كۆمپانیای ئامبری تایبەت بە ئاسایشی دەریایی بەریتانیا بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ حووسییەكان لە نزیك كەناراوەكانی یەمەن هێرشییان كردووەتە سەر كەشتییەكی بازرگانی بەریتانیا و كەشتییەكەش زیانی پێگەشتووە.
كۆمپانیای ئامبری تایبەت بە ئاسایشی دەریایی بەریتانیا لە بارەی هێرشێكی حووسییەكان بۆ سەر كەشتییەكی بازرگانی وڵاتەكەیان ڕاگەیاندراوێكی بڵاوكردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا هاتووە، ئەمڕۆ حووسییەكان لە دووری ١٠٩ میل لە كەناراوەكانی یەمەن لە ڕێگەی كۆمەڵێك چەكدار لە ناو بەلەمێكەوە هێرشییان كردووەتە كەشتییەكی بازرگانی بەریتانیا.
دەشڵێن، بەهۆى هێرشەکەوە كەشتییەكە زیانی پێگەیشتووە، دواتر پاسەوانەكانی ناو كەشتییەكە تەقەیان لە ئەو چەكدارانە كردووە و هەڵهاتوون.
ئاماژە بەوەشكراوە، كەشتییەكە خێرا ناوچەكەی بەجێهێشتووە و مەترسی گەورەی لەسەر نەبووە و هیچ زیانێكی گیانی تۆمارنەكراوە.
لە ١٢ی كانوونی دووەمی ئەمساڵەوە هێزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا هێرشیان بۆ سەر پێگەی حووسییەكان لە یەمەن دەستپێكردووە، لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا حووسییەكانیش دەستیان كردووە، بە ئامانجگرتنی كەشتییە ئەمریكی و بەریتانیاییەكان لە ناوچەكەدا.