لە روداوی تەقەکردنەکەی مۆسکۆ زیاتر لە 60 کەس کوژراون
  2024-03-23       336       

روسیا رایگەیاند، لە هێرشەكەی شەوی رابرودا بۆ سەر هۆڵێكی ئاهەنگگێڕان لە مۆسكۆی پایتەخت زیاتر لە 60 كەس كوژراون و زیاتر لە 100 كەسیش برینداربون و ئەگەری بەرزبونەوەی ژمارەی قوربانییەكانیش هەیە.

ئاوێنە: لیژنەی لێكۆڵینەوەی روسیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، لەو هێرشەی شەوی رابردودا كراوەتە سەر هۆڵی "كرۆكس سیتی" لە مۆسكۆی پایتەخت زیاتر لە 60 كەس كوژراون و ئەگەری بەرزبونەوەی ئەو ژمارەیەش هەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە كە لە هێرشەكەدا زیاتر لە 100 كەسیش برینداربون و هێرشەكەی بە "تیرۆریستی ناوبردوە."

لیژنەكە ئاماژەی بەوەشداوە، هێرشكەرەكان چەكی كڵاشینكۆفیان پێبوە كە چونەتە ئەو هۆڵەكەو تەقەیان كردوە. بەقسەی شایەتحاڵەكان ژمارەیەك چەكداربون بەبێ دەمامك هەڵیانكوتاوەتە سەر هۆڵەكەو بەرلەوەی نمایشێكی میوزك دەستپێبكات، تەقەیان لە ئامادەبوان كردوە.

چەند سەعاتێك دوای روداوەکە، رێکخراوی داعش لە گروپی تێلێگرامی خۆی بەرپرسیارییەتی ئەنجامدانی هێرشەکەی لە ئەستۆ گرت.

باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە روسیا چەند رۆژێک پێش ئەوەی هێرشەکەی سەر هۆڵەکەی مۆسکۆ روبدات، هۆشداری دابو.

 رۆژی 7ـی ئەم مانگە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە روسیا لە راگەیەندراوێکدا هۆشداری لەبارەی بەئامانجگرتنی شوێنە گشتییەکانی مۆسکۆ دا و وتی، "باڵیۆزخانە چاودێری ئەو راپۆرتانە دەکات کە باس لەوەکەن پەڕگیرەکان پلانێکی نزیکی هێرشکردنیان هەیە".

 لەبارەی ئەو شوێنانەی کە هۆشداری دابو رەنگە بکرێنە ئامانجی گروپە پەڕگیرەکان، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە روسیا رایگەیاندبو، "پەڕگیرەکان پلانیان هەیە کە کۆبونەوە گەورەکانی مۆسکۆ، لەنێویاندا کۆنسێرتەکان بکەنە ئامانج".

ئەمریکا رونینەکردبوەوە لە چ سەرچاوەیەکەوە ئەو زانیارییە هەواڵگریانەی پێ گەیشتبون.

 وەزارەتی دەرەوەی روسیا هێرشەکەی بە "هێرشی تیرۆریستیی خوێناوی" ناوبرد.

وەزارەتی دەرەوەی روسیا، رایگەیاند، "ئەگەر ئەمریکا زانیاریی لە بارەی تەقەکردنەکەی مۆسکۆوە هەبێت، پێویستە پێمانی بدات."

 پێش ئەوەی رێکخراوی داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە رابگەیەنێت، گومانەکان بۆ ئۆکراینا دەچون، بەهۆی ئەوەی روسیا و ئۆکرانیا زیاتر لە دو ساڵە لە جەنگدان.

دیمیتری مێدڤیدێڤ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی ئاساییشی روسیاش هەڕەشەی توندی لە کیێڤ کردو وتی "ئەگەر بسەلمێندرێت کە ئەم تیرۆریستانە سەر بە رژێمی کیێڤن، ئەوا هەمویان دەدۆزرێنەوە و بێبەزەییانە وەک تیرۆریست لەنێودەبردرێن". ئاماژەی بەوەشکرد، "بەرپرسانی ئەو ئەو وڵاتەی کە ئەم تاوانەی کردوە" پێویستە سزابدرێن.

 بەڵام میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری نوسینگەی ڤۆلۆدێمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا لە گرتە ڤیدیۆییەکدا رەتیکردەوە، ئۆکراینا دەستی لە هێرشەکەدا هەبێت؛ سەرۆکایەتیی ئۆکرانیاش رەتیکردەوە کیێڤ "هیچ پەیوەندییەکی" بە هێرشەکەی مۆسکۆوە هەبێت.

 ئەمریکا هاوسۆزیی خۆی بۆ روسیا راگەیاند و هێرشەکەی بە "تۆقێنەر" ناوبرد. جۆن کێربی، وتەبێژی ئەنجومەنی ئاساییشی نیشتمانیی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وتی: "بیرمان لای قوربانیانی ئەم هێرشە تۆقێنەرەیە. وێنەکان تاسێنەرن و سەختن بۆ بینین."

وتەبێژێکی یەکێتیی ئەوروپاش رایگەیاند، ئەوان بە هێرشە "تیرۆرستییەکە شۆک بون."

 

 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×