پێشەکی
پەیامەکەی (عەبدوڵا ئۆجەلان) کە (٢٧-٢-٢٠٢٥) لە میدیاکان و دەزگاکانی ڕاگەیاندنی جیهاندا بڵاوکرایەوە، چوار مانگ بەدوای دەستپێشکەرییەکەی (دەوڵەت باخچەلی)دا دێت، کە سەرۆکی (حزبی بزووتنەوەی نەتەوەیی -مەهەپە)یە لە تورکیا و لە مانگی ئۆکتۆبەری (٢٠٢٤)دا ڕایگەیاند با (عەبدوڵڵا ئۆجەلان) "بێتە پەرلەمان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە ڕابگەیەنێت".
دیارە لەم چوار مانگەدا ژێربەژێر گفتوگۆ و دانوسان لەئارادا بووە و ئەم پەیامەی (ئۆجەلان) ئەنجامی ئەوەیە لە چوارچێوە گشتیـیەکەیدا هاوڕایـیەک هاتۆتەدی لەنێوان ڕەوتێکی دەسەڵاتدار لە تورکیا؛ پێکهاتوو لە دوو حزبی (ئاک پارتی ئۆردوگان و مەهەپەی باخچەلی) لەگەڵ ڕەوتی ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەیی کورد لە تورکیا؛ (دەم پارتی) بە ڕاستەوخۆیی کە حزبێکی ناو پەرلەمانی تورکیایە و بە ناڕاستەوخۆییش لەگەڵ (پەکەکە)دا.
ئەم پڕۆسەیە لە دانوسان و گفتوگۆ لەنێوان ئەم دوو لایەنەدا، دەشێ تەمەنی لە چوار مانگ زیاتر بێت و خودی لێدوانەکەی (باخچەلی)یش، وەک دەستپێشکەری بۆ ڕاگەیاندنی پڕۆسەکە بۆ ڕای گشتی، ئاکامی لێک تێگەیشتنێکی ژێربەژێری پێشووتر بێت.
کۆمەڵگەی دیموکراتی ئۆجەلان و پەرەپێدانی سەرکوتی ئۆردوگانی
ئایە ئەم دانوسان و گفتوگۆیە ئاکامی گرتنەبەری سیاسەت و ستڕاتیژی پەرپێدانی ئازادی و دیموکراسیـیە لە لایەن دەسەڵاتی سیاسی هەردوو حزبی فەرمانڕەوا (ئاک پارتی و مەهەپە)؟ ئایە ئاکامی پەرەسەندنی هەرچی زیاتری دیموکراسیـیە لە ناوخۆی تورکیا؟
بۆ زانینی ئەوەی کە ئایە ئەم پڕۆسەی دانوسان و گفتوگۆیە بەشێکە لە پڕۆسەیەکی گشتی تری دیموکراتیزە بوونی دەسەڵات و دامەزراوە فەرمانڕەوایـیەکانی تورکیا، وەیا ئایە بەشێکە لە سیاسەت و ستڕاتیژێک بۆ پەرەپێدانی دیموکراسی؟ پێویست ناکات بگەڕێینەوە سەر مێژووی زیاتر لە دوو دەیەی ڕابردووی دەسەڵاتی ئۆردوگان و ڕەوتەکەی کە چۆن تا هاتووە سەرکوت و کۆنەپەرستیی سیاسی و ناوەندییەتی دەسەڵات و هەتا تیرۆری دەوڵەتی و میلیتاریزەکردنی پەرەپێداوە، بەڵکو هەر لە ئێستاشدا دەبینین کە چۆن لە کاتی ئەم دانوسانەدا ڕۆژانە خەیکە شارەوانییە هەڵبژێردراوەکانی سەر بەخودی (دەم پارتی)ش لادەخات و (قەیـیوم) لە شوێنیان دادەنێت، تا ئەوەی لەم ڕۆژانەدا (١٩-٣-٢٠٢٥) دۆسیەی گەندەڵی و تیرۆر سازکرا بۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ (ئیمام ئۆغلۆ) کە کاندیدێکی بەهێزی (حزبی جمهوری)ـیە بۆ ڕکەبەرایەتی ئۆردوگان لە هەڵبژاردنی داهاتوو، بەو تۆمەتانەوە گرتیان و خستیانە کونجی زیندانەوە، هەروەک پێشووتریش لە (٢٠١٦)ەوە (سەلاح دەمیرتاش)یان خستۆتە زیندانەوە. ئەمە جگە لەوەی ڕۆژانەش بۆردوومانی کوردستانی عێڕاق دژ بە (پەکەکە) و سوریا دژ بە (پەیەدە) دەکات و پاڵپشتی سەربازی زەمینی و هەوایی گرووپە تیرۆریستە ئیسلامییەکان دەکات بۆ هێرشکردن بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی (پەیەدە).
بەم شێوەیە زۆر سادە و ڕوون و ئاشکرا دیارە ئەم گفتوگۆ و دانوسانە نەک هەر هیچ پەیوەندییەکی بە دیموکراتیزەکردنی ئەم وڵاتە و دامودەزگا فەرمانڕەوایەتییەکەیەوە نیـیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، کێشکردن و بەشداری پێ کردنی ناڕاستەوخۆی بەشێک لە ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە کە بۆرژوا ناسیونالیستی کوردە لە فۆڕمی ڕەوتی ئۆجەلانیزمدا بۆ ناو پڕۆسەی قایمکردنی جێ پێی ئۆردوگانیزم، تا بتوانێت ئۆپۆزسیۆنی سەراسەری پاشەکشە پێ بکات، قەیرانەکانی ناوخۆ سنوردار بکاتەوە و سەرکەوتن لە هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ ئۆردوگان و ڕەوتە سیاسیـیەکەی مسۆگەر بکاتەوە.
گەشە و پەرەسەندنی سەرمایەداری لە تورکیا وەک هی تەواوی وڵاتان؛ لەوانە لە ئەوروپا و لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش پێویستی نەک هەر بە دیموکراسی نەماوە کە بالۆرەی پێوە لێ بدات، بەڵکو پێویستی بە مەیداندارکردنی ڕەوتە نیو-نازیـیەکانی وڵاتانی ئەوروپی و فاشیزمی ترامپ و ئۆردوگان-باخچەلی هەیە، کە ڕەوندێکی جیهانیـیە لە گەندیدەگی سیستمی سەرمایەداری و بەڕبەڕیەتی دەسەڵاتی بورژوازی.
ڕەوتی ئۆجەلانیزمی ناوخۆی تورکیا، بە (دەم پارتی) و هەموو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کلتووری سەر بەو ڕەوتەوە، وە هەموو ئینسانێکی سادەی کۆمەڵگە لە کوردستانی تورکیا، بە ئێسک و پێستی خۆیانەوە، ڕۆژانە هەست بە تەنگەبەرکردنەوەی ئازادییەکان و سەرکوت و شۆفێنیزمی نەتەوەپەرستیی تورکی و ڕەفتاری فاشیستانەی سوپا و پۆلیس دەکەن، ئەمە لە لایەک، لە لایەکی تریشەوە تیۆری و تێزەکانی (ئۆجەلان) پێدادەگرێت لەسەر خەبات بۆ هێنانەدی "کۆمەڵگەی دیموکراتی" کە تیایدا مافە نەتەوەیـیەکانی میللەتان و ئایـینەکان و ...هتد دابین دەبن و یەکێتی و برایەتی گەلان و ئایین و مەزهەبەکان دێتەدی. نە (ئۆجەلان) و نە هیچ کەسێکی سەر بە ڕەوتی ئۆجەلانیزم ئەم ملهوڕییەی دەسەڵاتی سیاسی ئۆردوگان-باخچەلی بە دەسەڵاتێکی دیموکراسی دانانێن، هەتا پەیامەکەی (ئۆجەلان) جۆرێک ڕووبە ناسیونالیزمی تورک و بە دەسەڵاتی سیاسی ئێستای تورکیا، دەڵێت: کۆماری تورکیا دوای سەد ساڵ، ئەگەر بیەوێت لە سەدەی دووەمیدا ببێتە خاوەن یەکێتییەکی بەردەوام و هەمیشەیی، ئەوا تەنها لە ڕێگەی تاجدارکردنی دیموکراسییەوە دێتەدی. جا پرسیارەکە ئەوەیە ئایە (ئۆجەلان) و ڕەوتەکەی ئەم دانوسان و گفتوگۆیە دادەنێن بە پڕۆسەیەک بۆ هێنانەدی ئەگەر نەشڵێین ئەو دیموکراسییەی کە جێگە مەبەست و ئامانجیانە، ئەوا لانی کەم دیموکراسییەک بێت کە تورکیا بە یەکگرتووی بهێڵێتەوە لەبەرامبەر دووژمنەکانیدا کە هێزە هیژموونگەراکانی "مۆدێرنیتەی سەرمایەداری"ن و لە سەد ساڵی ڕابردوودا یەکێتی نێوان کورد و تورک و میللەتانی تری ناو کۆماری تورکیایان تێکداوە؟
(ئۆجەلان)، بە پێچەوانەی سۆشیالیزمی دەوڵەتی و نەخشمەندی ئابووری لەسەرەوە بۆ خوارەوە، ئەو تیۆریزەی بە دیموکراتیکردنی کۆمەڵگە و ڕێکخراوکردنی ئابووری و سیاسی لە خوارەوە دەکات، بەبێ ئەوەی بانگەوازی شۆڕشێک بکات لەسەرەوە دژ بە دەسەڵاتی سیاسی کۆنەپەرست و دژە ئازادی و دژە دیموکراسی فەرمانڕەوا لەناو دەوڵەتی تورکیا (ئەڵبەتە هەمان شتیش بۆ جمهوری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی عێڕاق و سوریا و وڵاتانی تری جیهانیش ...)، دەکرێ ئەمە وەک بنەمای فکری ئەم سازانە لەگەڵ دەسەڵاتی فەرمانڕەوای ئۆردوگان-باخچەلی و سازانی (پەیەدە) لەگەڵ دەوڵەتی تازە دەستبەکاربووی (دەستەی ڕزگاری شام) و دوو ڕۆژی تریش سازانی (پژاک) لەگەڵ (جمهوری ئیسلامی ئێران) دابنرێت.
دیارە بیرکردنەوەیەکی زۆر قوڵی ناوێت تا بزانرێت لەژێر سایەی ڕژێمە بورژوا قەومی و ئیسلامیـیەکانی تورکیا و جمهوری ئیسلامی ئێران و دەوڵەتی تازە دەست بەکار بووی (دەستەی ڕزگاری شام) لە سوریا، ناتوانرێت لە ژێرەوە کۆمەڵگای ئەو وڵاتانە دیموکراتیزە بکرێن. پێش مەرجی هاتنەدی وەها ئاڵوگۆڕێک، ڕووخان و وەلانانی ئەم ڕژێمە سیاسی و دەسەڵاتە چینایەتییانەی بورژوازییە لە میانەی خەباتێکی چینایەتی شۆڕشگێرانەوە، یا لانی کەم لاچوونی کاتی دەسەڵاتیانە لە گۆشەیەکی وڵاتەکەدا، وەک کوردستانی سوریای دوای (٢٠١١)، یان پێشووتری هەرێمی کوردستانی عێراق لە (١٩٩١)، کە بۆشاییەکی سیاسی دەسەڵاتدارەتی دێتەدی و بوار دەڕەخسێنێت تا بزووتنەوە و هێزە کۆمەڵایەتییە سیاسییەکان لەو گۆشە لەوڵاتەکەدا ئەجیندای خۆیان پیادە بکەن.
دەشێ لای (ئۆجەلان) و ڕەوتەکەیەوە بەڵگە و ئارگومێنت بهێندرێتەوە بۆ سەلماندنی ئەوەی کە ئەم دانوسان و گفتوگۆیە کێشمەکێشێکە و تیایدا بوار هەیە ڕێکخراوکردنی دیموکراسیانەی کۆمەڵگە لە خوارەوە بەسەر ئەم دەسەڵاتانەدا و بەدژی ئیرادەیان بسەپێندرێت، بەڵام نهێنی ئەم پڕۆسەی گفتوگۆ و دانوسان و دەست تێکەڵاو کردنە لەگەڵ دەسەڵاتدا لە ئێستای تورکیا و سوریا و دوو ڕۆژی تر لە ئێراندا، لە لێکدانەوە و شیکاری فکری و ئایدیۆلۆژیدا نییە، بەڵکو لە جەوهەرێکی واقعی عەمەلیدایە کە ئەویش ناوەڕۆکی چینایەتی و ناسیونالیست بوونی ئەم ڕەوتەیە کە بۆ بەدەستهێنانی ئازادی نەتەوەیی لە شکڵ و فۆڕمی مافی فەرهەنگی و کلتووریدا ئامادەیە ببێت بە بەشێک لە پڕۆسەی بەهێزکردن و پارسەنگ ڕاگرتن بۆ ڕەوتی ئۆردوگان-باخچەلی کە ڕۆژانە خەریکی هەڵپێچانی دیموکراسی و داسەپاندنی سەرکوتی سیاسی و چەوسانەوەی چینایەتین لە سەراسەری تورکیادا. ئەڵبەتە بۆ سەقامگیرکردنی دەسەڵاتی ئیسلامی سیاسی (ئەحمەد ئەلشەرع) لە سوریا و (جمهوری ئیسلامی ئێران)یش ئامادەن.
گفتوگۆ و دانوسانێک کە دەریچەیەک دەکاتەوە بۆ بەدەستهێنانی مافە دیموکراتییە نەتەوەییەکان، لای خەڵکانێک لە کوردستانی تورکیا کە لە سەد ساڵی ڕابردوودا نەوە لەدوای نەوە لەژێر نکۆڵیکردن لە بوون و زمان و فەرهەنگ و لەژێر زەبروزەنگ و چەوسانەوەیەکی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوەییدا بوون، دیارە مایەی خۆشحاڵی و مایەی هەستکردنیانە بە ئازادی، و لەم ڕۆژانەدا و بە بۆنەی ئاهەنگەکانی نەورۆزەوە، ئەم هەستکردنە بە سەرفرازی و ئاسۆیەک بۆ ڕزگاربوون لە زوڵم تەواو دەبینرێت، بەڵام لە درێژماوەدا، بە قایمکردنی پایەکانی ئیستیبداد و کۆنەپەرستیی دەوڵەتی بۆرژوا ناسیونالیستی تورکیا، باجی ئەم خۆشحاڵی و هەستکردن بە ئازادییە کاتییەی ئێستا دەبێتە کۆت و بەندێکی سەختتر بۆ سەر ژیان و چارەنوسی زووربەی هەرەزۆری خەڵکە زەحمەتکێش و ڕەنجدەرەکەی لە ئایندەدا، هەروەک لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا ئەزموونی دەکەین.
واوەتر لە ئاڵوگۆڕی جیهانی و قەیرانی فەرمانڕەوایەتی
پرسیارە سەرەکیـیەکە ئەوەیە کە چ شتێک هۆکاری بابەتی هاتنەئارا و سەرهەڵدانی ئەم پڕۆسەیەیە لە گفتوگۆ و دانوسان و ڕاگەیاندنی بۆ ڕای گشتی لە ئێستادا؟
زۆرێک لە نوسەران لە لێکۆڵینەوە و شیکاریدا، باس لەو دوو هۆکاری ئاڵوگۆڕی جیهانی و بنبەست و قەیرانی فەرمانڕەوایەتی دەکەن، وەک بنەمای ئەم دانوسان و گفتۆیە. بەدڵنییاییەوە ئەم هۆکارانە ڕۆڵیان هەبووە و هەیە کە دواتر ئاماژەیان پێدەدەم، بەڵام پڕۆسەیەکی مێژوویی و ڕیشەیی تر لە ژێرەوە ئەمەی کردۆتە پێویستیـیەکی لەچار نەهاتوو، بەر لەم ئاڵوگۆڕ و قەیرانانە، کە ڕۆڵی خۆیانی تێدا دەببینن.
ئەم پڕۆسەیەی گفتوگۆ و دانوسانە بەر لەوەی ئاکامی ترس و نیگەرانی دەوڵەتی تورکیا بێت لە ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەیـیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەر لەوەی ئاکامی قەیرانی فەرمانڕەوایەتی و مانەوەی دەسەڵاتی ئۆردوگان و هەوڵ و تەقەلا بێت بۆ دەربازبوون لێـیان، بەرهەمی پەرەسەندنی سەرمایەداری تورکیایە بۆ ئاستێک کە کردوویەتیـیە زلهێزێکی ئابووری سەربازی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و دەرفەتی بۆ ڕەخساندووە تا سیاسەتی فراوانخوازی و میلیتاریستی و داگیرکاری پیادە بکات.
ڕیفۆڕمە ئابوورییەکانی تورکیا لە دەیەی حەفتا و هەشتاکانی سەدەی بیست، بە ڕووهێنان بۆ سیاسەتی ئابووری نیولیبرالیزم، بنەمایەکی ڕەخساند بۆ پەرەسەندنی ئابووری و هاتنەئارای بورژوازییەک کە وێڵی پەیداکردنی بازاڕی دەرەکی بێت؛ بۆ ساغ کردنەوەی بەرهەمەکان و دابینکردنی سەرچاوەکانی کەرەستەی خاو و هەناردەکردنی سەرمایە واتا وەبەرهێنان لە دەرەوەی وڵاتدا. دامەزراندنی چەندین بنکەی سەربازی لە دەرەوەی تورکیا لە وڵاتانی ئەفریقیا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هەوڵدان بۆ ئەندمەتی (یەکێتی ئەوروپا) و پێکهێنانی جۆرەها پەیوەندی و دامەزراوەی ئابووری و فەرهەنگی و سیاسی نێوان وڵاتانی تورکی-زمان بە دەستپێشکەری دەوڵەتی تورکیا، وەبەرهێنانی کۆمپانیاکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان و لە عێڕاق و پڕکردنی بازاڕەکانیان بە کاڵای بەرهەمهاتووی تورکیا، ... بەشێک لە دیاردە و ڕواڵەتەکانی ئەو واقعە مێژوویـیەن.
ئەم پڕۆسەیە دەبوو لە ئاستی فکری و ئایدیۆلۆژیشەوە ناسیونالیزمی تورکی عەلمانی لە قاڵب و لە چوارچێوەی بەرتەسکی سنورەکانی دەوڵەتی تورکیا دەرباز بکات و پشت ئەستووری بکات بە ئایدیۆلۆژیایەک کە لە سنورەکانی تورکیا واوەتر بڕوات. بەم پێیە زیندووکردنەوەی کەلەپوری ئیمپراتۆڕیی عوسمانی و گەشەی ئیسلامی سیاسی و بە دەسەڵات گەیشتنی ئەو ڕەوتە، زەرورەتێکی ئەو پەرەسەندنە ئابوورییە بوو، وە ئەگەر ناسیونالیزمی تورکی ئەم نوێبوونەوە و وەرچەرخان (شیفت)ەی لەخۆیدا ڕوونەدابا نەیدەتوانی نوێنەری بەرژەوەندیـیەکانی سەرمایەی کۆمەڵایەتی و دەسەڵاتی بورژوازی بێت، بەمانایەک ڤێرژنی تازەی ناسیونالیزمی تورکی، واتا ناسیونالیزمی (نیو-عوسمانیزم) زەرورەتێکی پەرەسەندنی سەرمایەداری تورکیا و پەلهاویشتنیەتی بۆ دەرەوەی سنورەکانی خۆی، نەک گەڕانەوە بۆ دواوە بۆ سەردەمی عوسمانی.
جا پێ بە پێی ئەو پەرەسەندنە ئابوورییە، کێشمەکێشی فکری و سیاسی و حکومی لەنێوان ڕەوتە ناسیونالیستە جۆراوجۆرەکانی تورکی ناو تورکیا و دامەزراوەی سەربازی و سیخوڕی ئەو وڵاتە پەرەی سەند و لە دوا ئاکامدا ئیسلامی سیاسی توانی وەک ڤێرژنی تازەی ناسیونالیزمی تورکی و نوێنەری ئەو گرایش و مەیل (ترێند)ەی سەرمایەداری و نیولیبرالیزم باڵادەست بێت، وە لە پڕۆسەیەک لە کێشمەکێشی جۆرەها گرایش و مەیلی ناکۆک و دژ بەیەکی ناوخۆی ڕەوتی ئیسلامی سیاسی و هەتا ناوخۆی حزبی (ئاک پارتی)ش، ئۆردوگانیزم توانی سەرکەوتوو بێت و ببێتە ڕەوتی زاڵ و نوێنەری ستڕاتیژی ئابووری و سیاسی و میلتاریزمی دەوڵەتی تورکیا.
لە بارودۆخێکی جیهانیدا کە باڵادەستی لیبرالیزمی بورژوازی جیهانی و پاشەکشەی کرێکار و چەپ و سۆشیالیزم بوو، ئەم پەرەسەندنی سەرمایەداریـیە لە تورکیا، لە بەشی کوردستانەکەیدا؛ هاوڕای پەرەپێدانی شارنشینی و فراوانبوون و بەهێزبوونی بنکەی ئابووری سەرمایەدارانی کوردی، نەوەیەکی نوێی خوێندەوار و دەستڕاگەیشتووش بە میدیا و سەرچاوەی ڕۆشنیری جیهانی هاتەئاراوە، کە بوونە پایە و بنکەی کۆمەڵایەتی هێزگرتنی ناسیونالیزمی کورد، وەک بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی سیاسی بەرفراوان و بەهێز لەناوخۆی شارە گەورەکانی تورکیادا، نەک هەر لە بەشی کوردنشینەکەیدا، بەڵکو لە شارێکی سەروو پانزە ملیۆنی وەک ئستەنبوڵیشدا.
بزووتنەوەی چەکداری (پەکەکە) سی چل ساڵ لێرەوپێش خۆی چەقی قورسایی و نوێنەری ناسیونالیزمی کورد بوو لە تورکیا، بەڵام بەو ئەندازەیەی کە توانی میکانیزمێک بێت بۆ گەشەپێدانی ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ناسیونالیستییەی کورد لەناو شارە گەورەکانی تورکیادا و وەک (ڕووی دووەمی دراو)ی خۆی لێ بکات، ئیتر خۆی ئەو ڕۆڵەی جارانی نەماوە و بگرە دەستوپێگیری بزووتنەوە ناوخۆییەکەی شارە گەورەکانیشە. ئەمەش بەدروستی لە پەیامەکەی (ئۆجەلان)دا هاتووە کە (پەکەکە) سەردەمی بەسەرچووە و پەیامە مێژووییەکەی خۆی هێناوەتەدی و پێویستە خۆی هەڵوەشێنێتەوە.
کێشەی ئەسڵی دەسەڵاتی دەوڵەت و ڕژێمە سیاسیـیەکەی تورکیا، (پەکەکە) نیـیە، بەڵکو (پەکەکە) بەکاردەهێنێت تا لەژێر پەردەی بەرنگاربوونەوەی تیرۆردا هەوڵبدات لەمپەر بخاتەبەردەم ئەو بزووتنەوە ناسیونالییستیـیە کوردیـیە بەهێزەی ناوخۆی شارە گەورەکانی تورکیا و لە پەرەسەندنی بخات، لە قاڵبی بدات و پاشەکشەی بەسەردا بسەپێنێت و بیکاتە پاشکۆی ستڕاتیژی خۆی.
پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەداری لە تورکیا، وەک پڕۆسەیەکی مێژوویی و ناکۆک لە هەناوی خۆیدا، خوڵقێنەری ئەم ناکۆکیـیە کۆمەڵایەتیـیە سیاسیـیەی نێوان ئەم دوو ڕەوتە بورژوا ناسیونالیستەی تورکی و کوردیـیە. دیارە کێشمەکێش و ململانێی ئەو دوو ڕەوتە دەگەڕێتەوە بۆ کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدە و سەرەتای سەدەی بیست، بەڵام لە کۆتایی سەدەی بیست و سەرەتای سەدەی بیست و یەکدا ڕووبەڕووی ئاسێکی تر و حاڵەتێکی جۆرایەتی تر لەو کێشمەکێش و ناکۆکیـیەین، کە پەرەسەندنی سەرمایەداری نیولیبرالیزم لەو وڵاتە هێناویەتە ئاراوە، وە دیسان هەر ئەم پەرەسەندن و گەشەی سەرمایەدارییەشە کە ئەم دوو ڕەوتە کێش دەکات بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم ناکۆکیـیە بە گفتوگۆ و دانوسان، بۆ هێنانەدی ئاسایشی کۆمەڵایەتی سیاسی ناوخۆ و سەقامگیریی ڕژێمی سیاسی تا هەرچی زیاتر بردنەپێشەوەی ئەم ڕەوەندە لە پەلهاویشتن و فراوانخوازی سەرمایەداری تورکیا پەرە پێ بدات.
بەمانایەک بەرەوپێشچوونی هەرچی زیاتری سەرمایەداری تورکیا و پەلهاویشتنی بۆ دەرەوەی وڵات و فراوانخوازییەکەی، بە هەموو قەیرانەکانییەوە، بنچینەیی ترین خاڵ و زەرورەتی دانوسان و گفتوگۆی نێوان ئەم دوو ڕەوتە ناسیونالیستەیە لەناو دەوڵەتی تورکیادا. هەردوو لا لە پڕۆسەیەکی مێژوویی کێشمەکێش و بەئامادەبوونی زەمینە مادیـیەکانی گفتوگۆ، لە ئێستادا ئامادەییان هەیە بۆ دانوسان، و پاکانەی فکری و ئایدیۆلۆژی خۆشیان هەیە بۆی.
(ئۆجەلان) باس لە هاوپەیمانەتی و (پەیوەندی نێوان کورد و تورک؛ به درێژایی زیاتر له هەزار ساڵ) دەکات کە هێزە هیژموونگەراکانی "مۆدێرنیتەی سەرمایەداری" وڵاتانی ئیمپریالیستی ڕۆژاوا بەدرێژایی دوو سەد ساڵی ڕابردوو ئامانجیان تێکدانی ئەم هاوپەیمانەتییە بووە. وەباس لەو گۆڕانکاریـیە جیهانیانە دەکات دوای ڕووخانی (بلۆکی ڕۆژهەڵات- سۆڤیەت) کە ئەویش پەرەسەندنی ئازادی بیروڕایە لەناو تورکیا و کاڵبوونەوە و چوونەدواوەی نکۆڵی کردنە لە شوناسی نەتەوەیی کورد لە تورکیا، بۆیە زەمینە لەبار بووە و ئێستا کاتی ئەوەیە کە یەکێتی میللەتانی ناو کۆماری تورکیا لە دژی هێزەکانی هیژمونگەرای "مۆدێرنیتەی سەرمایەداری"، بە زیندووکردنەوەی هاوپەیمانەتی و پەیوەندی هەزار ساڵەی تورک و کورد پتەو بکرێت.
واوەتر لە تاکتیکی سیاسی
لە دەیەکانی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەیـیـیەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەوڵدانی دەوڵەتی تورکیا لە ئارادا بووە بۆ گفتوگۆ و دانوسان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی نەتەوەیی کورد لە تورکیا لە ژێرناوی کۆتاییهێنان بە تیرۆر و بە کێشەی چەکداری (پەکەکە).
بەدرێژایی ساڵانی نەوەتەکانی سەدەی بیست ژێربەژێر گفتوگۆ لەئارادا بووە و (پەکەکە) چەند جارێک یەک-لایەنەش شەڕی ڕاگرتووە، تا ئەوەی بەدوای شۆڕشەکانی باکوری ئەفریقیا، گفتوگۆیەک لە (٢٠١٣)دا هاتەئاراوە و ڕای گشتی لێ ئاگادارکرایەوە، بەڵام ڕژێمە سیاسیـیە یەک لەدوای یەکەکانی تورکیا، لەوانەش ڕژێمی (ئاک پارتی)ی ئۆردوگان لە چوارچێوەیەکی تاکتیکی سیاسیدا مامەڵەیان لەگەڵدا کردووە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەری ئاڵوگۆڕە دەرەکییەکان لەسەر تورکیا و وەڵامدانەوە بە قەیران و کێشەناوخۆیـیەکانی دەسەڵات.
بەڵام لە ئێستادا، وێڕای ئەو بنەمایە لە پەرەسەندنی سەرمایەداری بۆ هێنانەئارای ناکۆکیـیەکە و بۆ فشاردانان لەسەر هەردوو ڕەوتی ناسیونالیستی کوردی و تورکی بۆ چارەسەرکردنی کە لەسەرەوە ئاماژەمان پێداوە، بەڵێ وێڕای ئەم بنەمایە، ئاڵوگۆڕە جیهانی و ناوچەییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زۆر ڕیشەییتر، قوڵتر و بەرفراوانترن لەوەی کە لە دەیەکانی ڕابردوودا لە ئارادا بوون، وە چوارچێوەیەکی گشتی جیۆپۆلەتیکی تازەیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێناوەتە ئاراوە کە لە ئێستادا ئەم پڕۆسەی دانوسان و گفتوگۆیەی ناوخۆی تورکیا لەناویدا لە ئارادایە، ئەمەش دەبێتە پاڵپشتی ئەو پڕۆسە ئابوورییەی کە زەرورەتی چارەسەکردنی ناکۆکییەکەی پێویست کردووە، بۆیە لە ئێستادا ئەم ئاڵوگۆڕانە وادەکات کە دانوسان و گفتوگۆ بێتەسەر مامەڵەکردنێکی جدی تری کێشەکە و واوەتر بڕوات لە مەسەلەیەکی تەنها تاکتیکی، بەتایبەت دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، کە نەک هەر بووە پێشڕەوی هیژموونی تورکیا لە ناوچەکە، بەڵکو سنووری هیژموونییەکەشی نزیک کردەوە لە سنووری هیژموونی دەوڵەتێکی فراوانخوازی ڕەگەزپەرست و فاشیستی ئایینی وەک (ئیسڕائیل)، کە مایەی بەریەککەوتنی هەرچی زیاتری بەرژەوەندییەکان و ستڕاتیژی سیاسی و سەربازی ئەو دوو زلهێزەیە لە ئایندەدا؛ نەک هەر لەناوخۆی سوریادا، بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا، کە تیایدا (ئسڕائیل) دەتوانێت کارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد بەکاربهێنێت لە کێشمەکێشدا دژی ڕکابەرە ناوچەییەکانی وەک تورکیا، کە دیارە ئەمەش هەستیاری و نیگەرانی بۆ دەسەڵاتی شۆفێنیستی لە تورکیا دێنێتەئاراوە.
یەکانگیربوونی دوو فاکتۆر
لایەک ئەوە پەرەسەندنی سەرمایەداری تورکیایە کە زەمینەی مادی هێناوەتەئاراوە بۆ فراوانخوازی و پەلهاویشتن و ڕۆڵبینینێکی چالاکانەی سیاسی و سەربازی لە ئاڵوگۆڕە ناوچەییـیەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لایەکیش ئاڵوگۆڕەکان چۆن لەناوخۆی ئەم وڵاتەدا ڕەنگدانەوەیان دەبێت و پێویستە چ بکرێت تا بەربەستێک بهێندرێتەئاراوە لەبەردەم نیگەرانی و مەترسیـیەکاندا. لێرەوە هەردوو بزووتنەوە بۆرژوا ناسیونالیستە تورکیی و کوردیـیەکە، وە حزب و ڕەوتە سیاسیـیەکانیان، (ئاک پارتی و مەهەپە) لە لایەک و (دەم پارتی و پەکەکە)ش لەلایەکی ترەوە دەکەونە پڕۆسەیەکی دانوسان بۆ پاشەکشەکردن بەیەکتری بۆ جێگە و شوێنێک کە بتوانن سازش لەگەڵ یەکتر بکەن و بەیەک بگەن، پاشان پێکەوە ئەم پڕۆسەی گەشەی سەرمایەداری نیولیبرالیزم و سیاسەتی ئیمپریالیستانەی دەوڵەتی تورکیا و فراوانخوازییەکەی بەرنەپێشەوە و ناسیونالیزمی کوردیش پشک و بەشی خۆی لێ وەرگرێت.
بەدڵنیاییەوە لە حاڵەتی بەیەک گەیشتن و لێک تێ گەیشین و بەمانایەک سەرکەوتنی ئەوەی پێی دەڵێن "پڕۆسەی ئاشتی" کێشمەکێشی ئەو دوو ڕەوتە ناسیونالیستە هەر بەردەوام دەبێت، بەڵام لە چوارچێوەیەکی سیاسی مێژوویی تر و لە ئاستێکی تردا، هەروەک چۆن لە عێڕاقدا هەردوو ڕەوتی بۆرژوا ناسیونالیستی کوردی و عەرەبی؛ بە سووننی و شیعیەکەیەوە، بەیەک گەیشتوون و لە دەسەڵاتدا هاوپشکن و پرۆسەیەکی هاوبەش بەدژی کرێکار و زەحمەتکێشی سەراسەری عێڕاق بەڕێوە دەبەن، بەڵام هەموو ڕۆژێکیش لە کێشمەکێش و دانوساندان لەسەر پچڕینی بەش و پشکی ئابووری و سیاسی زیاتر بۆ هەر لایەکیان، وە کرێکار و زەحمەتکێشی کورد و عەرەب و شیعە و سوننەش دەکەنەوە بەگژیەکدا بۆ ئەو مەبەستە. بەهەمان شێوەش لەوانەیە لە تورکیا (وە دوو ڕۆژی تریش لە سوریا و لە ئێران) ئەم سیناریۆیە بەڕێوە بچێت.
بەڵام لە ئێستادا ناسیونالیزمی تورکی زۆر لە دەسەڵاتی ناوەندی بەغدای دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس (٢٠٠٣) و ئێستای دەسەڵاتی ناوەند لە (دیمەشق)، بەهێزترە و چاوەڕوانی پێدانی ئیمتیازی بەشداری دەوڵەت بۆ ناسیونالیزمی کورد لە تورکیا لە شوێنی خۆیدا نییە، چوونکە لە لایەنی هەردوو حزبی دەسەڵاتەوە بە فەڕمی شتێک لە ئارادا نییە بەناوی گفتوگۆ و دانوسان، بەڵکو داوایەکی ئەوان لە ئارادایە بۆ کۆتاییهێنان بە تیرۆر و چالاکی سەربازی (پەکەکە) و هەڵوەشاندنەوەی. دیارە ژێربەژێر لە دانیشت و یەکتربینینەکانی شاندی (دەم پارتی) لەگەڵ هەردوو حزبی دەسەڵات (ئاک پارتی و مەهەپە) وادە و پەیمانێک لە ئارادایە، بەڵام لانی کەم لە هەنگاوی یەکەمیدا ئەم وادە و بەڵێنانە لە کرانەوە بەڕووی هەندێ مافی فەرهەنگی و کلتووری نەتەوەیی، و ئازادکردنی (ئۆجەلان) لە زیندان زیاتر تێ ناپەڕێت، کە پێ دەچێت ڕەوتی بۆرژوا ناسیونالیستی کورد لە کودستانی تورکیا وەک هەنگاوی یەکەم پێی ڕازی بێت و لە پێناویدا ببێتە بەشێک لە پڕۆسەیەکی درێژەدان بە دەسەڵاتی ڕەوتی ئۆردوگانیزم بۆ پاراستن و پێشخستنی سەرمایەداری نیولیبرالیزمی تورکیا بە سیاسەتی فراوانخوازی ئیمپریالیستانەیەوە. ...