سەرۆکی ژووری بازرگانی هەڵەبجە دیاریکرا
  2024-01-03        

ئەمڕۆ، ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە کۆبووەوە و تێیدا تاهیر عیزەدین وەک سەرۆکی ئەنجومەن دیاریکرا.

ئاوێنه‌: هەڵبژاردنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی پارێزگای هەڵەبجە لە 30/11/2023 بەڕێوەچوو، هەریەک لە پێشەوا ئەحمەد بە 434 دەنگ، سەردار ئەمین فەتاح 356 دەنگ، بەرزان حەمەرەشید 346 دەنگ، تاهیر عیزەدین 334 دەنگ، خەلیل هەیاس 321 دەنگ، زاید نەجمەدین 317 دەنگ، بێستوون کەریم 309 دەنگ، عادل نەسرەدین 296 دەنگ، شکۆ حەمەئەمین 275 دەنگ وەک ئەندامانی ئەنجومەنی ژووری بازرگانی پارێزگاکە هەڵبژێردران.

هەروەها، ئەمڕۆ ئەنجومەنی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی بەسەرپەرشتی نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت رێکخست و تێیدا سەرۆک و جێگرەکانی دیاریکران، بەڵام لە کۆبوونەوەکەدا پێشەوا ئەحمەد، وەک تەنها ئەندامی ئەنجومەنەکە لە یەکەم کۆبوونەوەدا بەشدارینەکرد ئەویش بە هۆکاری تایبەت.

لە کۆبوونەوەکەدا تاهیر عیزەدین تەنها کاندید سەرۆکی ئەنجومەن بوو و بە 7 دەنگی ئەنجومەکە وەک سەرۆک هەڵبژێردرا، دواتر بۆ جێگرانی سێ کاندید هەبوون، کە تێیدا سەردار ئەمین فەتاح بە 7 دەنگ و بەرزان حەمەرەشید بە 7 دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن وەک جێگری سەرۆک دیاریکران، کاندیدی سێیەمیش کە خەلیل هەیاس بوو، تەنها یەک دەنگی بەدەستهێنا.
هەر لەو میانەدا، بێستوون کەریم بە 7 دەنگی ئەندامانی ئەنجومەن وەک نوێنەری ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەڵەبجە بۆ یەکێتی ژوورە بازرگانییەکانی هەرێم دیاریکرا.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×