ئەم سیستەمە بەپێی حوکمەکانی بەشی دوانزەھەم لە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان لەساڵی ١٩٤٥دا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دامەزراوە، ،بەمەبەستی سەرپەرشتیکردن بەسەر ئەو ھەرێمانەی کە دەچنە چوارچێوەی سەرپەرشتیکردنەوە کە دیاریکراون بۆ سەرپەرشتیکردنیان لە میانەی ڕێکەوتنە تاکە کەسیەکانەوە لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە ھەڵدەستن بە بەڕێوەبردنیان.
پێناسە سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی (( الوێایە الدولیە)) :
بریتیە لە شێوەیەک لە شێوەکانی داگیرکردن،کە داھێنراوی وڵاتە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیھانی دووەم بوو لە ژێر سایەی نەتەوە یەکگرتوەکاندا بۆ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی سیستەمی ماندێت (( ئینتیداب)) کە لەلایەن کۆمەڵەی گەلانەوە دامەزرابوو.لەڕێگەی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتیەوە ئەو ھەرێم و ناوچانە بەڕێوەدەبرێن کە دەکەونە ژێر سەرپەرشتیکردنەوە.
بەھەمان شێوە سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی زاراوەیەکی سیاسی یاسای نێودەوڵەتیە،مەبەست لێی ملکەچکردنی ھەرێمێکی دیاریکراوە بۆ ئیدارەی دەوڵەتێکی تر،بەپێی مەرج گەلێکی تایبەت کە ڕێکەوتنێک لەخۆدەگرێت لە نێوانیاندا کە ((ئەنجومەنی سەرپەشتیاران)) ی سەر بە نەتەوە یەکگرتوەکان ھەڵدەستێت بە جێبەجێکردنی.
جا سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی جێبەجێدەکرێت بەسەر ئەو وڵاتانەدا کە لەیاسای نێودەوڵەتیدا ناسراوان بە وڵاتانێک کە(( سەوەرییەکی ناتەواو)) یان ھەیە.
ئەو ھەرێمانە کامانەن کە سیستەمی سەرپەرشتی نێودەوڵەتی دەیانگرێتەوە؟
بەپێی مادەی ٧٧ لە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان،سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی جێبەجێدەبێت بەسەر ئەم ھەرێمانەی لای خوارەوەدا:
• ئەو ھەرێمانەی کە سیستەمی ((ئینتیداب))دەیانگرێتەوە کە لەلایەن ((کۆمەڵەی گەلانەوە)) دامەزرابوو لەدوای جەنگی جیھانی یەکەمەوە.
• ئەو ھەرێمانەی کە دادەبڕێن(( لە وڵاتانی دوژمنکار)) لە ئەنجامی جەنگی جیھانی دووەمەوە.
• ئەو ھەرێمانەی کە بەتەواوی ئیڕادە و ویستی خۆیان لەلایەن وڵاتی بەڕێوەبەرەوە دەخرێنە ژێر سەرپەرشتیکردنەوەوە.
ئامانجە بنەڕەتیەکانی سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی چین ؟
بەپێی مادەی ٧٦ لە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان ،ئامانجە بنەڕەتیەکانی سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی بەپێی مەبەستەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بریتین لە :
• کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی دانیشتوانی ئەو ھەرێمانەی کە سیستەمی سەرپەرشتیکردن دەیانگرێتەوە لە کاروباری سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری و خوێندن.
• بەرزکردنەوەی پێشکەوتنیان بەرەو خۆبەڕێوەبەری یان سەربەخۆی.
• ھاندانی ڕێزگتنی مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتیەکان بۆ ھەمووان.
• درککردن بەوەی کە لەنێوان گەلانی جیھاندا ھەیە لە پابەندبوونیان لەگەڵ یەکتریدا.
• لە پێناو سەرپەرشتیکردنی ئەو ھەرێمانەی دەکەونە چوارچێوەی سیستەمی سەرپەرشیکردنی نێودەوڵەتیەوە.
• لە پێناو دڵنیابوون لەوەی کە حکومەتە بەڕێوەبەرەکان ھەنگاوی پێویست ھەڵدەنێن بۆ ئامادەکردنی ھەرێمەکان بۆ وەدیھێنانی ئامانجەکانی میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان.
ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران:
نەتەوەیەکگرتوەکان ((ئەنجومەنی سەرپەرشتیارانی)) بەپێی حوکمەکانی بەشی سیازدەھەم لە میساقەکەی دامەزراندو.وەک یەکێک لە دامودەزگا سەرەکیەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەرکی سەرپەرشتیکردنی بەڕێوەبردنی ئەو ھەرێمانەی پێسپاردووە کە دەچنە چوارچێوەی سیستەمی سەرپەرشتیکردنەوە.
ئامانجەکانی ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران:
• ھاندانی ڕابوونی دانیشتوانی ئەو ھەرێمانەیە کە سیستەمی سەپەشتیکردنی نێودەوڵەتی دەیانگرێتەوە.
• پێشخستنیان بەشێوەیەکی ھێواش ولەسەرخۆ بە ئاڕاستەی خۆبەڕێوەبردن(( حوکمی زاتی)) یان سەربەخۆیی.
جا ئەو ١١ ھەرێمەی کە دەکەوتنە چوارچێوەی ئەو سیستەمەوە ھەموانیان یان بوونە خاوەنی خۆبەڕێوەبەری یان سەربەخۆبوون وەک وڵاتێکی تەنھا یان چوونە پاڵ وڵاتانێکی سەربەخۆوە.
پێکھاتە ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران:
پێکدێت لە نوێنەری پێنج وڵاتە ئەندامە ھەمیشییەکەی ئەنجومەنی ئاسایش کە بریتین لە ھەریەکە لە ڕوسیا و چین و فەرەنسا و بەریتانیا و ئەمریکا.
ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران:
بەپێی مادەی ٨٧ی میساقەکەی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران ڕێگەی پێدراوە بە:
• ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و گفتوگۆکردن دەربارەی ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن لایەنی بەڕێوەبەرەوە بەرزدەکرێتەوە دەربارەی پێشکەوتنی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و خوێندنی دانیشتوانی ھەرێمەکە.
• وردبینکردنی ئەو داواکاریانەی کە لە ھەرێمەکانەوە بەرزدەکرێنەوە.
• ناردنی نێردە تایبەتەکان بۆ ھەرێمەکان.
ھەڵبژادنی ئەنجومەنی سەرپەرشتیاران:
ئەم ئەنجومەنە لە سەرەتای ھەرخولێکدا سەرۆک و جێگری سەۆک ھەڵدەبژێرێت لە ناو نوێنەرانی ئەندامانی ئەنجومەنەکەدا، سەرۆک و جێگرەکەی لە پۆستەکانیاندا دەمێننەوە بۆ ئەوپەڕی ماوەی پێنج ساڵ تا ھەڵبژاردنی شوێنگرەوەکانیان، ئەم ئەنجومەنە لە خولی ٧٤ ھەمینیدا لەساڵی ٢٠٢٣دا،جێمس کاریۆکی لە بەریتانیا وەک سەرۆک و ناتالی برۆدھێرست لە فەڕەنسا وەک جێگری سەرۆک ھەڵبژارد،ئەنجومەنەکە جارێکی تر لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥دا کۆدەبێتەوە.
• لەساڵانی یەکەمی تەمەنی نەتەوە یەکگرتوەکاندا،١١ ھەرێم خرانە ژێر سەرپەرشتیکردنی سیستەمی نێودەوڵەتیەوە. دواتر ھەر ١١ ھەرێمەکە بەونە وڵاتانی سەربەخۆ یان چوونە پاڵ وڵاتانی سەربەخۆی دراوسێیانەوە، لەساڵی ١٩٩٣دا کۆتا ھەرێمی ژێر سەرپەرشتی نێودەوڵەتی کە بریتی بوو لە ھەرێمی زەریای ئارام( پالاو) کە لە ژێر بەڕێوەبردنی ئەمریکادا بوو نەتەوە یەکگرتوەکان کۆتایی بە ڕێکەوتنی تایبەت بە سەرپەرشتیکردنی ھێنا لەساڵی ١٩٩٤دا،دوای ئەوەی کە بەویستی خۆی چوە پاڵ ئەمریکا لە ڕێگەی ڕاپرسیەکی گشتی دانیشتوانەکەیەوە کە لەساڵی ١٩٩٣دا ئەنجامیدا و دواتر لەساڵی ١٩٩٤دا بوە وڵاتێکی سەربەخۆ و و بووە ئەندامی ژمارە ١٨٥ لە نەتەوە یەکگرتوەکاندا بەو پێیەی وڵاتێکی سەربەخۆیە.
جا لەبەرئەوەی لەساڵی ١٩٩٤دا ھیچ ھەرێمێک نەما لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی سەرپەرشتیاراندا( مجلس الوێایە) ھەربۆیە لە ١/١١/١٩٩٤دا ھەموو چالاکیەکانی ھەڵپەسارد.بەڵام ھێشتاش ئەو ئەنجومەنە وەک یەکێک لە دامەودەزگاکانی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکان ماوە و ھەرکات و لەھەر جێگەیەکدا پێویست بکات کۆبونەوە دەکات.
ئەو ھەرێمانە کامانەن کە سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی گروتونیەتەوە و بونەتە وڵاتانی سەربەخۆ؟
١. تۆگۆلاند لە ژێر ئینتیدابی بەریتانیادا : لەمانگی ٣/١٩٥٧ لەگەڵ کەناری ئاڵتون ( ھەرێمێک کە سیستەمی خۆبەڕێوەبەی نایگرێتەوە) بۆ دامەزراندنی وڵاتی غانا.
٢. کامیرۆن لەژێر بەڕێوەبردنی فەڕەنسادا : لە کانونی دووەمی ساڵی ١٩٦٠دا سەربەخۆیی خۆی بەدەستھێنا بەناوی کامیرۆنەوە.
٣. تۆگۆلاند لە ژێرئیدارەی فەڕەنسادا : لە نیسانی ساڵی ١٩٦٠ بەناوی تۆگۆوە سەربەخۆی خۆی بەدەستھێنا.
٤. ێۆمالیلاند لە ژێر ئیدارەی ئیتالیادا : لە تەمووزی ساڵی ١٩٦٠دا لەگەڵ ێۆمالیلاندی بەریتانیادا یەکیانگرت و وڵاتی ێۆمالیایان پێکھێنا.
٥. کامیرۆنی ژێر ئیدارەی بەریتانیادا: لە شوباتی ساڵی ١٩٦١دا و دوای ڕاپرسیەکی میللی،بەشی باکور لەو ھەرێمەی کە سیستەمی سەرپەرشتیی دەیگرتەوە چوە پاڵ نەیجریا،و بەشی باشووریشی چووە پاڵ کامیرۆن.
٦. تەنجانیقا لە ژێر ئیدارەی بەریتانیادا: لە کانوی یەکەمی ساَی ١٩٦٢دا سەربەخۆیی خۆی بەدەستھێنا و لەساڵی ١٩٦٤دا لەگەڵ زنجباردا یەکیانگرت لە یەک وڵاتدا بۆ پێکھێنانی کۆماری تەنزانیای یەکگرتوودا.
٧. ساموای ڕۆژئاوا لە ژێر ئیدارەی نیوزیلاندا: لە کانونی دووەمی ساڵی ١٩٦٢دا بەناوی ساموای ڕۆژئاواوە سەربەخۆیی خۆی ڕاگەیاندو لەساڵی ١٩٧٧دا ناوی خۆی گۆڕی بۆ ساموا.
٨. ڕواندا-ئۆرۆندی لەێر ئیدارەی بەلجیکادا : لە تەمووزی ساڵی ١٩٦٢دا بوونە دوو وڵات بەناوەکانی ڕواندا و بۆرۆندی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری.
٩. ناورۆ: لە کانونی دووەمی ساڵی ١٩٦٨دا کە لەژێر ئیدارەی ئوستوڕالیادا بوو بەوەکالەت کە بریتی بوو لە ئیدارەی ئوستوڕالیا و شانشینی یەکگرتوو و نیوزیلاند،سەربەخۆیی خۆی وەرگرت.
١٠. غیینای نوێ/ بابوا غینیای نوێ لەژێر ئیدارەی ئوستورلیادا : لە ئەیلولی ساڵی ١٩٧٥دا یەکیانگرت لەگەڵ ھەرێمی بابوا کە حوکمی زاتی ھەبوو،کە بەھەمان شێوە لە ژێر ئیدارەی ئوستوڕالیادا بوو،بوە کۆماری بابوا غینیای نوێی سەربەخۆ.
١١. دورگەگانی زەریای ئارام لە ژێر ئیدارەی ئەمریکا- میکرۆنیزیا: لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٠دا کۆمارەکانی میکرۆنیزیای یەکگرتوو کە حوکمی زاتی ھەبوو بەشێوەیەکی تەواوەتی لەگەڵ پەیوەندی ئازادانەدا بە ئەمریکاوە.
١٢. دورگەکانی زەریای ئارام لە ژێر ئیدارەی ئەمریکا- دورگەکانی مارشاڵ: لە تشرینی یکەمی ساڵی ١٩٩٠ کۆماری دورگەکانی مارشاڵ بونەخاوەنی حوکمی زاتی خۆیان بەشێوەیەکی بەتەواوەتی بەدەستھێنا لەگەڵ پەیوەندی ئازادانە لەگەڵ ئەمریکادا.
١٣. دورگەکانی زەریای ئارام لەژێر ئیدارەی ئەمریکا-دورگەکانی ماریانای باکوور: لە تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٩٠دا کۆمۆنوێڵسی دورگەکانی ماریانای باکوور حوکمی زاتی خۆیان بەتەواوەتی بەدەستھێنا لە چوارچێوەی کۆلۆنوێلی سەر بە ئەمریکا.
١٤. دورگەکانی زەریای ئارام لە ژێر ئیدارەی ئەمریکادا: لە تشرینی یەکەمی ساڵی ١٩٩٤دا پالاو حوکمی زاتی خۆی بەتەواوەتی بەدەستھێنا لەگەڵ پەیوەندی ئازادانەی لەگەڵ ئەمریکادا.
• ئایا ھەرێمی کوردستانی عێراق،دەتوانرێت بخرێتە ژێر سایەی سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتیەوە ؟ میکانیزمەکان بەو ئاڕاستەیە چین؟
وەڵامی ئەم پرسیارانە،تەواو یاساین و کەسانی پسپۆڕ لە یاسای نێودەوڵەتیدا دەتوانن بەووردی و گشتگیری وەڵامیان بدەنەوە و ڕێگا ومیکانیزمە پێویستەکانیش دیاریبکەن،بەڵام ئەوەی ئێمە لێیتێگەیشتووین و بەپێی مادەی ٧٧ لە میساقی نەتەوە یەکگرتوەکان و لەخاڵی ((٣))دا ئەو ھەرێمانە دیاریکراون کە سیستەمی سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی دەیانگرێتەوە بریتییە لە (( ئەو ھەرێمانەی کە بەتەواوی ئیڕادە و ویستی خۆیان لەلایەن وڵاتی بەڕێوەبەرەوە دەخرێتە ژێر سەرپەرشتیکردنەوە)).
• لێرەدا ئەم ھەنگاوەش دەبێت لەڕێگەی:
١. چێکردنی ڕاپرسییەکی میللی لە ھەرێمی کوردستان بۆ دەنگدان و بڕیاردان لەسەر خستنە ژێر سایەی نەتەوەیەکگرتوەکان وئەنجومەنی سەرپەرشتیارانەوە.
٢. ڕێکەوتنی دانیشتوانی ھەرێمی کوردستان (( حکومەتی ھەرێمی کوردستان))ە لەگەڵ حکومەتی عێراقدا وەک لایەنی بەڕێوەبەری ھەرێمەکە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان بخاتە ژێر سەرپەرشتیکردنەوە.
٣. ئەوکات لەلایەن ئەنجومەنی سەرپەرشتیارانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ھەرێمی کوردستان سەرپەرشتی دەکرێت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو تا ئەو کاتەی مەرجەکانی سیستەمی خۆبەڕێوەبەری یان سەربەخۆی وەدیدێت و ئەوکات بڕیار دەدرێت بەجیابونەوە لە دەوڵەتی عێراق.
٤. دواتر دان نانە بە قەوارە و سنووری دیاریکراوی ھەرێمی کوردستاندا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ و بوونە ئەندام لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان وەک وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەری.
• ئاڵنگاری و ڕێگرییەکان لەبەردەم ئەم پڕۆسەیەدا
بە وردبونەوە لە دۆخی ھەرێمی کوردستان وەک ھەرێمێکی دەستوری لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵدا و پێشتریش پێکەوەلکاندنی ئەم ھەرێمە لەساڵی ١٩٢٥-١٩٢٦ بە ڕێکەوتنی ھەرسێ دەوڵەتی بەریتانیا و تورکیا و عێراقی ئەو کاتە.ھەرێمی کردستان (( ولایەتی موێڵ)) بۆتە بەشێک لە دەوڵەتی عێراق و ماوەی نزیکەی ١٠٠ساڵی ڕێکە لەلایەن دەوڵەتی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت وەک بەشێکی دابڕێندراو لە میراتی دەوڵەتی عوسمانی دۆڕاو لە جەنگی جیھانی یەکەم.سەرەڕای ئەو ھەموو ساڵانەی کە کورد لەم ھەرێمەدا بەبەردەوامی لە شۆڕش و ناڕەزایەتی و خۆپیشانداندا بوە دژی داگیرکاری دەوڵەتی عێراق و داوای سەربەخۆیی و جیابونەوە و دامەزاندنی حکمڕانیەکی خۆسەری و دیاریکردنی مافی چارەنوس و دواھەمینیشیان پێکەوەکارکردنە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی فیدڕاڵیدا لە ئەنجامی ڕاپرسیەکی گەلانی عێراقەوە بە گەلی کورد لە ھەرێمی کوردستاندا.بۆیە:
١. کارێکی سەختە کە کۆمەڵگەی عێراقی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی ڕێگە بەو کارە بدەن ،نموونەش ئەنجامدانی ڕیفراندۆمەکەی ٢٥/٩/٢٠١٧ بوو کە ھەمووان دژایەتیان کرد و سەریی نەگرت.
٢. پەرتبوون و ناتەبایی کۆمەڵگەی کوردیە لەم ھەرێمەدا بەسەر حیزب و سەرکردە سیاسیەکانی ناوخۆ لەلایەک و دواتریش پەیوەستبوونیان بە بەرژەوەندی وڵاتانی ناوچەکەوە لەلایەکی ترەوە،کە بونەتە ڕێگر لەبەردەم وەدیھێنانی ئەو ئامانجەدا.چونکە ئەو وڵاتانە و بەتایبەتی تورکیا و ئێران و سوریا کە بۆخۆشیان ملیۆنان کوردیان تیادا دەژی دەترسن دواڕۆژ وڵاتەکانیان ڕووبەڕووی ھەمان چارەنوس ببێتەوە،بۆیە ھەتا دەتوانن دژایەتی ئاوھا کارێک دەکەن.
بۆیە خستنی ھەرێمی کوردستان بۆ ژێر سەرپەرشتیکردنی نێودەوڵەتی تاڕادەیەکی زۆر کارێکی گەر مەحاڵ نەبێت ئەوا زۆر سەختە و ڕێگری زۆر لە بەردەمدایە.
باشترین چارەسەر بەھێزکردن و چەسپاندنی ئۆرگانەکانی حوکمڕانی ھەرێمی کوردستانە بەشێوەیەکی دیموکراسیانە و ئازادانە و دادپەروەرانە و پێشخستنیانە بۆئەوەی ڕای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناوچەیی قبوڵی بکەن و دواتریش لەگەڵ دەوڵەتی عێراقیشدا بگەنە ڕێکەوتنێک لەو بارەیەوە بۆئەوەی پڕۆسەکە بە ئاشتیانە و دوور لە جەنگ و توندوتیژی بەڕێوەبچێت و وەک ڕیفراندۆمەکەی بەسەر نەیەت.کە ئەم ھەگاوە و پڕۆسەیەش چەندین ساڵی پێویستە و پێویستی بەپشوودرێژی و چاوەڕوانی زیاتر ھەیە بۆ گۆڕانکاری لە بارودۆخە سیاسی و ئابوری و ئەمنی و جیۆپۆلەتیکەکانی ولاتانی ناوچەکە بەتایبەتی تورکیا و ئێران وەکو دوو زلیھێزی ناوچەکە.
سەرچاوەکان:
.١https://www.un.org
.٢https://www.aljazeera.net
.٣https://ar.wikipedia.org
.٤https://www.un.org/ar