ڕوداوی کوشتنی باوک و دایک و دو خوشک و برایەک لە گوندی گرێزەی شارەزور لە لایەن گەنجێکەوە کە دوای هەمویان خۆشی کوشتوە، ئەم ڕوداوە کە دوای دو ڕۆژ لە گەڕانەوەی بوە لە بەریتانیا، ویژدانی گشتیی هەموانی لە ناخەوە هەژاند و شێواند. ئامۆزایەکی باوکی بکوژ و نوێژکەرێکی ناسیاوی لە بەریتانیا وە وتیان بکوژەکە باری دەرونیی گۆڕابو .وادیارە پاڵنەری یەکلاکەرەوە بۆ ئەم کارەساتە دۆخێکی دەرونیی قورس بوە کە وەک پشکۆی ئاگر وردە وردە لە چەند مانگ یا یەک دو ساڵی پێشترەوە وردە وردە گەشاوەتەوە و شەوی کارەساتەکە پریشک یا پزیسکی ئاگری قسەگەلێکی زبر و ناحەق و بریندارکەر لە لایەن ئەندامێک یا چەند ئەندامێکی خێزانەکەوە بوەتە هۆی کڵپەسەندن و گەشانەوەی پشکۆکان بۆ ئەو ئاگرە بێ بەزەییەی خۆی و خێزانەکەی تیا سوتاند .
سێ نیشانەی زۆر گرنک و قورسی چەند نەخۆشیەکی دەرونی ئەمانەن:
۱. وڕاوەی بیر واتا (وهم)
delusion
نەخۆش چەند باوەڕێکی نالۆجیکیی نەگۆڕ و تەواوی بە شتگەلێک هەیە کە ڕاست نیە و دەوروبەر بە ناڕاست و بە هەڵەی دەزانن، بۆ نمونە نەخۆش ئەڵێ هەرچی دەسگای جاسوسیی دنیا هەیە چاودێریم دەکات
۲. وڕاوەی هەست واتا هەلوەسە
(hallucination)
یەکێک یا زۆرتر لە پێنج هەستەکەی مرۆڤ هەست بە شتگەلێک دەکات کە لەو شوێن و کاتەدا بونی نیە و کەسی تر هەستی پێ ناکات، نەخۆش دەنگێکی غەیبی پێی ئەڵێ فڵانە کەس شەیتانە یا کافرە بیکوژە، یا شت و کەس دەبینێ کە لەوێدا نین.
۳. هەست تێکچون واتا
(illusion)
نەخۆش هەستێکی ناڕاست و هەڵە بە شتە هەبوەکان (مەوجودەکان) دەکات، مۆبایلەکەی لێ ئەبێت بەو دەسگا ترسناکەی بیروباوەڕەکانی دەخوێنێتەوە و لە دنیادا بڵاوی دەکاتەوە.
وڕاوە لە کوردیدا لە وشەی وڕەوە هاتوە واتا کەسێک کە ئاگا و هۆشی تەواو نەبێت و شێوا بێت وڕوداو و شت و مەک و
کەسەکان وەک خۆی هەستیان پێنەکات و بیریان لێنەکاتەوە و دەوروبەر هەست بە نامۆبون و سەرسوڕمان و عەجایب بکەن بەرامبەر کەسەکە .
ئیمڕۆ لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا شەپۆلێکی توندی ئاینداریی سەلەفیی خوێن حەڵاڵکەر و ژنحەڵاڵکەری خاوەن بیروڕا جیاوازەکان هەمو بوارەکانی ژیانی ڕۆژانەی داگیرکردوە. زۆرینەی بانگخواز و مامۆستا ئاینیەکان بەردەوام و بێ ماندوبون مەمکەمژە ئاسا لە تەمەنی منداڵیەوە خەریکی پڕپڕکردنی مێشکی خەڵکن بە بیروباوەڕە ئاینیەکان بە جۆرێکی پەڕگیر و توندڕەوانەی وا کە ئاین دەکرێت بەو ئۆکسجینەی کە ژیان بێ ئەو نابێت و بێواتایە، منداڵی پۆلی یەکی سەرەتاییان بۆ هێناوم لە ترسی مارومێروی ناو قەبر و ئاگری بێئامانی دۆزەخ خەو و خۆراکی نەماوە، مامۆستاکەی لە پۆلدا ئەم بابەتانەی بۆ باسکردون.
لە کەشێکی ئاینیی ئاوادا وڕاوەی بیر و هەست وهەست تێکچون لە نەخۆشەکانی کوردستان و تورکیا و عەرەب و ئێرانیدا زۆرتر ناوەڕۆکێکی ئاینیانەیان هەیە، بۆ نمونە گەنجێکی کوردی قانگدراو بە باوەڕی پەڕگیری سەلەفیی ئیسلامی، دایک و باوکە نوێژکەرەکەی خۆی بە کافر دەزانێ و لە بازاڕ نان دەخوات چونکە چێشتی دەستی دایکی بە حەرام دەزانێ، ڕۆژێک لە بارودۆخێکی وەک ڕوداوەکەی گرێزە قسەیەک لەم و قسەیەک لە باوکە توڕەکەی کە نازانێ وڕاوەی دینی چیە، دورە کوڕەکە دایک و باوکی بداتە بەر چەقۆ؟ هونەرمەندێکی ناودار هەمو تابلۆ هونەریەکانی دەشکێنێ و فڕێیاندەدات و دەڵێت بت پەرستیە و حەرامە ، کە داعش لە گەشەسەندندا بو دایک و باوک وبراوخوشکی گەنجێکی داعشیی کورد بە تەلەفون لێی دەپاڕێنەوە وازلە داعش بێنێ، لە وەڵامدا بە توڕەییەوە ئەقیڕێنێ بەسەریاندا (قەسەم بە ئەڵا بەسەرکەوتویی بگەڕێمەوە لە پێشدا ئێوە سەردەبڕم)، ئەمانە وڕاوەی بیری ئاینی نەبن ئەی چین؟
باوەڕ وە بەتایبەتی باوەڕی ئاینی ،هەر ئاینێک بێت ، ئەگەر مێشکی گەنجێکی بێ ئەزمونی پێ پڕپڕ کرا بە جۆرێک کە هەمو مێشکی داگیرکرد ئیتر باوەڕەکە نزیک دەبێتەوە لە یا هەر دەبێتە وڕاوەی بیر واتا دەبێتە نەخۆشیی دەرونیی قورس و کوشندە و بکوژ! بەمە دەڵێن شتن و شۆردنی مێشک (غسل الدماغ) ، بۆ نمونە گەنجێکی کرێکار لە شارێکی کوردستان کە لانکەی ئیخوان موسلیمینە، بانگخوازی بێویژدان(چونکە منداڵەکانی خۆی ئەنێرێ بۆ زانکۆ نەک بۆ جیهادی کافرەکان!) مێشکی بە بابەتی جیهاد و کوشتن دەشۆنەوە و دەینێرن بۆ سوریا، لای دایک و باوکی ئەڵێ ئەچم بۆ عەمرە، دوای چەند هەفتەیەک بە تەلەفون پێیان دەڵێ ئەوەی ئێستا ئەیکەم بە هێندەی سەد عەمرە و حەج خێری هەیە، دوای چەند ڕۆژێ لە ئەدلیب دەکوژرێ، باوەڕە سەلەفییەکەی نزیک دەبێتەوە لە وڕاوەی بیری ئاینی، واتە دەبێتە نەخۆشیی دەرونیی قورس، بە بەکوشتدەرەکانی ئەڵێم جوامێر و بەڕەوشت بن و بەویژدان بن خانەنشینیەکی لای سەرۆک ئەحمەد شەرعی هاوبیر و هاوڕێتانی بۆ ببڕنەوە !!
مرۆڤ لە هەڵچون و توڕەبون و ڕق هەستاندا کاری لەپڕ و نابەجێ و بیرلێنەکراوە دەکات، ئەنەڕێنێ، دەرگا توند پێوە ئەدا، سەری خۆی ئەدا لە دیوار، پاڵ بە یەکێکەوە ئەنێ یا مشتەکۆڵەیەکی پێدا ئەدا، هەر بۆیە پێشینان وتویانە (دۆ و دۆشاوی تێکەڵ کرد)، بەڵام نەیانوتوە (خوێن و فرمێسکی تێکەڵکرد) وەک لە ڕوداوەکەی گرێزە دا، تۆ بڵێی کارەساتەکەی گرێزە ڕوداوی وڕاوەیەکی ئاینی نەبێت ؟ ))