دادگای فیدراڵی: حكومەتی عێراق دەبێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخاتەسەر بانكە فیدراڵیەكان‌
  2024-02-21       802       

دادگای فیدراڵی حكومەتی عێراقی پابەندكرد موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بخاتەسەر بانكە فیدراڵیەكان‌و خەرجیشی بكات و سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانی پابەندکرد، ڕێگە بەچاودێری دارایی عێراق بدات وردبینی بکات، ده‌شڵێت:"دەبێت بەگوێره‌ى مادەی 116و 117 دەستوری عێراق؛ یەکسانی هەبێت لەدابەشکردنی داهاتی سەروەت‌و سامانیی گشتی‌و نابێت ستەم لەهیچ کەسێک بکرێت".

ئه‌مڕۆ دانیشتنى دادگاى باڵاى فیدراڵى لەبارەى سکاڵاى یاساى هەڵبژاردنەکانى هەرێمى کوردستان‌و پرسى موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم دەستیپێکردو سەرۆکى دادگاکە ڕایگەیاند "بەگوێرەى یاسا پێویستە حکومەتى هەرێم پابەندبێت بەپێدانى موچەى فەرمانبەران‌و موچەخۆران‌و پێویستە سەرۆک وەزیرانى عێراق گەرەنتى قوت‌و موچەى موچەخۆرانى هەرێم بکات".

سەرۆکى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق ڕایگه‌یاند، "سەرۆک وەزیرانى هەرێم‌و سەرۆک وەزیرانى فیدراڵ، پابەنددەکرێن بەپێدانى موچەى موچەخۆرانى هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش پێویستە بەگوێرەى یاساى بودجەى ئەمساڵ‌و ساڵانى داهاتوو هەماهەنگى بکرێت بۆ جێبەجێکردنى یاساى بودجە، پێویستیشە ڕێکارى یاسایی بگیرێتەبەر موچەخۆران لەشوێنى خۆیان موچە وەربگرن".

سەرۆکى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق ئه‌وه‌شى وت:"پێویستە حکومەتى هەرێم زانیاریی ورد لەبارەى موچەخۆرانى هەرێمى کوردستان ڕادەستى حکومەتى عێراق بکات‌و داهاتى هەرێمى کوردستانیش مانگانە بگەڕێتەوە بۆ عێراق".

له‌به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا سەرۆکى دادگاى باڵاى فیدراڵى عێراق ڕونیکردەوە، "هەرێمى کوردستان پابەنددەکرێت بەناردنى داهاتى نەوتى‌و نانەوتى بۆ حکومەتى عێراق، سەرۆک وەزیرانى عێراقیش پابه‌نده‌ به‌وه‌ى وردبینى تەواو لەبارەى هەژمارەکانى بانکى ناوەندى عێراق لەهەرێمى کوردستان بکات‌و بڕیارەکانى دادگاى باڵاى فیدڕاڵیش جێبەجێکراو دەبێت‌و هیچ تانەیەکى لێنادرێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×