دەوڵەتمەدار بڕوا بڕوانامە ئەخلاق
فارس نەورۆڵی
2019-05-12   1029
سیاسەت واتە مامەڵە لەگەڵ واقیعێكداكەلە بەرژەوەندی باڵای نیشتیمان وچاكەی گشتی دا ، بەڵام ئەوەی هەندێك كەس و لایەن ممارەسەی دەكەن فۆڕمێكی شێواوە لە سیاسەت و تەنها بۆچاوبەستن و شێواندنی ڕای گشتی یە ،دوای ڕێكەوتنی لایەنە براوەكانی هەڵبژاردن دوای گفتوگۆیەكی دوورودرێژ گەیشتنە ڕێكەوتن بۆ پێكهێنانی حكومەت و كاراكردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم، پەرلەمان كۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا، بەزۆرینەی دەنگ یاسای سەرۆكایەتی پەسەند كرا ، چەند لایەنێك كە بەژدارنین لە حكومەت یان فەرموویان لێ نەكرابوو دەنگیان نەدا ، لەهەمان كاتدا هەندێ كەس لێرەو لەوێ كەوتنە تەقە بە بیانوی جیاجیا ، هەندێك بەبێ تێگەیشتن لە ئەركی فەرمانڕەواو فەرمانڕەوایەتی وتیان سەرۆكی حكومەت و هەرێم بڕوانامەی نیە ، من پرسیارم نەكردووە بزانم بەڕێز (نێچیرەوان بارزانی) ئەو ماوەیەی لە ئێران بووە خوێندویەتی یاخود نا ، بەڵام دەزانم فارسیەكی باش و ئینگلیزیەكی باش قسە دەكات، بۆیە دەمەوێ بەوانە بڵێم كە ئێوە تەنها بۆ خۆ دەرخستن ، بەردەوام باری دەرونی خەڵك دەشێوێنن ، ئەوانە بە ئیحساس قسە دەكەن نەك بە ئەقڵ ئەمەش بۆ تێكدانی ئیحساسی خەڵكە ، لە ڕاستی دا دەكرێ ئەمە ناو بنێین جەهل بەخود ، ئەگینا ئەوانەش ئەو قسانە دەكەن دەزانن (نێچیرەوان بارزانی) پەكی لەسەر بڕوانامە نەكەوتووە بۆ بەڕێوە بردنی وڵات ، لە پێگەی سەرۆكایەتی هەرێم دا، چونكە ئەزمونێكی دەوڵەمەندی هەیە لە بەڕێوەبردن و دبلۆماسیەت دا ، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو ماوەیەی (نێچیرەوان بارزانی) حوكمڕانی یان سەرۆكایەتی حكومەتی دەكرد پەیوەندی حزبەكان لە خراپترین دۆخی بێمتمانەیدابوون لە هەموو ڕوویەكەوە ، ئەوە (نێچیرەوان بارزانی) بوو توانی تەجاوزی دۆخی بێ متمانەی بكات و حزبەكان كۆبكاتەوە و دور لە نەفەسی حزبی فەرمانڕەوای بكات ، وەزیرەكانی حكومەت لە یەكێتی و گۆڕان و یەكگرتوو و كۆمەڵ ئەو شاهیدیە دەددەن ، كە (نێچیرەوان بارزانی) ئەندازیاری دروست كردنەوەی متمانە بوو ، جگە لەوە لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە هەموو كەس ڕۆڵی دبلۆماسیەتی (نێچیرەوان) ی لەبەر چاوە كە بە بڕوایەكی پتە و ئیدارەی ئەو قەیرانەی كرد ، ئەمە ئەوەمان پێ دەڵێ بڕوا لە پێش بڕوانامەوەیە، جگە لەوە لە مومارەسە كردنی دا ، تیمەكانی چەندان بڕوانامەی بەرزی تێدایە ، حاڵەتی واش لە سیاسەت دا دەگمەن نیە . (جۆن مێجەری) سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا تا شەشی سەرەتایی خوێندبوو ، لە لایەكی دیكەوە بەڕێزیان لە كابینەكانی ڕابردوودا حزبی كوردی نەماوە دەنگی پێ نەدابێ ، بۆ سەرۆكایەتی حكومەت و پێشی ڕازی بوون ، كەواتە دروست كردنی ئەم هەرایە تەنها بۆ بازاڕ گەرمی حزبی و نا لۆژیكی ، لە خوێندنەوەی واقع دایە ، گەرنا پرسیاری فەلسەفەی سیاسی ئەوەیە چۆن حوكم دەكرێ ، بۆیە لەسەر هەموو لایەك پێویستە بەدوای بەرژەوەندی خەڵك بن ، بۆ چاك كردنی بازاڕ بۆ ڕێككردنی كایەی تەندروست و پەروەردە و خوێندنی باڵا ، ئەو مەسەلانەی پەیوەندی بە ژیانی خەڵكەوە هەیە لەسەر ڕۆشنایی گیروگرفتەكانی ڕۆژ قسە بكەن و بە دوای جوگرافیا لەبیركراوەكانی ژیان دا بگەڕێن ، نەك نەزانن چۆن دەست پێدەكەن و چۆن كۆتای پێ دێنن ، بە مەرجێ ئەزمونێكی شكست خواردو لەم بارەوە هەیە كە دژایەتی ناڕەوای ناوخۆمان كرد ، لە بیریشتان نەچێ ئەوانەی پێشتر گوایە بڕوانامەیان هەبوو سەركردایەتی هێز گەلی سیاسی یان دەكرد ، بۆ چاك سازی دیمانن بۆ بەرژەوەندی خۆیان گەیشتنە كوێ و چیان كرد و چۆن شێواندیان و بۆ بەرژەوەندی خۆیان ، بەسەر بەرژەوەندی خەڵكدا پەڕینەوە ، دەبێ ئەوەش بڵێم بڕوانامە گرنگە ، بەڵام بڕوا گرنگترە و سەركردەكان پیاوی كردارن نەك بیر، نوخبە بیری بۆ دەكەنەوە و پێشنیاری دەخەنە بەرچاو، ژیانیش وەستایی یە بۆلای وەستا ، هەموو لایەكیش جێ دەست و پەنجەی (نێچیرەوان) دەبینن لەسەر ڕووداوەكانەوە بۆ چاكەی گشتی ، بۆیە ئەوانەی خەریكی ئەم جۆرە بازاڕگەرمیەن غیابی لۆژیك لای ئەمانە ئەسڵی بەڵاكەیە، بۆ داهاتو ئەگەر بەم جۆرە سیاسەن بكەن ئیتر خەڵك ڕێگایان لێ دەگرێ و پێیان دەڵێ ئەمە كایەی ئێوە نیە ئەوەش ئەهلی كایە یەك نەبێ نابێ دەستكاری بكات و بۆیە وا باشە ئەم بەیتەی نالی بخوێننەوە كە دەڵێ:
(كە خاكی خاكی دامەن بە،
وەگـەرنـــا تــۆزێ بەربــادی
كە ئــاوی ئـاوی گەوهەر بە
وەگەر نا بڵقی ســـەرئاوی)
ڕاستە هەموو ڕەخنە گرتنێك بۆ ڕاستكردنەوە بێت دەبێ هەموو لایەك ڕێزی بگرن و جیاوازییەكانمان بە خستنە ڕووی ئەرگۆمێنت بەڕێوەبەرین وەك وڵاتانی پێشكەوتوو ، ئەمەش بەوە دەبێ خۆمان لە ڕق و كینە داماڵین ئەگینا بۆ نا ، ئێمەش وەك میللەتان بە لۆژیك بیربكەینەوە و مومارەسەی ڕەخنە و ڕەخنەسازی لە چوارچێوەی دیموكراسی دا بەڕێوە بەرین ، ئەمە جائیزترین كردارە ئەنجامی بدەین نەك بە ڕق و كینە ئیدارەی بدەین ، وەك حەمدی دەڵێ:
(هەڵپەڕكێ جایزە بۆ كوردان
بــێ قـــەزابـێ ڕەحـمـــەخــان
نـــــایــەڵــێ هـــــەڵـپەڕیــــن)
بۆیە باشتر وایە بواربدەین سیاسەت بە دۆخی سروشتی خۆیدا تێ پەڕێ و بە گەمەی بچوكەوە میللەت سەرقاڵ مەكەن ، دواجار هەموشمان دەزانین لە واقیعدا بۆ دەوڵەت مەداری بڕواو ئەخلاق پێش بڕوانامەیە.