ئەم فەیس بووک و سۆشیال میدیایە چەندە خێرا و کاریگەرن، دە هێندەش لای بەکارهێنەرانی کورد و هەتا خودی لایەنە سیاسییەکان و شڕۆڤەکار و ئەکادیمییەکانیش بۆتە جێگەی گومان و بە شڕەئاخاوتن و خێرا بادانەوە و بێ بنەما نقوورچەلێگرتن و هەڵتەکاندنی بەهاکان دادەنرێت. کەسانێک ڕاشکاوانە بانگەشەی بەهاو و بریوبۆچوون و جۆرە پڕۆژەیەک دەکەن، کەچی خۆیان لەهەمان چرکە ساتی بانگەشەکانیان پێچەوانەی لێدوان و قسەکانیان هەڵسوکەوت دەکەن. ڕاوێژکارە و دژی دەسەڵات قسە دەکات، وەزیرە و لە هاووڵاتییەک پتر ناڕەزایەتی دژی گەندەڵی و ڕۆتین دەردەبڕێت. لەسایەی حکوومەت دەوڵەمەندبووە و مەزرەعە و باڵاخانە و شتی دیکەشی هەیە، لە دژایەتی حکوومەتیش سەری مەجلیسی گرتووە. حزبی ئەلفە و داکۆکی لە حزبی بێ و جیم دەکات و حزبەکەی خۆی بە پەڕۆی پیس دەشوبهێنێت. ڕەخنە دەگرێت، لەپێناو خۆدەرخستن، نەک کێشە دەرخستن.
لەساتی ئاخاوتنەکانی ماسکەکانی دادەنێت، بەڵێ چەند ماسکێک دەبەستێت و لەیەک کاتدا دیموکرات و دیکتاتۆرە، لەیەک شوێندا هەژارپەرست و پارێزگاری دەوڵەمەند و گەندەڵکارانە. لەیەک شێوە و بچمدا هەزار کەسی جودایە.
هەر شتێک لە بەکارهێنان لە سروشتی سروشتکاری خۆی دەرچوو، دەبێتە گەمەی منداڵان و وەکو گوفەکێکی بۆگەنی ڤایرۆسگر دێتە بەرچاوان. لەم ساڵانەی دوایی بەهۆی زۆربوونی کەناڵە ئاسمانییەکان و کەناڵی نێوەخۆیی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و سۆشیال میدیا، شڕۆڤەچی بێزارکەری بێ زانیاریی و لاواز لە بەکارهێنانی زمان و هەژار لە مەسەلە فکرییەکان و کاوێژکاری بێ جۆڕک و هەنبانەی درۆیان و پینەچی کەتنەکانی دەسەڵاتداران و حزبە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان ڕەفتار دەکەن .
ئەم بەزمە هەندێک کارەکتەری سیاسی گەورە و دیاریشی گرتۆتەوە، بەپێی ئایدیۆلۆژیای سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و ناوچەگەریی دەئاخڤن، بێ شەرم و بێ پەردە دەبێژن و ئاوڕ لە دواوە، لە پاشخانی شتەکان نادەنەوە، تەنیا هەندێکیان قسەکانی بەر لە جەند ڕۆژێكی خۆشی بیر نایەتەوە.
پتر لە بیست ساڵە بەرپرسی یەک حزبە، ترەمپ بە دیکتاتۆر و تاکڕەو دەزانێت، پێی خۆشە بەرنامەی وڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان سەرکەوێت، ئەوروپاش بە کۆیلە و پاشکۆی ئەمەریکا دەزانێت. کابرا لە زیندانەوە بڕیار دەدات، ئەو لە خاوەن بڕیارەکە گەرمتر و هێوەتر و فلیشقاوەتر دەئاخڤێت.
دەسەڵات بە ناهەق و خۆسەپێن و فاشیل و لەڕێ دەرچووی دادپەروەریی دەناسێنێت، خۆشی بەبەرچاوی دونیا زوڕناژەنی بۆ بێگانە و ناحەزانی وڵاتەکەی دەکات. ڕەخنە لە چۆلەکەی ئاسمانیش دەگرێت، ئامادە نییە گلەییەکی بچووک دژی خۆی پێشوازی لێ بکات.
بەداخەوە ئەوانەی دەئاخڤن و بڕیار دەدەن، بەشێکی زۆریان قسە و زانیاریی و نیەتی گوتارەکانیان سەرچاوەکەی لەخۆ بەکۆیلەزان و پاشکۆبوو سەرچاوەی گرتووە.
ئەمە دەردێکی کۆمەڵایەتی و فکری قووڵە، ئەوانەی هێشتا وەکو کۆیلەبووێکی ڕەتێنراوی بێ ماف ڕەفتار دەکەن، قسەکانیشیان نابێتە حیکمەت بۆ کەسایەتییەکی سەرکەوتووی بەهێز، بەپێچەوانەوە، لە دیماهیدا مەبەستی ئاوخاوتنەکەیان ئەوە دەگەیەنێت، کە هێرشەکانیان نیشانەی دڵسۆزبوونی بۆ ئەوانی دیکەی دوژمن دەگرێتەوە، هەموو شتێکی خۆیان بچووک دەکەنەوە، خۆیان وەکو ڕەزیل و بێ بەهایەکی داتەپیوو وەسف دەکەن، وەکو شڕەخۆر و دز و گەندە ناوی خۆیان دەهێنن و لەهەمان گاڤیشدا ستایشی دز و کەتنکەر و پیس و بۆگەناکانی ئەوانی دیکەی ناحەز و دوژمنی نەتەوەکەیان وەکو فریشتە و پاک و ڕزگارکەر و دادپەروەر کە دژ بەخۆیان دەکەن.
لەبەر ئەوە گەلێک لەو بیروڕاو و قسە و ئاخاوتنە سیاسی و کۆمەڵایەتی و فکریانەی دەکرێن، بەهۆی ئەم پەیوەندییە خراپەی بە سەرچاوەکانی بیرکردنەوەیان بەستراوەتەوە، وەکو گوتارێکی بەهێز و ڕەوا و دادپەروەر سەیر ناکرێت، بەپێچەوانەوە فلیقاوەی زۆنگاوێکی بۆگەنی داڕماوە.