هێزەکانی حوسییەکانی یەمەن دوو کەشتی جەنگی ئەمەریکایان لە دەریای سوور بە ئامانجگرت.
یەحیا سەریع وتەبێژی حوسییەکانی یەمەن رایگەیاند:" هێزەکانمان لە رێگەی مووشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە دوو کەشتی جەنگی ئەمەریکایان لە دەریای سووردا بە ئامانج گرت".
ئاماژەی بەوەشکرد:" هێزەکانمان تاوەکو کاتێک کە جەنگ لە غەززە رادەگیرێت و گەمارۆی سەر ئەو شارە هەڵدەگیرێت، چالاکییەکانمان لە دەرییای سوور بەردەوام دەبێت".
تاوەکو ئێستا هیچ زانیارییەک لەبارەی زیانەکانی ئەو دو کەشتییەوە ئاشكرا نەکراون کە بە ئامانج گیراون.
دوای دەستپێکردنی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، حوسییەکانی یەمەن دەستیان بە هێرشکردنە سەر کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور و کرد و بیانووشیان بۆ ئەو کارە، تۆڵەی هێرشەکانی ئیسرائیل بوو بۆ سەر کەرتی غەززە.
هاوکات لەو چوارچێوەیەدا کۆشکی سپی ئەمەریکا پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕوبوونەوەی هێرشەکانی حوسییەکان لە دەریای سووردا راگەیاند کە هاوپەیمانییەکە 10 وڵات لەخۆ دەگرێت، لە سەرەتای دروستبوونی هاوپەیمانییەکەشەوە تاوەکو ئێستا چەندینجار حوسییەکانی یەمەن بە ئامانج گیراون.
لەلایەکی دیکەوە بەرپرسانی ئەمەریکا چەندینجار ئێرانیان بە پاڵپشتیکردن و دابینکردنی هاوکاری بۆ حوسییەکانی یەمەن تۆمەتبار کردووە.