وتەبێژی حوسیەکانى یەمەن ڕایگەیاند، دوێنێ هێرشیان كردووەتە سەر فڕۆكەیەك و دوو كەشتی ئەمریكا لە یەمەن و كەنداوی عەدەن، دەشڵێن، یەكێك لە كەشتییەكان ژێر ئاو کەوتووە.
یەحیا ساری، وتەبێژی حوسیەکانى یەمەن لە بارەی ئەنجامدانی چەند هێرشێك بۆ سەر چەند کەشتى و فڕۆکەیەکى ئەمریكا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا.
یەحیا ساری ڕایگەیاند، دوو كەشتی ئەمریكامان لە كەنداوی عەدەن بە ژمارەیەك مووشەكی دەریایی كردە ئامانج و ئامانجەكەمان پێكاوە، بەجۆرێک یەكێك لە كەشتییەكان ژێر ئاو کەوتووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، لە ڕێگەی سیستەمی بەرگری ئاسمانییەوە لە شاری حودەیدە توانیمان فڕۆكەیەكی ئەمریكی جۆری MQ9 بە مووشەكێك بخەینە خوارەوە، كە بە مەبەستى بۆردوومان كردنی چەند ناوچەیەك ئاڕاستەى ناوچەکە کرابوو.
جێگەی ئاماژەیە، شەوی ڕابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمریكا و بەریتانیا چەند ناوچەیەكی ژێر دەسەڵاتی چەكدارانى حووسییەكانی یەمەنیان لە پارێزگای حودەیدە بۆردوومان كرد، بەپێی زانیارییەكان ژمارەیەك كوژراو و بریندار هەبووە.