بنیامین ناتانیاهۆ: ئیسرائیل غەزە ئاوەدان دەكاتەوە و ئەمنێتیشی دەپارێزێت
  2024-02-25       403       

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل سیاسەتی دوای جەنگی خۆی لە غەزە ئاشكرا كرد و ڕایگەیاند، ئیسرائیل ناوچەكانی غەزە ئاوەدان دەكاتەوە و ئاسایشی ناوچەكانی غەزەش هەر لەلایەن ئیسرائیلەوە دەپارێزێت، بەڵام بەبێ چەك.

میدیا عەرەبییەكان لە زاری بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیلەوە زانیاری سەبارەت بە سیاسەت و ستراژێتی ئیسرائیل بۆ دوای جەنگی غەزە دەخەنەڕوو.

میدیاكان بڵاویان كردوەتەوە، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل دژایەتی دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین دەكات، هەروەها ئیسرائیل هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی دەزگای UNRWA دەدات، كە دەزگایەكی نەتەوە یەكگرتووەكانە و هەوڵدەدات هاوكاری پەنابەرانی فەلەستین بكات.

ئاماژە بەوەشكراوە، سیاسەت و ستراتیژى ناتانیاهۆ بۆ دوای شەڕی غەزە بریتییە لەوەی ئیسرائیل ناوچەكانی غەزە ئاوەدان بكاتەوە و ئاسایشی ناوچەكانی غەزەش هەر لەلایەن ئیسرائیلەوە بپارێزێت، بەڵام بەبێ چەك.

ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمریكا و چەندین وڵاتێكی دیكە داوای ئاگربەست و ڕاگرتنی شەڕ لە ناتانیاهۆ دەكەن، بەڵام ئەو گوێ بە هیچ داواكارییەكی وڵاتان نادات و بەردەوامە لە هێرشەكانی بۆ سەر غەزە، لە ئێستادا هێرشەكانی بۆ سەر شاری ڕەفح دەستی پێكردووە، دەڵێت، یەك مانگی دیكە كۆتایی بە حەماس دەهێنن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×