عەقلیەتی نیوە بە نیوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان

محەمەد خۆشناو
  2023-07-08     286

هەر لەگەڵ دروستبوونی یەکەم پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان تا دەگاتە ئەو حکومەتەی ئێستا بە هەردوو نیوەکەیەوە !! عەقلیەت و بیرکردنەوە و بۆچوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان نیوە بە نیوە بووە و دارەکەی لەناوەڕاستدا گرتووە !؟

ئایا ئەم هەرێمە قەوارەیەکی نوێی مەدەنی-یە یان ئایینیە ، هەموو ئەوەی لەبەردەمان ڕوودەدا و دەیبینین ، ئەوەیە کە نیو بە نیوە ، هەرێمێکی کوردستانی ئایینی نین بە مانای تەواو و ، هەروەها هەرێمێکی کوردستانی مەدەنیش نین بە مانای تەواو ، دەسەڵات لەو هەرێمەدا بە ڕوونی قەدەخەی ئەوە ناکات کە ئایین دەستەوەرداتە سیاسەت و  موفرەداتی زمانەکەشی بۆ حوکم بەکاردەهینێت ، ڕێگە بەو قانونانەش دەدرێن کە قەدەخەی گفتوگۆی ئەوەی مرۆییە بکرێت بە پاساوی ئەوەی کە ئەمە خوداییە ، جگە لەمەش بەرگری و باوەڕهێنان بەو حەدیسانەی دەکرێن کە داعش و تالیبان و نموونەکانی ئەو لە هەندێک کتێبە تەعلیمیەکانمان و  لە بەرنامە تەلەفزیۆنیەکان پشتی پێدەبەستن .

بانگەشەی هاوڵاتیبوون دەکەین بەڵام کردەوەکانمان جیاکاریەکی سەخیفی تیدایە لەنێوان هاوڵاتیە جیاوازیەکان لە ئاییندا و ، قبوڵی ئەوە ناکەین کە یەکێک بوێری ئەوەی هەبێیت ئەوە بڵێت ، ئێمە لە نیوەین .

ڕۆژ و شەو کاردەکەین و لیژنە دروست دەکەین  و کۆدەبینەوە ، واخۆمان پێشانی جیهان دەدەین کە پاراستنی مافی مرۆڤ لە ستراتیژیەتی ئێمەیە ، بەڵام ناتوانین ژن بپارێزین لەو پێشێلکاریانەی کە دەرهەقی دەکریت ، بانگەشەی پاراستنی مافی مرۆڤ و خۆپێوەگرتن بە هاوڵاتیبوون یان هاونیشتیمانیبوون دەکەین ، بەڵام بووێری ئەوەمان نیە باسی گفتووگۆکردن لەسەر لابردنی ئایین لە بیتاقەی ناسنامە بکەین ، چونکە ناسنامەی هاوڵاتی پەیوەستە بە ئایین نەک نیشتیمان  ، نازانم ئێمە هەرێمێکی ئەمنین یان هەرێمێکی مەدەنی نوێ کە هەروەک بانگەشەی بۆ دەکەین ؟! ئێمە لە نیوەین  ، کە یەکێک تاوانێک بەناوی ئیسلامەوە دەکات دەسەڵات قڕوقپی لیدەکات ، بەڵام کە کەسێک هێرش دەکاتە سەر پیرۆزیەکانی ئیسلام دەسەڵات لە حزبە ئیسلامیە سیاسیەکانیش وێوەتر دەڕوا و تێدەپەڕێنێت ، نیو بە نیو ، ئایا بەڕاستی ڕێز لە ئازادی ڕادەرنڕین دەگرین یان تەنها ڕێز لە ئازادی ڕادەربڕین دەگرین کاتێک دەسەڵات پشتگیری کرد و ڕیزی ناگرین ئەگەر بەرهەڵستیکرد یان ڕێگەی نادا ؟ ئێمە لە نیوەداین  ، ئێمە نیوە کراوەین نیوە داخراوین چونکە ئامادەنین بۆ یەکلاکردنەوەی کلتوور و کۆمەڵایەتی و سیاسی کە هەرتەنها عەقل ڕۆشن ناکاتەوە بەڵکو ئایندەی نیشتیمان دەگۆڕێنێت و لەگەڵ پێشکەوتنی مرۆیش دەگونجێت و دەبێتە دروستکەریشی ؟ یان نیوە کرانەوە و نیوە داخراومان دەویت ؟!  ڕێگەمان بە  دروستکردنی دەیان تەکیە و گۆشە و شوێنی ئایینی  و فەتوای بێسەروبەر دا و دەسەڵات  پاڵپشتی و  دەستیان لە پشت دان  و دەیان سایت و تەلەفزیۆن-یان هەیە  بانگەشە بۆ فیتنە و دووبەرەکی  تاوانباکردن بە کوفر و ئیلحاد دەکەن چونکە پشتگیری کوردستانێکی مەدەنی دەکرێت  ، کە سەرەنجام بەداخەوە دەسەڵات  تیرۆری بەقانون کرد و کردیە ئەمری واقع ، لەجیاتی دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی بەهیز و رێکخراوی ئەهلی کاریگەر کە گەشە بکات و پاڵپشتیکار بێت ، ئێمە لە نیوەداین دەمانەوێت و نامانەوێت .

ئێمە نابێت لە نیوەدا خۆمان هەڵواسین ، هەق وایە پەرلەمان و حکومەتی دادێی هەرێمی کوردستان بوێری بداتە خۆی هەندێک لەو تەنگوچەلەمانە چارەسەر بکات و ، لە دەستووری ئایندەی هەرێمی کوردستان-یش ئەم ئەشکالیاتیانەی یەکلابکرێنەوە ، نیوە ئەوەیە کە دەگەینێ و ناگەینێ ، کاربکەین و کارنەکەین ، نیوە ڕێگایەکە نامانگەینێتە  هیچ شوێنێک و ، نیو فکرە ئامانجمان ناداتێ ، گرتنی دارەکە لە ناوەند نابیتە مایەی چارەسەر ،  تاکە چارەسەر بریتیە لە هێنانەکایەی  کیان یان دەوڵەتی مەدەنی ، کە ڕێگەنادات ئایین بەکاربهێنرێت بۆ مەکاسبی سیاسی و ، کۆڵەکەکانیشی ڕیزگرتەنە لە بیروباوەڕی هەموو هاونیشتیمانی نیشتیمان و ، ئایین بریتیە لە پەیوەندی نیوان تاکەکەس و خوای گەورە  ، ئەوەی کە کۆسپە لەبەردم هێنانەدی مەدەنیەت ، ئەو لێپاڵدانەوەی ئیستامانە کە دەمانەوێت کارەکە هەروەکو خۆی بمێنیتەوە ، بەجۆرێک گۆڕیین پێویستی بە هەوڵ و تەقەڵا و تەنازولاتی هاوبەش و چوون لە زەمەنێک بۆ زەمەنێکی نوێە کە بەرپرسیارێتیەکان دەگۆڕێن و ، گەلان لە هەڵەکانیان فێر دەبن . بەڵام گەرەترین تەحدی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشە و تەنگوچەلەمانە ئەوەیە کە ئایا دەسەڵات ئەمە جێبەجێ دەکات ، کە پێویستی بە پابەندبوون بە دیدگا و ، ئیدارەدانێکی چووست لە هەموو ئاستاکاندا هەیە و ، پێویستی بە چۆڕێک گەشبینی و ئیجابیات هەیە کە هەندێک بڕیار دەروستی بکەن و هیوا بگەڕننەوە .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×