شەوی ڕابردوو شازادەی جێنشینی سعودیە و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لە جەدە بە جیا لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبوونەوە و هەردوولا تاوتوێی پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەكە و جیهان و بەتایبەتی دواین پێشهاتەكانی دۆخی غەزەیان كرد.
میدیا سعودییەكان لە بارەی ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا زانیاری نوێ دەخەنەڕوو.
میدیا سعودییەكان بڵاویان كردەوە، شەوی ڕابردوو محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە و فەیسەڵ بن فەرحان، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان بە جیا لەگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبوونەتەوە.
ئاماژە بەوشكراوە، جگە لە تاوتوێكردنی بارودۆخى ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان، دوانین پێشهاتەكانی كەرتی غەزە و هەوڵەكان بۆ وەستاندنی هێرشە سەربازییەكانی ئیسرائیل و گەیاندنی هاوكاریی مرۆیی بۆ غەزە تاوتوێ كرا.
جێگای سەرنجە، ئەمە شەشەمین گەشتی وەزیرى دەرەوەى ئەمریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای دەستپێكردنی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماس لە ٧ی تشرینی یەكەمی ساڵی ڕابردووە، هەروەها بڕیارە دوای تەواو بوونی كۆبوونەكانی لە سعودیە، ئەمڕۆ بلینكن بگاتە قاهیرە و لەگەڵ بەرپرسانى ئەو وڵاتە تاوتوێی دامەزراندنی دەوڵەت بۆ فەڵەستین و وەستاندنی شەڕى غەزە بكات