لە ساڵی ١٨٩٨واتە ١٢٨ ساڵ پێش ئێستا، میقداد مەدحەت بەدرخان یەکەم ڕۆژنامەی کوردی بە چاپگەیاند بەناوی ڕۆژنامەی کوردستان. لەو کاتەوە ڕۆژنامەگەری بووە بە پایەیەکی گرنگی بزوتنەوەی کوردایەتی وەک دەنگی گەل و ئامرازێکی گرنگی پاراستنی ناسنامەی کورددا بووە.
ھەر لە سەرەتادا ڕۆژنامەی کوردستان وەک شۆڕشێکی مەعریفی و ڕۆشنبیری و وشیارکردنەوەی کۆمەڵگەی کوردی و بڵاوکردنەوە و برەودان بە زمانی کوردی، وشیارکردنەوەی ھەستی نەتەوەیی و گواستنەوەی ھەواڵی فیکری، سیاسی و کولتووری ئەژمارکراوە.
بۆیە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی تەنھا یادکردنەوەیەک و بیرھێنانەوەیەکی ئاسایی نییە، بەڵکو دەبێت وەک ھەلومەرجێک و وێستگەیەک بیکەینە ھۆکاری بەخۆداچوونەوەی کۆی میدیای کوردی و پشکنینی ئێستا و دانانی بەرنامەیەک بۆ ئێستا و داھاتووی ڕۆژنامەگەری کوردی.
چونکە ئەرکی ڕۆژنامەگەری کوردی لە ئێستادا زۆر قورس و سەخت و ھەستیارە. ڕۆژنامەگەری کوردی، یان بە فراوانتر میدیای کوردی، تەنھا وەک بڵاوکردنەوەی ھەواڵ نییە، بەڵکو وەک چاودێر و ڕەخنەگرێکی بێلایەن و ڕاستکەرەوەی خواروخێچیەکان دەبێت ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات.
ھەمووان دەزانن، لەبەر پاڵپشتیی دارایی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن حیزبەکانەوە، ڕەنگدانەوەی ھەژ مونی ئەو لایەنانەی پێوە دیارە کە پاڵپشتی دارایی ڕۆژنامە یان میدیاکان دەکەن. لێرەدا ئەو ڕاستییە خۆی نیشان دەدات: مادام میدیا داھاتی سەربەخۆ نییە، ناتوانێت بیرکردنەوەی سەربەخۆی تەواوی ھەبێت.
بۆیە ئەو وتەیە خۆی مانیفێست دەکاتەوە کە دەڵێت: (ڕۆژنامەگەری درێژکراوەی ئیحساسی ئەو ناوەندو کەسایەتیانەیە کە پاڵپشتیی دەکەن).
بەڵام دەکرێ لە پرسە ھەستیارە نیشتیمانییەکاندا، بە تایبەتی کە ئێستا لە سەر دەمی تەکنەلۆجیا و میدیای کۆمەڵایەتی و خێرایی بڵاوکردنەوەی ھەواڵەکانداین و لە دۆخێکی پڕکێشە و قەیرانداین، پێویستە میدیا و ڕۆژنامەگەری کوردی بۆ چاکەی گشتی کار بکەن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ھێرشە میدیایی و دەرونییانەدا ببنەوە کەدەکرێتە
سەر ھەرێمی کوردستان کاری دڵسۆزانەی لەسەر بکرێت و حیزبەکان و ئەوانەی پاڵپشتیی میدیای سێبەر و حیزبی دەکەن، ڕەچاوی ئەو خاڵە بکەن و داوای حیزبی یان بەسەردا نەسەپێنن. بۆ ھەمو دۆخێک .
بۆ ئەوەی ساڵڕۆژی ڕۆژنامەگەری کوردی بکەینە وێسگەیەک بۆ بانگھێشتکردن و کارکردنێک بۆ پاککردنەوەی میدیای کوردی لە وشەی ناشیرین و نا ئەخلاقی و گەڕانەوە بۆ ئەرکە ڕەسەنەکەی، لە ھەمان کاتدا پێویستە ھەموو میدیاکان پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ خۆیان وەک میدیاکار و وەک دامەزراندنەکانیان بکەن و ئەرکە پیشەییەکانیان وەک خۆی جێبەجێ بکەن.
خزمەتی کوردستان و ھاوڵاتیانی کوردستان دەبێت لە پێشینەی کارەکانیان بێت. لێرەوە دەبێت بزانین میدیایەکی ئازا و ئازاد و نیشتیمانپەروەر دەتوانێت ھێزی بەرگری نیشتیمانی لە ڕۆحی ھاوڵاتیاندا بەھێز بکات.
ئەوە ئەرکی سەرەکی ڕۆژنامەگەری و ئەو ھێزانەیە کە پاڵپشتیی دەکەن.
پیرۆزە ساڵیادی ڕۆژنامەگەری کوردی.