سێ رێكخراو هەڵمەتێك بۆ بەرەنگاربونەوەی زانیاریی چەوت و چەواشە رادەگەیەنن
  2023-12-21       342       

هەر سێ ڕێکخراوی میترۆ، بەدیل و بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، هەڵمەتێكی خوێندەواریی میدیایی بۆ بەرەنگاربونەوەی زانیاریی چەوت و چەواشە رادەگەیەنن.

ئاوێنە: ئەو سێ رێكخراوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوی دەستپێكی هەڵمەتەكەیاندا دەڵێن"لە ڕوانگەی هەستکردن بەو مەترسییە گەورانەی کە لێکەوتەکانی زانیاریی ساختەو چەواشە لەسەر کۆمەڵگە دروستی دەکەن، هەر سێ ڕێکخراوی میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، بەدیل بۆ دیبەیت و دامەزراوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی، کەمپەینێکی شارستانی ڕادەگەیەنن بۆ پەرەدان بە خوێندەواریی میدیایی، گەشەدان بە بەرپرسیارێتی ئەلیکترۆنی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ڕەخنەیی بۆ بەرەنگاربونەوەی زانیاری چەوت و چەواشە و ڕێگرتن لە لێکەوتە خراپەکانی."

ئاماژە بەوەش دەكەن "لەم هەڵمەتەدا بەهەوڵ و کۆششی چەندین پسپۆڕی ئەکادیمی و میدیاکارو ڕاهێنەری بەتوانا هەوڵ دەدەین ئەو ئامرازانە ڕون بکەینەوە کە لەرێگایانەوە هاوڵاتیان بەگشتی و فێرخوازان بە تایبەتی دەتوانن هەڵسەنگاندنی رەخنەیی بۆ زانیارییەکان بکەن و ببنە پاسەوانی زانیاریی ڕاست و دروست و متمانەپێکراو."

سێ رێكخراوەكە سەرەتای هەڵمەتەکەیان بەم هاشتاگەی خوارەوە، بەهەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی  دەستپێكردوە: #بەسە_چەواشە

#EnoughDisinfo

#كافي_تضليل

دەقی راگەیەندراوەكە:

هەڵمەتی خوێندەواریی میدیایی بۆ بەرەنگاربونەوەی زانیاریی چەوت و چەواشە

ئێمە لە سەرەدەمی لێشاوی زانیاریدا دەژین، کاتێکی زۆر لەبەردەم شاشەی ئەلیکترۆنی و ئامێری زیرەکدا بەسەر دەبەین، بەردەوام هەواڵ و وێنە و زانیاریمان پێدەگات. ئەم لێشاوە، بە باش و خراپ، کاریگەریی لەسەر دید و هەڵوێستمان دروست دەکات. هەمومان، پێ بزانین یان نا، دەبینە نێوەندی بەرهەمهێنان یان پردی پەڕینەوەی زانیاری، کە زۆربەیان بێ سانسۆری یاسایی و بێ بەرپرسیارێتی میدیایی بەرهەم دێن و پەخش دەبن. لەپاڵ هەر زانیارییەکی گرنگ و سودبەخشدا، چەندین زانیاریی بێبایەخ و زیانبەخش بڵاودەبنەوە، لەگەڵ هەر هەواڵێکی متمانەپێکراو و ڕاستدا، چەندین هەواڵی چەوت و چەواشە پەخش دەبن.

لە ڕوانگەی هەستکردن بەو مەترسییە گەورانەی کە لێکەوتەکانی زانیاریی ساختە و چەواشە لەسەر کۆمەڵگە دروستی دەکەن، هەر سێ ڕێکخراوی میترۆ بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، بەدیل بۆ دیبەیت و دامەزراوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەیی کەمپەینێکی شارستانی ڕادەگەیەنن بۆ پەرەدان بە خوێندەواریی میدیایی، گەشەدان بە بەرپرسیارێتی ئەلیکترۆنی و بڵاوکردنەوەی هۆشیاریی ڕەخنەیی بۆ بەرەنگاربونەوەی زانیاری چەوت وچەواشە و ڕێگرتن لە لێکەوتە خراپەکانی.

لەم هەڵمەتەدا بەهەوڵ و کۆششی چەندین پسپۆڕی ئەکادیمی و میدیاکار و ڕاهێنەری بەتوانا هەوڵ دەدەین ئەو ئامرازانە ڕون بکەینەوە کەلەرێگایانەوە هاوڵاتیان بە گشتی و فێرخوازان بە تایبەتی دەتوانن هەڵسەنگاندنی رەخنەیی بۆ زانیاریەکان بکەن و ببنە پاسەوانی زانیاریی ڕاست و دروست و متمانەپێکراو. لەگەڵمان بن بۆ زنجیرەیەک چالاکی و ڕاهێنانی گرنگ کە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامیان دەدەین. سەرەتای هەڵمەتەکەش بە هاشتاگێک بەهەر سێ زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەست پێدەکەین، وەک دەستپێکی کۆمەڵێک چالاکیی تر.

 #بەسە_چەواشە

#EnoughDisinfo

#كافي_تضليل

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×