ڕێژەی دەنگدەران لەهه‌ڵبژاردنه‌كانی‌ ئێران لەنزمترین ئاستدا بووە لەمێژوی ئه‌و وڵاته‌دا
  2024-03-02       538       

هەڵبژاردنی خولی 12یه‌مینی ئەنجومەنی شورای‌ ئیسلامی (پەرلەمانی ئێران) نیوەشەوی رابردو کۆتاییهات‌و بەگوێرەی ئەنجامە بەراییەکان، رێژەی بەشداری نزیکەی 41% بووە.
 
ئاوێنه‌: میدیای فەرمیی ئێران بڵاویکردەوە، زیاتر لە 25 ملیۆن کەس لەوانەی مافی دەنگدانیان هەبووە، دەنگیان داوە؛ کە دەکاتە نزیکەی 41%ی دەنگدەران.

بەشێکی ئەنجامەکان دەریدەخەن کە توندڕەوەکانی ئێران ڕەنگە دەسەڵاتییان بەسەر پەرلەماندا بپارێزن، لەکاتێکدا  کەسایەتییە دیارەکانی باڵی ڕێفۆرمخوازو میانەڕەوەکانی پارێزگاران خۆیان بەدورگرت لەهەڵبژاردنەکانی ڕۆژی هەینی و وتییان ئەو هەڵبژاردنانە ئازادو دادپەروەرانە نیه‌و بەشێوەیەکی سەرەکی تەنها کێبڕکێیەکە لەنێوان توندڕەوەکانداو ئەو پارێزگارانەی کە وەفایان هەیە بەرامبەر ڕێبەری باڵای ئێران.

ئاژانسی‌ هەواڵی ئیرنای بڵاویكردۆته‌وه‌، بەپێی ڕاپۆرتە نافەڕمییەکان زیاتر لە 25 ملیۆن کەس دەنگییانداوە، كه‌ دەکاتە نزیکەی 41%ی دەنگدەران.

ڕۆژنامەی هەمشەهری سەر بەحکومەت ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ڕێژەی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنەدا "زلەیەکی 25 ملیۆنییە " بۆ داواكارییه‌كانی‌ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان.

بەرەبەیانی دوێنێ هەینی، هەڵبژاردنی خولی 12یەمی پەرلەمانی ئێران‌و خولی شەشەمی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێران لە 31 پارێزگای ئێران‌و رۆژهەڵاتی کوردستان لە 60 هەزار بنکەی دەنگدان دەستیپێکرد.
 
پەرلەمانی ئێران لە 290 کورسی پێکدێت‌و بۆ پڕکردنەوەی ئەو ژمارە کورسییە 15 هەزارو 200 کەس خۆیان كاندید کردووە. ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەریی ئێرانیش 88 ئەندامی هەیە. 
 
بەپێی ئاماری دەستەی هەڵبژاردنی ئێران، 61 ملیۆن‌و 172 هەزارو 298 کەس لەئێران‌و رۆژهەڵاتی کوردستان مافی دەنگدانیان هەیە کە لەو ژمارەیە 30 ملیۆن‌و 945 هەزارو 133 کەسیان پیاون‌و 30 ملیۆن‌و 227 هەزارو 165 کەس ژنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×