کچێکی گەنجی تەمەن 21 ساڵ، بە ناوی نیگار کەریمیان و خەڵکی شاری بروجن لە پارێزگای چوارمەحاڵ و بەختیاری و دانیشتووی شاری ئیسفەهان، بە تەقەی راستەوخۆی هێزە ئهمنییەکانی ئێران بەسەختی بریندار بووە و دوای چەند کاتژمێرێک بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.
بەپێی راپۆرتی رێكخراوی ههنگاو بۆ مافهكانی مرۆڤ، رۆژی شەممە 9ی ئاداری 2024، هێزە ئهمنییەکانی ئێران لە دووڕییانی شاری "چەمەنسوڵتان"ی سەر بە ناوچەی ئەلیگودەرزی سەر بە پارێزگای لوڕستان، راستەوخۆ تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێک کردووە و هاووڵاتییەک بە ناوی، نیگار کەریمیان و تەمەن 21 ساڵ بەم هۆیەوە گیانی لەدەست داوە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی کەریمیان، ئەم بنەماڵەیە لە کاتی گەڕانەوەیان لە رێوڕەسمی ئەسپەردەکردنی خاڵیان لە گوندی "فەرسەش"ی ئەلیگودەرز بۆ ئیسفەهان، لە دووڕییانی شاری "چەمەنسوڵتان"ی سەر ئەلیگودەرز، هێزە ئهمنییهكان بەبێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەک یان تەقەیەکی ئاسمانی، راستەوخۆ تەقەیان لە ئۆتۆمۆبیلی بنەماڵەی کەریمیان کردووە کە بیجۆیەکی جۆری 405 بووە و گوللـە بەر دەرگای لای سهكن کەوتووە، بەم هۆکارهوە نیگار پێکراوە و به سهختی بریندار بووه، هاوكات باوکیشی بریندار بووە و برینەکەی سووکە.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەش کردووە کە نیگار کەریمیان پاش پێکرانی گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی "ئیمام سادقی"ی ئەلیگودەرز و دوای سێ کاتژمێر مانەوە لەو نەخۆشخانەیە، بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەست داوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، دوای کوشتنی نیگار کەریمیان، هێزە ئەمنییەکان بە بنەماڵەکەیان راگەیاندووە کە بە هەڵە تەقەیان لە ئۆتۆمبێلەکەی ئەوان کردووە.