وەزارەتی بەرگریی توركیا: عێراق بە ئەرێنی لە دروستكردنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەڕوانێت
  2024-03-21       374       

وەزارەتی بەرگریی توركیا رایگەیاند، عێراق بە "ئەرێنی" لەو پێشنیارە دەڕوانێت كە بۆ دروستكردنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش بۆ "روبەڕوبونەوەی تیرۆر" كراوە.

ئاوێنە: زەكی ئاكتورك، راوێژكاری راگەیاندن لە وەزارەتی بەرگریی توركیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە دامەزراندن یان دانەمەزراندنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش لە پاش دوایین کۆبونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراق، وت"لە چەند ئاستێکی دیاریکراودا گفتوگۆکان لەگەڵ عێراق بەردەوامن. لە ڕۆژانی ڕابردودا لە بەغدا دوەم کۆبونەوەی ئەنجامدرا کە لە مانگی کانونی یەکەمدا لە ئەنقەرە یەكەم كۆبونەوە ساز کرابو. ئامادەکارییەکان بۆ یادشتنامەی چوارچێوەی ستراتیجی درێژەیان هەیە کە بڕیارە لە نێوان هەردو وڵاتدا واژو بکرێت."

وتیشی"یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی کە ئێمە دەخوازین لەم ناوچەیەدا هەبێت دامەزراندنی ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە. لە دوای واژوکردنی ئەم یاداشتنامەیە وردەکارییە تەکنیکییەکانی لەبارەی کارکردنی ئەم ناوەندی ئۆپەراسیۆنە دیاری دەکرێن".

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هەڵوێستی لایەنی عێراق لە کۆبونەوەکەی بەغدا لەوبارەیەوە، بەرپرسەكەی وەزارەتی بەرگریی توركیا وتی"لایەنی عێراقیش پەکەکە بەمەترسی دەبینێت و بە ئەرێنی لە ناوەندی ئۆپەراسیۆنی هاوبەش و داواکارییەکانی دیکەمان بۆ هاریکاری لە بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دەڕوانن."

جەختیشی كردەوە"لە قۆناغی داهاتودا کارەکانمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق لە بارەی پرسەکانی وەک بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و ئاسایشی سنور زیاد دەکەین و بەردەوام دەبین لەسەریان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×