لە ڕۆژی جیهانی کتێبدا، لای خۆمان کۆمەڵێ ووتار نوسران، تێکڕایان باس لە ڕۆڵی کتێب و گرنگی کتێب دەکەن، داوا دەکەن وەزارەتی ڕۆشنبیری مکوڕیی بکات لەسەر بڵاوکردنەوەی کتێب و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەسەر خوێندنەوەی کتێب و نوسینی کتێب و ڕەخنە گرتنی جدیی لە میللەتی کورد کە بۆچی ناخوێننەوە.
لە ڕاستیدا پێوەری هەر دیارەیەک، پێویستی بە شەن و کەو کردنی بارودۆخەکەیە، خوێندنەوەی مرۆڤەکانە پێش چاپکردنی کتێبەکان.بۆ نمونە کاتێ مرۆڤێک نەخۆش ئەکەوێت، نابێ مامەڵەی کەسێکی تەندروستی لەگەڵدا بکەین، بەڵکو ئەبێ سەرەتا بزانین نەخۆشییەکەی چییە و هۆکاری نەخۆشییەکەی چییە و دەرمانی نەخۆشییەکەی چییە.
ئێمە لەبەردەم بارودۆخێکداین ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی نەخوێندەواریی و واز هێنان لە خوێندن لە هەڵکشانێکی خێرادان، زیاتر لە پانزه ساڵە هەڵگری بڕوانامەکانمان دامەزراندنیان لێ قەدەغە کراوە، بەو جۆرە لەبەردەم زیاتر لە 120 هەزار گەنجی خاوەن بڕوانامەی بێ کار و بێ داهاتووداین، زۆربەیان پەشیمانن لەو پڕۆسەی خوێندنەی زیاتر لە پانزە ساڵی تەمەنیانی خوارد و دینارێکی نەخستە گیرفانیانەوە، بەرە بەرە ئینتیمایان بۆ خاک و نەتەوە و کولتوور کاڵ بۆوە و زۆربەیان بیرۆکەی کۆچکردن لە ناخیاندا هات و چوو، تاراوگە بووە تەنها فریادڕەسیان، بۆ ئەوەی بە لایەنی کەمەوە لەو خاکە دوور بکەونەوە کە بووەتە گۆڕستانی خەون و هیوا و ئامانجەکانیان.
لێرەدا چۆن داوا لەو گەنجانە بکەین لە چاوەڕوانی کارێکدا پیر بوون، کتێب بخوێننەوە؟
بە چی قەناعەت بە دەیان هەزار کچ و کوڕی لاو دەکەیت کتێب بخوێننەوە، بە بڕوانامەیەکی گەورەوە لە فەرمانگەکاندا کار بە خۆڕایی ئەکەن و پێیان ئەووترێت: خۆبەخش ؟ سامان و داهاتی کۆمەڵگایەک لەلایەن بەشێکی کەمی کۆمەڵگاوە قورخ کرابێ و زۆرینەی لێ بێبەش کرابێ، ئەبێ کتێب لە کوێدا جێی بێتەوە و کامیان بیخوێننەوە؟ ئاشکرایە جەردە کتێب ناخوێنێتەوە و ئەوەیشی ماڵ و ژیانی دزرا بێ نایپەرژێتە سەر کتێب خوێندنەوە. ئایا چ لۆژیکێکی تێدایە لەسەر خوانی نیشتمانیی، زۆرینە بۆیان نەبێ بخۆن و پێیشیان بڵێین بۆچی کتێب نانوسن و کتێب ناخوێننەوە ؟ ئەوان بە پێش چاویانەوە خەڵکێک بە بێ ماندوو بوون ئەبێتە ملیاردێر، ئەمان بە ماندووبوونەوە نان نییە بیخۆن، کتێبی چی بخوێننەوە ؟ کەسێک قوڕقوڕاگەی توند شەتەک درابێ و پێی بووترێت بخوێنە و بنووسە، ئەبێ چی بخوێنێتەوەو چی بنوسێت لە کاتێکدا ئەو خەریکە ئەخنکێت.
ئەمە وەک ئەوە وایه بچیتە گۆڕستانێک و داوا لە مردووەکانی بکەیت هەستنە سەر پێ و یارییەکی تۆپی پێ ئەنجام بدەن،ڕاستە تۆپی پێ وەرزشێکی جوان و کۆمەڵایەتییە، کولتوور و نەتەوەکان پێک ئەناسێنێ، بەڵام ئەم داواکارییە لە مردووەکان، نالۆژیکیی و گاڵتەجاڕییە، وەک ئەوە وایە بە کەسێکی برسی و تینوو بڵێیت با بڕۆین گەشتێکی شاخەوانیی بکەین، بە نەخۆشێکی کوامای قاوشی چاودێری وورد بڵێیت هەستە گۆرانییەکمان بۆ بڵێ.
چۆن داوای خوێندنەوەی کتێب لە میللەتێک ئەکەن، گەورەترین هیوا و خەون و ئامانجی هەڵگرێکی بڕوانامە ئەوەیە کارێکی دەست بکەوێت و چیدی دەست لە دایک و باوکی پان نەکاتەوە پارەی پۆشاکێک و جوتێ پێڵاوی بدەنێ ؟ جێگای شەرمەزارییە داوای کتێب خوێندنەوە لە گەنجێک بکەین، دوانزه ساڵە خوێندنی تەواو کردووە هێشتا دانەمەزراوە و بێ کار ئەسوڕێتەوە و یەک دنیا گرێی دەروونیی بۆ دروست بووە، لە پێش چاویدا کۆشک و ئوتومبیلی گرانبەها بە دەست خەڵکی نەخوێندەوارەوەیە و ئەمیش خەو بە مافە سەرەتاییەکانەوە ئەبینێ، هاوسەرێک و دوو ژوور و کارێک ؟ ڕەنگە بوترێت بۆچی گەنجەکان ناچن لە کەرتی تایبەتدا کاربکەن؟ ئاگاداری کۆمپانیایەکی دەرمانم داوای چوار کەسیان کردووە بۆ دامەزراندن، 30هەزار داواکارییان بۆ هاتووە تیایاندایە 5 زمانی زیندووی جیهانیی ئەزانێ، هەڵگری بڕوانامەی پزیشکی دەست ودامانیان بووە وەک پاککەرەوە دایمەزرێنن، با دوور لە تانە و تەشەری دۆست و دوژمن دوو دیناری لە کاری زەمین سڕیندا دەست بکەوێ!
میللەتێک بانگهێشتی کتێبی چی دەکەیت گەورەترین کتێبی فەرمانبەرەکانی ئەوە بێ هەواڵی موچەی مانگ بڵاوبکرێتەوە ؟
ئێمە لە بەردەم کۆمەڵگایەکداین، باری دەروونی و کۆمەڵایەتیی شێوێنراوە، تیۆرەکەی بافلۆفی لەسەر جێبەجێکراوە و بووە بە مرۆڤێکی تاک ڕەهەند، وەک چۆن کاتێ بافڵۆف گڵۆپەکەی دادەگیرساند، لیک بە دەمی سەگەکەدا ئەهاتە خوارەوە، چینی خوێندەواری کوردیش تەنها خوێندنەوەی هەواڵەکانی موچە و دامەزراندن سەرقاڵی ئەکەن و کاری تێ ئەکەن، تامەزرۆیی و گوڕ و تینی تێدا دروست ئەکەن. ناکرێت بەو خەڵکە بڵێیت بۆچی ڕۆمان و شیعر و ووتار ناخوێننەوە ؟ چونکە هەر ئەم میللەتە بوو لە حەفتا و هەشتاکانی سەدەی ڕابوردوودا لای کتێبفرۆشەکان ناوی خۆیان تۆمار ئەکرد بۆ ئەوەی دانەیەکیان لە کتێبێک دەست بکەوێت کە لە ژێر چاپدا بوو، چونکە خەڵکەکە هەمووی خوێنەری جدیی بوون و کتێب بە خێرایی لە بازاڕدا نەدەما. میللەت هەر ئەو میللەتەیە کە 45 ساڵ پێش ئێستا لە هەمان ڕۆژدا کە گۆڤاری نووسەری کورد و کاروان و بەیان و ڕۆشنبیریی نوێ دەردەچوون، یەک دانەی لە بازاڕدا نەدەمان. ئەی بۆچی ئێستا دوای ئەوەی هەزاران کتێبی دەزگاکان لە بازاڕدا تۆزیان لێ نیشت ، بە بارهەڵگری گەورە ڕەوانەی کوردستانی ئەودیو کران هەتا لە کۆمارەکەی قازی خوێنەریان بۆ پەیدا بکەن، شار بە شار گێڕایانن،چۆن بردیانن هەروا هێنایاننەوە، پێویستە پرسیار لە خۆمان بکەین ئەم میللەتە بۆچی بەو دەردە برا؟ ئەم خەڵکە بۆچی کرا بە دوژمنی کتێب؟ بۆچی نوسەر هێندە بێ نرخ و تەنیا و پەڕاوێز خرا، کە لە ڕووی نەیەت بڵێ من نووسەرم؟
لە ڕاستیدا،کاتی سەدام حسێن وڵاتی کوێتی داگیرکرد و سزای ئابڵوقەی ئابووریی بەسەر عێراقدا سەپێنرا، واتا ساڵی 1991، کاتێ نان چووە قوڕگی شێرەوە، کاتێ نووسەران و خوێنەران، کتێبەکانیان هەرزانفرۆش کرد بۆ ئەوەی بە پارەکەی چەند کیلۆیەک ئارد بکڕن و نەهێڵن مناڵەکانیان لە برسا بمرن، کاتێ تەنانەت بیریارێکی گەورەی وەک دکتۆر عەلی وەردی، دەستنوسەکانی هێنایه سەر شەقامی موتەنەبی و هەرزانفرۆشی کردن بۆ ئەوەی نانە وشکەی دوا ڕۆژەکانی تەمەنی پێ دابین بکات، هەر لەو کاتەوە ئیتر کتێب ئەو بەهایەی نەما، چونکە مرۆڤێکی عێراقیی شێوێنراو هاتە گۆڕێ، مرۆڤێک کە هەوڵی یەکبینەی بۆ کۆکردنەوەی خواردن و پارە بوو، ئیتر گرنگ نییە چەندێک خواردن و پارەی هەیە، بەڵکو دۆخێکی دەروونیی بەکۆمەڵی وای بۆ دروست بوو، کە پارە و خواردن ببێتە پیرۆزترین دەسکەوتی، خزمایەتیی و نیشتمانپەروەریی و ئایین و هەموو بەهاکان بوون بە قوربانی پارە و خواردن.
لەبەرئەوە ئەبێ لەلامان ئاسایی بێ لە جێی کتێبخانە فرۆشگای پیتزا و فەلافل دابنرێ، چونکە میللەتەکە ئەوەندە بە فلتەری برسێتیدا براوە، ئەو کاتەی کە تێرە لە هەموو کاتێ زیاتر برسییە. ئەبێ ئاسایی وەریبگرین کاتێ فرۆشگاکانی کتێب ئەبن بەفرۆشگای مۆبایل،چونکە مۆبایل بە لایەنی کەمەوە هەواڵی موچە و هەلی کار و پەیوەندیی لەگەڵ کەسانی دوورە وڵات و هەلی کۆچیان پێ ڕادەگەیەنێ. ئەبێ لەلامان نورماڵ بێ کاتێ خەڵکێکی زۆر ئەگەڕێنەوە بۆخواپەرستی و سەر دەکەنە سەرگەشتی حەج و عەمرە و قورئان لەبەرکردن،چونکە تێکڕایان لە دنیادا مایەپوچ کراون و هەوڵ بۆ ڕۆژی قیامەت دەدەن بەڵکو تیایدا بتوانن هاوسەرگیریی بکەن و ببنە خاوەن ماڵ و ژیانی تایبەتی خۆیان.
لە بەرامبەردا ئەبێ دان بەوەیشدا بنێین خوێنەرێکی زۆریشمان هەن، بەڵام خوێنەری چۆن؟ خوێنەری کتێبی نوشتە و نوکتە و لێکدانەوەی خەون و سیحر و سێکس و ئەو کتێبانەی کە دەڵێن چۆن ئەبیتە ملیۆنێر؟ چۆن بە پاسکیلسواریی ئەگەیتە ئەوروپا ..ئەم خوێنەرانەیش خوێنەری تێکشکاو وخەمگینن، هەوڵ ئەدەن کتێبی ساختە بخوێننەوە دوای ئەوەی لە ژیانی ڕاستەقینەدا هەموو ڕێگاچارەیەکیان بە دەستەوە نەما،بەو جۆرە بە دوای مەحاڵ وخەیاڵپڵاو و فەنتازیادا ئامادەن سەدان کتێبی بێ سود و بێ سەواد بخوێننەوە.
ماوەتەوە بڵێم، هەر لە ساڵانی نەوەدەکاندا، کاتێ کرێچی بووم و ماڵە و ماڵ کەل و پەلەکانم ئەگواستەوە، کرێکارێکی کۆڵهەڵگر کەل و پەلەکانمی ئەگواستەوە، پێی ووتم : مامۆستا! ئەم فەردانە بڕستیان لێ بڕیم، زۆر قورسن، توخوا ئەوە چییان تێدایە ؟
ووتم : کتێب!
بڕێکی باش پێکەنی، ووتی : بریا لە جیاتی ئەو هەموو کتێبە دوو قەلەمونت ڕاگرتایە، من شانزە ساڵ خوێندوومە و ئێستا کۆڵهەڵگرم، وا دیارە تۆ هێشتا خەبەرت نەبۆتەوە!