یەکەم بەرمیل نەوتى پێدا تێپەڕ بێت.

سەرچاوەیەک لەوەزارەتى نەوتى عێراق کە نەیویست ناوى ئاشکرا بێت، لەگفتوگۆیەکى لەگەڵ پەیامنێرى ئاوێنە لەبەغداد ئاماژەى بۆ ئەوەکرد، عێراق بۆرى نەوتى (کەرکوک – تورکیا)ى ئامادە کردووە تەنها ئەوە ماوە نەوت هەناردە بکرێت، سەرچاوەکە وتى "ئێستا نەوتى کەرکوک بۆ پێویستى ناوخۆیى دەدرێت بەپاڵاوگەى بێجى بۆیە هەناردە ناکرێت، ئەگەر بێتوو هەناردە بکرێت ئەوکات دەبێت لەگەڵ نەوتى هەرێم هەناردە بکرێت".

سەرچاوەکەى ئاوێنە لەوەزارەتى نەوتى عێراق بڕواى وابوو جیاوازى نێوان خەرجى بەرمیلى نەوت لەنێوان عێراق‌و هەرێمى کوردستان دانوستانەکانى سڕ کردووەو عێراق بەهیچ جۆرێک ناچێتە ناو رێکەوتنێکەوە کە ٢٤ دۆلار بۆ خەرجى بەرمیلێک خەرج بکات، ئەو  وتى "ئەگەرى هەیە عیراق دۆلارێک تا دوو دۆلار لەسەروو نرخى عێراقیەوە بۆ کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان دابین بکات، بەڵام پێناچێت لەوە زیاتر تێپەرێت، یاساش ڕێگەى پێنادات".

شکستى دانوستانەکان لەبارەى نەوتى هەرێمەوە، قەبارەى زیانى کەڵەکەبوو زیاتر دەکات، کە لەماوەى زیاتر لەساڵێکدا ١٠ ملیار دۆلارى تێپەڕ کردووە.

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات

ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.

لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجان‌‌و ژنان‌و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم‌و حکومەتی ناوەندی عێراق‌و هەڵبژاردنی کوردستان.

لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی‌ کار لەسەر ئەو  بابەتانە دەکات‌و چەندین راپۆرت‌و فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.

"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD‌"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×