هۆکارەکانی گۆڕانی ئاووهەوا

د.ئیبراهیم محەمەد جەزا
  2024-12-28     201

پڕۆفیسۆر لە بەشی زانستەکانی زەوی و نەوت - زانکۆی سلێمانی

ibrahim.jaza@univsul.edu.iq

 

پێشەکی:

پێش ئەوەی بە وردی باس لە هۆکارەکانی گۆڕانی ئاووهەوا بکەین پێویستە دوو زاراوەی زانستی  ڕاڤە بکەین و بەرانبەرەکەیان لە زمانی کوردی  بچەسپێنین، هەر هیچ نەبێت لەم وتارەدا خوێنەر بزانێت باسی کامیان دەکەین و تێکەڵ نەبن. ئەو دوو زاراوەیە بریتیین لە  (Weather)  و (Climate) .  ئەم دوو زاراوەیە زۆر نزیکن و دۆزینەوەی بەرانبەر بۆیان لە زمانی کوردیدا لەوانەیە تا ئێستا کۆدەنگی تەواوی لەسەر نەبێت! زۆرینەی کات کەشوهەوا ، یان کەش، یان ئاووهەوا بۆ هەردووکیان بەکاردێت! بەباشی دەزانم پێناسەی هەردووکیان بکەین و کاتێک جیاوازییەکانیان دەرکەوت، ئەوکاتە دەتوانین بەرانبەریان لە زمانی کوردیدا بۆ دابنێین.  یەکەمیان واتە (Weather) زیاتر ڕەگەزەکانی کەش بۆ ماوەیەکی کورت دەگرێتەوە، واتە کەش چۆن بێت لەماوەی چەند کاژێرێک ، یان ڕۆژێک ، یان چەند ڕۆژێکی کەمدا و بۆ ناوچەیەکی بچووک لەسەر ڕووی زەوی(١) . هەرچی وشەی دووەم   (Climate) کە دەکرێت بە ئاووهەوا ناوببرێت ڕەگەزەکانی ئاووهەوا  بۆ ماوەیەکی دوورو درێژ وناوچەیەکی فراوانی سەرڕووی زەوی دەگرێتەوە، کە بەگشتی دەزگا زانستییەکان بەنزیکەیی ٣٠ساڵیان بۆ داناوە(٢). جیاوازییەکی تر، یەکەمیان (کەش) گۆڕانکاری خێرای بەسەردا دێت و ناجێگیرە و بەردەوام لە گۆڕاندایە، بۆیە بۆ گەشتیاران گرنگە و گەشتیاران هەمیشە چاویان لەسەرییەتی، بەڵام دووەمیان ( ئاووهەوا) گۆڕانکاری کەمی بەسەردا دێت و تائاستێک  جێگیرە، هەربۆیە دەکرێت بۆ گەشتیاران زۆر جێگەی بایەخ نەبێت و بەڵکو بۆ لێکۆڵەران و مەڵبەندەکانی توێژینەوەی ژینگە و بەرگەهەوا گرنگ بێت(٣).

لەم ڕوانگەیەوە بەبۆچوونی من وشەی کەش بۆ (Weather) و زاراوەی ئاووهەوا بۆ  (Climate) تائاستێک بەگونجاوی دەزانم، واتە هاوڕام لەگەڵ بۆچوونی برای بەڕێزم کاک عەلی کەریم ئیسماعیل (٣)! بەبڕوای من پێویست بە کەشوهەوا ناکات چونکە کەش پڕاوپڕ واتای وشە ئینگلیزییەکە دەدات و خۆی لە خۆیدا کەش باس لە هەوا دەکات، ئیتر پێویست بە وشەی هەوا ناکات لەگەڵیدا بێت. هەر لەزووەوە بەرانبەر وشەی (Weathering)  کە کردەیەکی زەویناسییە و زۆر گرنگە لە سروشتدا زاراوەی کەشکاری بەکارهێنراوە (٤ ) . بڕوام نییە کە زاراوەی ئاو وهەوا پڕاوپڕ بەرانبەربێت بۆ (Climate) بەڵام تائێستا زاراوەیەکی ترم نەبینیوە، یان نەبیستووە لەم باشتر بێت، کەواتە هەرهیچ نەبێت لە ئێستادا باوابێت و ئەگەر زاراوەی گونجاوترمان دۆزییەوە، یان بۆمان داتاشی ئەوکات دەیگۆڕین!

 

جۆرەکانی کەش:

سەرچاوەکان ئاماژە بۆ پێنج جۆر، یان پێنج ڕەگەزی گرنگی کەش دەکەن (٥)، کە ئەم ڕەگەزانە ئەوە دیاری دەکەن ڕۆژەکە هەورە یان باراناوییە، یان بای هەیە، یان ساردە، یان گەرمە و هتد... ئەم جۆرانەش دەکرێت ئاماژەیان پێبدەین:

١-با:جووڵەی هەوا با دروست دەکات و  دەکرێت خێرایی با بە ئامێری ئەنیمۆمیتەر بپێورێت.

٢-پلەی گەرمی:ئەم ڕەگەزەش ئاماژەیە بۆ بڕی بوونی گەرمیی لە هەوادا. لەڕێگەی ئامێری گەرمیپێوەوە دەپێورێت.

٣-دابارین:بریتییە لە بوونی ئاو لە هەورەکاندا، کە بەشێوەی جیاواز بۆ سەر ڕووی زەوی دادەبارێت، وەک باران و بەفر و تەرزە.

٤-بوونی هەور:بەشێوەیەکی گشتی ئاماژەیە بۆ بوونی هەور لە ئاسماندا، کە دروستکەری کەشن لە بەرگەهەوادا. هەڵبەت دەجۆر لە هەور بوونی هەیە و دەکرێت لەکاتێکی تردا باسیان لێوەبکەین.

٥-ڕادە، یان ئاستی بینین: هەمیشە بۆ ڕێنمای شۆفێران ئاماژە بەم خاڵە دەکرێت، کە شارەزایانی کەش ئاماژەی پێدەدەن و دەڵێن ئاستی بینین بۆ نموونە ٥٠٠ مەتر بۆ ١کم دەبێت، یان جاری واهەیە کەتەم بێت ماوەی بینین زۆر کەم دەبێتەوە. کەواتە بوونی تەم، یان  تۆز،  یان سمۆگ ئاستی بینین کەم دەکاتەوە(٦).

 

هۆکارەکانی گۆڕانی ئاووهەوا:

ئاووهەوای هەسارەی زەوی بەبەردەوامی لەگۆڕاندایە و ئەم گۆڕانەش لەئێستادا بەرەو گەرمبوونی زیاتری زەوی دەچێت بەبەراورد بە ساڵانی پێشوو. دوو هۆکاری جیاواز هەن بۆ گۆڕانی ئاووهەوا، کەبریتین لە بڕی وزەی هاتوو لە خۆرەوە ، و بڕی وزەی قەتیسماو لە بەرگەهەوادا. ئەم دوو هۆکارە سروشتییە و لەگەڵ هۆکاری دەستکرد( مرۆیی) کە لەچالاکییەکانی مرۆڤەوە دروستدەبێت سەرچاوەی سەرەکی ناجێگیری ئاووهەوان. 

 

گۆڕانی سروشتیی ئاووهەوا:

ئاووهەوا بەشێوەیەکی سروشتی لەگۆڕاندایە و کاریگەری گۆڕانی خولگەی زەوی و گڕکانەکانی زەوی کاریگەرن (٤، ٧) . زاناکان بەوردی سەرنجی ئەم گۆڕانانەیان داوەو لە مێژووی زەویدا زۆریان تۆمارکراون، ئیتر لەناو چینە کەڤرییەکاندا بێت، یان لە چینە سەهۆڵەکانی ناوچە جەمسەرییەکانەوە بێت، یان لە لێکۆڵینەوەی ئەڵقەکانی قەدی دارەکانەوە بێت.

 

سووووڕەکانی میلانکۆڤیچ:

خولگەی زەوی بە دەوری خۆردا بەدرێژایی هەزاران ساڵ لەگۆڕاندایە، کە ئەم گۆڕانە زۆر کاریگەرە لەسەر ماوە گەرمەکان ، یان ماوە ساردەکان. بێگومان زانست ئەوەی دیارکردووە کە سێ جۆر لە هۆکار هەن بۆ ڕوودانی ئەم گۆڕانکارییە لە خولگەی هەسارە شینەکەدا، کە بە سووڕەکانی میلانکۆڤیچ دەناسرێن و ماوەکانیان لە نێوان ٢٠٠٠٠ ساڵ بۆ ١٠٠٠٠٠ساڵ دەبێت(٥).

 

کاریگەری ماڵی سەوز:

ئەو وزەیەی لە خۆرەوە دەگاتە سەر زەوی ڕووی زەوی گەرم دەکات. خۆ ئەگەر تەواوی ئەم وزەیە بەرەو بەرگەهەوا بگەڕێتەوە ئەوا زەوی زۆر سارد دەبێت. بوونی گازە کانی ماڵی سەوز ( Green house Gases ) لەبەرگەهەوادا هەندێک لەم گەڕانەوەیە دەوەستێنێت و ناهێڵێت هەموو وزەکە بگەڕێتەوە بۆ بەرگەهەوا، ئەمەش وا دەکات کە پلەی گەرمی زەوی گونجاو بێت بۆ ژیان.

 

گۆڕانی دەستکردی ئاووهەوا:

وەک لە ناوەکەیەوە دیارە ئەم گۆڕانکارییانە بە هۆکاری چالاکییە لەبن نەهاتووەکانی مرۆڤەوەیە، کە بەتایبەتی لەسەدەکانی هەژدە و نۆزدەوە و پاش بەرهەمهێنانی خەڵووزی بەردینەوە زیادی کردووە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیاد بووندایە. بەتایبەتی دوای داهێنانی شەمەندەفەر و بەکارهێنانی وزە لە بەرهەمهێنانی کارەبادا. لەوڕۆژەوە و پاش بەرهەمهێنانی سووتەمەنی بەردیوی وەک نەوت و گاز ، ئیتر سووتاندنی ئەم هایدرۆکاربۆنانە بڕێکی یەکجار زۆر ی لە دوانۆکسیدی کاربۆن و گازەکانی تری  بۆ بەرگەهەوا زیاد کردووە و بەمەش ڕووی زەوی و بەرگەهەواش بەرەو گەرمبوون دەچن.

چالاکییەکانی مرۆڤ بەشێوەیەکی یەکجار گەورە کاریگەری لەسەر گۆڕانی ئاووهەوا دەکات، چونکە بڕی گازە ژەهراوییەکان بۆ بەرگەهەوا لە زیاد بووندایە و سەدان کارگە و پیشەسازی جیاواز، نەک هەر بەرگە هەوا بەڵکو خاک و ئاویشیان پیس کردووە. سەوزایی سەدان هەزار مەتر دووجا لە زەوییە دارستانەکان لەناوچوون و بوونەتە بیابان، یان بوونەتە شوێنی دروستکردنی کارگە و بەبەردەوامی ژینگەی زەوی پیسدەکەن.

 

کاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاو وهەوا:

کاریگەری گۆڕانی ئاووهەوا ئیتر بەهەر هۆکارێک بێت، بۆ سەرڕووی زەوی و بۆ مرۆڤایەتی بێ سنوورە! گۆڕانکارییە سروشتییەکان بەدەر لە توانای مرۆڤەو هیچ ڕێگرێک نییە بۆ ڕوودانیان! بۆ نموونە، هەڵچوونی گڕکانەکان ، یان کەمێک گۆڕانی تەوەرەی زەوی و گۆڕانی شێوەی خولگەی زەوی لە هێلکەییەوە بۆ بازنەیی، مرۆڤەکان بێ دەسەڵاتن لەئاست ئەم ڕووداوانە. هەرچی چالاکییە مرۆییە زیانبەخشەکانە ، وەک بەکارهێنانی لە ڕادە بەدەری سووتەمەنییە بەردیوەکان ، یان زۆربوونی کارگە و پیسکردنی بەرگەهەوا، یان بڕینەوەی داری دارستانەکان و سەوزنەکردەوەی زەوییەکانیان، یان بڵاوبونەوەی ماددە پلاستیکییەکان بەڕێژەیەکی مەترسیدار کە پاکبوونەوەی ژینگە زۆر قورس دەکات، ئەگەر مەحاڵیش نەبێت، دەکرێت لەلایەن مرۆڤەکانەوە کۆنترۆڵبکرێن و تا ئاستێکی باش کەمبکرێنەوە، بەڵام ئەوەی ڕێگرە چاوچنۆکی و تێرنەخواردنی مرۆڤەکانە و زێدە ڕۆیی لە بەکارهێنانی سەرچاوە سروشتییەکانی سە ڕووی ئەم هەسارە شینە کە تەنیا ماڵی مرۆڤەکانە تا ئەم ساتە! ئەگەر بەتەنیا سەیری کاریگەری  گەرمبوونی بەرگەهەوا  لەسەر ژیانی  ملیۆنان خەڵکی سەرزەوی بکەین، بەڕوونی دەردەکەوێت کاریگەریی گۆڕانی ئاو وهەوا هەرواکارێکی ئاسان نییە و پێویستە مرۆڤەکان زیاتر ئاگاداری ژینگەبن، ئەگینا دواڕۆژێکی ناخۆش چاوڕێیان دەکات (٦).

 

سەرچاوەکان:

1-http://“https://www.merriam-webster.com/dictionary/weather. Accessed 3 Dec. 2024.

2-“ https://www.merriam-webster.com/dictionary/climate. Accessed 3 Dec. 2024.

3- https://kurdipedia.org/Default.aspx?lng=1&q=20211203142330397507

٤- ئیبراهیم محه‌مه‌د جه‌زا محێدین ،٢٠٢٤، بنه‌ماكانى زه‌ویناسى، دووەم چاپ، چاپخانه‌ى شارستان، لە بڵاوکراوە زانستییەکانی کتێبخانەی دڵشاد، سلێمانى، كوردستان، ٤١٣ل.

5-Palffy, C., (ed.), 2022, Knowledge Encyclopedia Earth, Penguin Random House, 208p.

٦-ئیبراهیم محەمەد جەزا محێدین، ٢٠١٦، زەویناسی و کۆمەڵ، -بەرگی یەکەم، ناوەندی ڕۆشنبیری و هونەری ئەندێشە، سلێمانی، کوردستان، ٢٦٤ل.

٧-سەردار عبدلرحمن ابراهیم، ٢٠٢٤، ژینگە و مرۆڤ، وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەزگای موکریان بۆ چاپ و بڵاوکردنەوە، ١٥٢ل.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×