ئەحمەد یڵدز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك کۆماری تورکیا لە كۆتایی مانگی نیسان سەردانی عێراق دەکات.
ئاوێنە: ئەحمەد یڵدز، جێگری وەزیری دەرەوەی توركیا، دوای ئەوەی بەسەردانێك گەیشتە بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە، بە ئاژانسی رەسمی وڵاتەكەی وت"سبەی لەگەڵ بەرپرسانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق کۆبونەوەمان دەبێت و ئامادەکارییمان دەبێت بۆ دیداری وەزیرانی دەرەوە و هاوکات سەردانی سەرۆك کۆمارمان بۆ عێراق".
لەبارەی كاتی سەردانی ئەردۆغان بۆ عێراق، یڵدز وتی"بە پێی پلان و ئامادەکارییەکان لەكۆتایی مانگی نیسان دەبێت. لە کاتی سەردانی سەرۆكکۆمارمان کە ئەو کاتە سەرۆک وەزیران بو لە ساڵی 2012 من لێرە بوم...ئێستاش کاتی ئەوە هاتوە کە سەرۆك کۆمارمان سەردانی عێراق بکات."
ئەوەش لەكاتێكدایە كە پێشتر میدیاكان وایان بڵاوكردەوە كە ئەردۆغان لە كۆتایی ئەم مانگەدا سەردانی عێراق دەكات.