حەماس لە نێوان ئیسلام و ئیسڕائیلدا

عەلی سیرینی
  2023-10-26     360

لەم وتارەدا، سێ خاڵی گرنگ دەخەمە ڕوو، یەکەم: ئایا جولەکەکان دەتوانن بڵێن ئەو خاکەی ئەمڕۆ پێی دەوترێت ئیسڕائیل هی خۆیانە، هەڵوێستی شەریعەتی ئیسلام لەم بارەیەوە چییە؟ دووەم: ئایا شەڕکردن لەسەر خاکی فەڵەستینی ئەمڕۆ (غەزە) دژی جولەکەکان بە جیهاد دادەنرێت؟ سێیەم: ئایا فەڵەستینییەکان خۆیان یاسای شەریعەت پەیڕەو دەکەن، یان ئیسلام تەنها وەک کارتێک بۆ پرسێکی نەتەوەیی–نیشتمانیی بەکاردەهێنن، کە دەیانەوێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی، بەهیوای دەستکەوتی زیاترەوە، جاڕی بدەن؟

خاڵی یەكەم: ئایا جولەکەکان مافی خۆیانە بانگەشەی ئەوە بکەن کە ئەوان خاوەنی ئەو خاکەن کە ئیسڕائیل حوکمڕانی بەسەردا دەکات؟ لە شەریعەتی ئیسلامدا، یاسایەکی جێگیر هەیە کە زیاتر لە چواردە سەدەیە نەگۆڕاوە، ئەویش ئەوەیە "ماف ماوەی بەسەر ناچێت: ئێكسپایەر نابێت"، واتە ئیدیعای مافێک لەلایەن خاوەنەکەیەوە  كە لێی ستێنراوە، ناپوكێتەوە، بەهۆی كات بەسەرچوون. چەند زانای شەریعەت هەن کەمێك بۆچوونێکی جیاوازیان هەیە، هەر چەندە لە بنەڕەتدا لە گەڵ بۆچوونی پێشوو كۆكە (بۆچوونەکەیان نوێنەرایەتی كۆڕای شەریعەت ناکات، كە بەهێزترە لە ڕای تاك). ئەم زانایانە دەڵێن مافێک بە هۆی تێپەڕبوونی كات دەپوكێتەوە، ئەگەر ماوەیەکی زۆر بە سەر چوو، کەس نەبوو داوای بکات. لەم بوارەدا موسڵمانان و غەیرە موسڵمانان یەکسانن، چونکە مافی شەرەف و کەرامەت و خاوەنداریەتیی، لە شەریعەتی ئیسلامدا، بۆ هەموو كەس وەك یەك پارێزراوە. واتە موسڵمان ناتوانێت هێرش بکاتە سەر کەسێکی غەیرە موسڵمان (چ شوێنکەوتووی ئایینەکانی تر بێت، یان تەنانەت ئەگەر بێ باوەڕیش بێت) و ماف و موڵک و ماڵی لێ زەوت بکات. پرسیار: ئایا پێش هاتنی ئیسلام جولەکەکان لە ئیسرائیلی ئێستادا هەبوون؟ ئایا دەرکردنیان لەلایەن ڕۆمەکانەوە مافی ئەوەی بە عەرەب و موسڵمانەکان بەخشی دەست بەسەر ئەو زەویەدا بگرن، کە پێشتر زەوت كرابوو؟ شەریعەتی ئیسلام پێمان دەڵێت کە سودمەندبوون لە زەوییە دەستبەسەرداگیراوەکان حەرامە، تەنانەت زاناكان لەوە زیاتریش ڕۆیشتن، دەڵێن عیبادەتکردن (بۆ نمونە نوێژ) لەسەر زەوییە زەوتكراوەكان دروست نییە. زۆر زانا هەبوون لە ساڵی 1990، فەتوایەکیان دەرکرد تیایدا هاتبوو، نوێژی سەربازانی عێراق لەسەر خاکی کوەیت قبوڵ نییە، چونکە لە کوێتییەکان زەوت كرابوو، هەرچەندە دەیانزانی کە دەستبەسەرداگرتنی ئەو خاکە تەنها داگیرکارییەکی سیاسی-سەربازی بوو، تەنیا دەسەڵاتی  ئەوكاتی کوەیت لابردرا، نەك میللەتەكەی دەربەدەر بكرێت. ڕەنگە کەسێک بڵێت، بەڵام خاکی ئیسرائیل یاسای شەریعەتی تایبەت بە فەتحکردنەکان دەیگرێتەوە، بەڵام شەڕی حەماس دژ بە ئیسڕائیل بە هیچ شێوەیەک ناچێتە چوارچێوەی یاسای فەتحەکانەوە. سەبارەت بە یاسای فەتحەکان، لە وتارێكیتردا دەگەڕێمەوە سەر ئەم بابەتە، چونکە ئاڵۆزە و ڕوونكردنەوەی زیاتری دەوێت. به ڵام تەنانه ت به پێی یاسای فەتحەکان، هاتنه ناوەوەی ئیسلام بۆ ناو خاکی ئەوانی دیکه، به یاسای توند سنووردار دەکرێت، قه دەغه دەکات قۆرخکردنی زەوی و دزینی موڵک و سەپاندنی دین به زەبری شمشێر بە سەر ئەوانیدیكه. حوکمی ئیسلام لە سەردەمی فەتحەکاندا، دەسەڵاتی سیاسی و سەربازی وەلا دەنا، بەڵام دەسەڵاتداران و سوڵتانە موسڵمانەکان بۆیان نەبوو دەست بەسەر زەویی غەیرە موسڵمانەکاندا بگرن و زەوتی بكەن. نموونە زۆرن کە بە ڕوونی ئەمە دەسەلمێنن (بۆ نموونە کەنیسەی بەناوبانگی مەسیحیی لە دیمەشق، لەلایەن ئەمەوییەکانەوە کرا بە مزگەوت، بوونی موسڵمانان لە ئیسپانیا، عوسمانییەکان لە یۆنان و هتد: لێرەدا ناتوانم بە وردی ئەم نمونانە باس بكەم). تەنها شتێک کە غەیرە موسڵمانەکان دەبوو بیکەن ئەوە بوو کە سەرانە (جزیە) بدەن. مانای جزیە زۆر شێواوە، بەڵام بە واتای پێدانی بەدەلە بۆ خزمەتی سەربازیی، چونکە حوکمی ئیسلام غەیرە موسڵمانان ناچار ناکات لە سەربازیدا خزمەت بکەن، بە لەبەرچاوگرتنی لایەنی ئایینی ڕەعیەتەکانی غەیرە موسڵمان (نەبادا غەیرە موسڵمانەکان ناچار بن شەڕ لە گەڵ هاوئایینەكانیان بكەن). هەروەها له بەرامبەر زەكات و ئەركە داراییەكانی تری مسوڵمانان، غەیرە موسڵمانان ته نها جزیه دەدەن و زەوی و ماڵ و موڵک و شێوازی ژیانی خۆیان دەپارێزن. کەواتە ئەی چی بۆ جولەکەکان لە کاتی فەتحی ئیسلامیدا؟ یەک دەقی ئیسلامی نییە کە گەڕانەوەی جولەکەکان بۆ سەر خاکەکەیان قەدەغە بکات کە لێی دەرکراون. بەڵکو ئەمە بە مافێکی شەرعی دادەنرێت تەنانەت ئەگەر ئەم دەوڵەتە ئیسلامییە یان ئەویتر پابەند نەبێت پێیەوە، چونکە جولەكە پێش ئەوانی تر لەوێ بوون و دەرکردنیان بە دەستدرێژییەک دادەنرێت پێویستی بە دادپەروەری شەریعەتی ئیسلام هەیە مافی گەڕانەوەیان پێبدات (ئەگەر دادپەروەریی ئیسلام لەبەرچاو بگرین کە ئایینێکی گەردونیە). ئایا جولەکەکان هەرگیز دەستبەرداری مافی گەڕانەوەیان بوون بۆ ئیسڕائیل، ئایا لە خەونی گەڕانەوەیان وازیان هێناوە لەوەتەی لە خاکی ئیسرائیل دەرکراون؟ من ناتوانم وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، جولەکەکان پێویستە وەڵامیان هەبێت. بەڵام ئەگەر وەڵامی جولەکەکان ئەوە بێت کە هەرگیز دەستبەرداری ئەم مافە نەبوون، ئەوا مافی گەڕانەوەیان بۆ خاکی ئیسرائیل و ژیان لەوێ بە ئاشتیانە ڕەوایە، هەر لەو کاتەوە لە خاکەکەیان دەرکران تا دواهەمین ڕۆژی ئەم جیهانە. ئەمە یاسای شەریعەتی ئیسلامە، تەنانەت ئەگەر زۆرێک لە زانایان بترسن لە ڕاگەیاندنی، بۆ ڕەچاوکردنی سیاسی و خۆ تەباكردن لە گەڵ عامێ و ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی خود و پێگەی خۆیان لەناو خەڵکدا.

خاڵی دووەم: ئایا شەڕی ئەمڕۆ لەسەر خاکی فەلەستین بەپێی پرەنسیپی شەریعەتی ئیسلام بە جیهاد دادەنرێت؟ چەمکی جیهاد گشتگیر و فراوانە، بەڵام لێرەدا مەبەستمان ئەو بەشەیە کە پەیوەندی بە جەنگەوە هەیە. لە ئیسلامدا دوو جۆر جیهادی جەنگ هەیە. یەکەمیان جیهادی داواکارییە و دووەمیان جیهادی بەرگریی. جۆری یەکەم، بە کورتیی، گەیاندنی بانگەوازی ئیسلامە بە خەڵک و ئەگەر هێزێک بەربەست بێت لە گەیاندنی ئەم بانگەوازە، موسڵمانان هێز بەکاردەهێنن بۆ لابردنی ئەو هێزەی بەربەستە لە بەردەم بانگەوازی ئیسلام. بە چەمكی هەنوكە، شەڕ لێرەدا بۆ ئازادی بیروڕایە. واتە ئەگەر ڕێگە بە بڵاوبوونەوەی بانگەوازی ئیسلام بدرێت (وەک لە وڵاتانی ڕۆژئاوای ئەمڕۆدا)، ئەوا پێویستیی نامێنێت بۆ جیهادی داواكاریی. دووەمیان جیهادی بەرگریە، واتە بەرپەرچدانەوەی ئەو دەستدرێژکارەی کە هێرش دەکاتە سەر موسڵمانان و زەویەکانیان زەوت دەكات و هێرش دەکاتە سەر کەرامەت و ماڵ و موڵکیان. لەم جۆرە جیهادەدا موسڵمانان ڕووبەڕووی دەستدرێژکارەکانیان دەبنەوە. لێرەدا موسڵمانان دەبێت بەرگری لەخۆیان بکەن، ئەگەر نەیانتوانی، موسڵمانانی نزیکترینیان لەڕووی جوگرافییەوە دەبێت یارمەتیان بدەن، تا ئەو دەستدرێژییە بەرامبەریان دەوەستێت (ئەم پرەنسیپە گەردونیە و لەلایەن وڵاتان و ڕێکخراوە هاوچەرخەکانی جیهانەوە دانپێدانراوە). لە هەردوو جۆری جیهاددا یاسای توند هەیە کە دەبێت موسڵمانان پێیەوە پابەندبن. بۆ نموونه ده بێت، بە لایەنی كەمەوە، هێزیان یه کسان بێت به هێزی دوژمنەكەیان. نابێت زیندانییەک ئەشکەنجە بدەن و زەلیلی بکەن، نە بە هیچ شێوەیەک خەڵکی سڤیل بکوژن، کوشتنی ژن و بەساڵاچوو و منداڵ و شەڕنەكەریان لێ قەدەغە کراوە. ئەوەی لە شەڕ ڕا دەكات نابێت دوای بكەون. هەروەها زیانگەیاندن بە موڵک و ماڵ بڕین و سووتاندنی کێڵگە و باخ و دارستانەکان قەدەغەیە. شەڕەکانی حەماس لەگەڵ ئیسرائیل ناچنە هیچ کام لەو دوو جۆرەی کە لە سەرەوە باسمان کرد. لە سەرووی هەمووشیانەوە هێزی بزووتنەوەی حەماس و لە پشتیەوە وڵاتانی عەرەبی و ناوچەكە، بە هیچ شێوەیەک، بەراورد ناکرێت بە هێزی ئیسرائیل. بۆ نموونه عێراق، له ڕووی سه ڕبازی یو سیاسیی و دارایی و ئابووریی و هتد، به هێزترین وڵاتی عەرەبی دادەنرا. لە ساڵی 1981، ئیسرائیل توانی بە فڕۆکەی ئێف ١٦ ڕیاکتۆری ئەتۆمی تەموز لە عێراق لەناوببات، بەڵام تا ساڵی 1991، لە سەردەمی جەنگی کوەیتدا گوێمان لەم جۆرە فڕۆکەیە نەبوو، کە توانی عێراق بە تەواوی لەناوببات، سەرەڕای ئەوەی عێڕاق هێزێكی گەورەی هەبوو، بەڵام نەیتوانی هیچ شتێک بکات سەبارەت بە باڵادەستیی تەکنەلۆجیای هاوپەیمانانی ڕۆژئاوا. ئەمڕۆ فڕۆکەی ئێف ١٦ بۆ ئیسرائیل بە چەکی بەسەرچوو دادەنرێت، بەڵام وڵاتانی عەرەبیی و ئیسلامیی هێشتا ناتوانن تەنانەت مۆدێلی زۆر کۆنتریش دروست بکەن. کەواتە یەکسانی لە هاوسەنگی هێز لە نێوان ئیسرائیل و فەلەستینییەکان لە کوێدایە؟ لەوەش خراپتر ئەوەیە ئەمرۆ هەموو جیهان، جگە لە چەند وڵاتێكی كەم نەبێت، لەگەڵ ئیسرائیل وەستاوە، ئەمەش بەو مانایەیە کە هەموو كۆششێك بزووتنەوەی حەماس بە دەستکەوتی دەزانێت، سبەی لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەبێتە بڵقی سەر ئاو. هاوسەنگیی نێودەوڵەتیی لە شەریعەتی ئیسلام بە گرنگییەوە داڕشتنی بۆ كراوە و پێی دەگوترێت بژاردەی نێوان زیان و قازانج (مبدأ الترجیح بین الضرر والنفع). بەڵام با بزانین کام لەو دوو هێزە، ئیسڕائیل و حەماس، لە کاتی شەڕ و پێکدادانەکاندا ڕێساکانی شەریعەتی ئیسلام ڕەچاو دەکات. ڕاستیەكەی ئیسرائیل لە ماوەی دەیان ساڵدا سەلماندی بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، زیاتر لە بزووتنەوەی حەماس ڕێز لە ڕێساکانی شەڕکردن دەگرێت. هیچ بەراوردێک لە نێوانیاندا نییە. حەماس و بزووتنەوە توندڕەوەکانی دیکە درێغییان نەکرد لە بەئامانجگرتن و سوکایەتیکردن بە خەڵکی مەدەنی لە ئیسرائیل، وەک لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان. موشەك بە هەموو لایەكەوە ئاڕاستە دەكەن. ئەگەر ئەو دەسەڵاتەی کە ئیسرائیل خاوەنییەتی، لە دەستی بزووتنەوەی حەماس بووایە، جولەکەکان تووشی جینۆسایدی ترسناک دەبوون، هەروەک چۆن پێکهاتە مرۆییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەسەر دەستی ڕێکخراوەکانی وەک داعش و قاعیدە توشی هاتن. ئامانجی ڕوونی بزووتنەوەی حەماس بریتییە لە “ڕزگارکردنی” هەموو ئەو خاکانەی کە بە فەڵەستینی دەزانێت، واتە بە شەڕکردن جولەکەکان بخاتە ناو دەریا، ئەمەش بە واتای قوربانیدانی گەورە و قوربانیدانی ژیانی هەزاران و تەنانەت ملیۆنان هاوڵاتی مەدەنییە لە هەردوولا. لە ماوەی چواردە سەدە، شەریعەتی ئیسلام نەیهێشتووە هیچ هێزێکی ئیسلام گیانی زۆرێک لە موسڵمانان بخاتە مەترسییەوە، بۆ ئەوەی خاکێک ڕزگار بکرێت، یان لە شەڕێکدا سەركەوتن مسۆگەر بكرێت. چونکە ئەولەوییەت لە شەریعەتی ئیسلامدا ڕزگارکردنی ژیانە، ژیانی موسڵمانان و دواتریش ژیانی ئەوانی دیكە (مەبەستیش له ڕزگارکردنی ژیانی غەیرە موسڵمانان، بۆ ئەوەی بتوانن بە ئارامی بژین و بانگەوازی ئیسلام گوێبیست ببن، بۆ ئەوەی لە ئازاری ڕۆژی قیامەت ڕزگاریان بێت. سەبارەت بە کۆتاییهێنانی ژیانیان، واتە لەدەستدانی دەرفەتی ڕزگاربوونیان لە ڕۆژی قیامەت، کە ئەمەش شتێکی نەخوازراوە لە باوەڕی ئیسلامدا). ئایا حەماس لە ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل ڕەچاوی یاسا و ڕێساکانی شەریعەتی ئیسلام دەکات؟ ئەمڕۆ گفتوگۆی گەرم لە نێوان موسڵمانان و بەتایبەت زانایاندا هەیە، بەهۆی شۆکی گەورەیان لە هەندێک لەو دیمەنانەی کە بینیمان، وەک ئەو ژنە ئیسرائیلییە ڕووتە، کە لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستبەسەرە، لەکاتێکدا نیمچە ڕووتە، كەچی چەکدارەکانی حەماس هاواریان دەکرد "الله أكبر." زۆرێك لە موسڵمانان دەڵێن ئەمانە کردەی تاکەکەسین، بەڵام چەند کردەی لەم جۆرە لەسەر دەستی گروپ و حزب و میلیشیا و ڕژێمە بەناو ئیسلامیەکان ڕوویداوە و بە بەردەوامی ڕوودەدات؟ پێم وایە وەڵامەکە بۆ هەموو لایەک ڕوونە: ئەم شەڕە بێمانایە، لە دوور و نزیك، گرنگی بە ڕێسا و یاسای شەریعەتی ئیسلام نادات.

خاڵی سێیەم: پرسی فەڵەستین لە نێوان ئیسلام و پەیوەندییە نێودەوڵەتییە هاوچەرخەکاندا. لەکاتی نووسینی ئەم بابەتەدا، بەڵكو زۆر پێش ئەم شەڕەی کۆتایی ئیسرائیل و حەماس، فڕۆکە و دڕۆن و تۆپخانەی تورکیا گوند و لادێ و شارۆچکەکانی ناوچەی باشور و ڕۆژئاوای کوردستانیان بۆردومان دەکرد. بۆردومانەکە تا ئەمڕۆش بەردەوامە، لانیکەم دەیان کوژراو و سەدان برینداری لە نێو خەڵکی سڤیلدا بەجێهێشتووە، ئەمە جگە لەوەی زیانێکی زۆر بە موڵک و ماڵ و کێڵگە کشتوکاڵییەکان کەوتووە. کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیلی کورد لەلایەن هەردوو دەوڵەتی تورکیا و ئێرانەوە لە ساڵی 1991ەوە نزیکەی ڕۆژانە ڕوودەدەن، هەزاران قوربانیی مەدەنی کورد هەن، بەڵام میدیای عەرەبیی و ئیسلامیی وەک مردووی ناو گۆڕ بێدەنگن، لە گەڵ ئەوەی دەزانن زۆربەی کورد موسڵمانە. ئەوەی سەیرە هەڵوێستی بزووتنەوەی حەماس و ڕێکخراوە فەڵەستینییەکانە بەرامبەر بە گەلی کورد. فەڵەستینییەکان بە توندی لەگەڵ سەدام حوسێن وەستان، ئەم هەڵوێستەش قەیدیناكا، چونکە ئەو بە توندی پشتگیریی لێیان دەکرد و شەیدای سەرکردایەتیکردنی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی عەرەبی بوو، کە دۆزی فەلەستینی لە پێناودا وەك ئەسپ تاو دەدا، فەڵەستینییەکانیش مەودای خوازراوی خۆیانیان لە ناویدا دۆزیەوەکە تێیدا، بەو شێوەی حەزیان پێیە خەونەکانیان بەرجەستە بکەن. به ڵام ئه مڕۆ پاڵپشتی ڕژێمی ئێران دەكەن، که به ترسناکترین شێوه زوڵم له کورد دەکات، دەشزانن ڕژێمی ئێران شیعەیە و سوننەكان به کافر ده زانێت (فەڵەستینییەكان و کورد). لەبری ئەوەی فەڵەستینییەکان لەگەڵ کورد بوەستن، بە هەموو هێزێکیانەوە لەگەڵ ڕێژیمی ئێراندا وەستاون، بەڵكو لە چەند بۆنەیەك وایان دەربڕیووە كە کورد دوژمنە و خائینە. فەڵەستینییەکان لەگەڵ دەوڵەتی تورک دژی کوردن، داخوازییەکانی کورد و زوڵم و چەوساندنەوەیان بەلاوە گرنگ نین. تەنانەت لە ساڵی 2017، کاتێك کورد ویستی خواستی خۆی ئازادانە لە ڕیفراندۆم دەرببڕێت، بزووتنەوەی حەماس و لایەنە فەڵەستینییەکانی دیکەش درێغییان نەکرد لەوەی ئەمە بە جۆرێک لە خیانەت و جیابوونەوە و هاوکاری لەگەڵ زلهێزە دەرەکییەکان بزانن. هەرچەندە کورد بە ئاشتیانە بیروڕای خۆی دەربڕی، و هێرشی نەکردە سەر ئەو وڵاتانەی کە داگیری دەکەن و بە خراپترین جۆری نادادپەروەریی و دەستدرێژی مامەڵەی كورد دەکەن. لە لایەکی دیکەوە، حەماس چاوەڕێی ئەوە دەکات کورد دەستبەرداری مافی خۆی بێت وەک گەلێکی خوازیاری سەربەخۆیی، بەڵکو گەلی کورد بە پێی چەمکێکی ناڕاستەوخۆی بە فەڵەستینیکردنی هەموو كاروباری مسوڵمانانی دونیا، دەبێت هەموو تواناکانی خۆی لە پێناو دۆزی فەڵەستین بخاتە بواری خزمەتكردنەوە. لە بەر ئەمە، فەڵەستینییەکان لە خەباتدان بۆ ئەوەی وەک دۆزی یەکەمی موسڵمانان بمێننەوە! بەڵام پرسی فەڵەستین لە بنەڕەتدا پرسێکی نەتەوەییە، بە مانای سیاسەتی هاوچەرخ، کە ئیسلام وەک کارتی دەسەڵات و فشار بەکاردەهێنێت. لە ژێر ڕۆشنایی ئەو هاوکێشە نێودەوڵەتیانەی کە ئەمڕۆ هەن، ئنجا لە ژێر پاڵەپەستۆی نەبوونی هیچ هاوسەنگییەکی هێز لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستینییەکان، هێزگەلێكی ناوچەكەمان (بۆ نمونە ئێران) پاڵ بە بزووتنەوەی حەماسەوە دەنێن بۆ سەرگەرمیی و دەرئەنجامە حسێب نەکراوەکان، كە خەڵكی ڕەشوڕوتی هەردوولا قوربانییەکی بەدبەختن. لەبەرامبەردا، بزووتنەوەی حەماس چەكێكی زۆر و بە ملیۆنان دۆلار وەردەگرێت. لەڕووی سەربازییەوە، لەلایەن چەند وڵاتێکەوە، حەماس پڕ چەك دەكرێت، بەڵام توانای سوتاندنی چارەکێکی ئیسرائیلیان نییە، چ جای هەمووی، بۆیە قسەكەی سەدام بۆ سووتاندنی نیوەی ئیسرائیل سی و سێ ساڵ لەمەوبەر، لە خۆبادانی حەماس زیاتر باوەڕپێکراوتر دەمێنێتەوە گوایە فەڵەستین ئازاد دەكات. ویستێكی شەڕانگێزی هاوبەش لە نێوان حەماس و ڕێکخراوە فەڵەستینییەکان و هەندێک وڵات و لایەنی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە، کە پێویستی بە هێشتنەوەی پرسی فەڵەستینە وەک پرسی یەكەم و پێشەنگی عەرەب و موسڵمانان. ئەم ویستە هاوبەشە ئامانجی سیاسی فرە و جیاوازی هەیە، کە پێچەوانەی بنەماکانی شەریعەتی ئیسلام و بەرژەوەندی گەلانی ناوچەکەیە. سەبارەت بە حەماس، بەم بەزمە، پارە و دەسەڵاتیان بۆ فەراهەم دێت و لە پێشەنگی سەرنجڕاكێشانی عەرەب و مسوڵماناندا دەمێننەوە. بۆیە زۆربەی فەڵەستینییەکان لە ساڵی 2011، دژی شۆڕشی سوریا وەستانەوە، چونکە شۆڕشی سوریا و نادادپەروەری ڕژێمی سوریا بەرامبەر گەلەکەی، پرسی فەڵەستینی پەڕاوێز خست زۆر چوویە دواوە، چونکە ئەوەی ڕژێمی سوریا لە سەرەتای ساڵی 2011ەوە، بەرامبەر گەلی سوریا کردی، ئیسرائیل لە ساڵی 1948ەوە، نیوەی ئەو تاوانانەی لە دژی فەڵەستینییەکان نەکردووە. سەبارەت بەو وڵات و لایەنانەی کە هاوبەشی ئەم ویستە شەڕانگێزەن، ئەوان لەنێو ئەو وڵاتانەدان کە تاوانی جەنگ دژی گەلەکانیان و هاوڵاتیانی مەدەنیان ئەنجام دەدەن، ڕێگە نادەن بچووکترین دانپێدانان بە مافەکانی خەڵکی مەدەنی و ئەو گروپە جیاوازانەی لەناویاندا چەوسێنراونەتەوە، بێتە كایەوە. ئەم وڵاتانە بە پاڵپشتیکردنی شەڕ دژ بە ئیسرائیل قەیرانەکانیان هەناردەی دەرەوە دەکەن، تاوان و کردەوەکانیان پەردەپۆش دەکەن، بەمەش کاتێکی زیاتر و ئۆکسجینی زیاتر بۆ خۆیان دەکڕن. ئەم ویستە شەڕانگێزە گرنگی بە هاوڵاتیانی مەدەنی فەڵەستینی نادات، بەڵکو چێژ وەردەگرێت لە قوربانیدان پێیان، دوور لە ویژدان و تەنانەت پشتگوێخستنی سەرەتاییترین ڕێساکانی شەریعەتی ئیسلامیش، کە ئەم لایەنانەی بەشدارن لەم خراپەکارییە هەمیشە تەپڵی بۆ لێدەدەن.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×