دەتوانم لەسەر دە هەڵە لێتببوورم ، بەڵام ئەگەر هەڵەیەکت دووبارە کردەوە لێتنابوورم .
ولیەم شەکسپیر
ڕۆژنامەی«نیۆیۆرک تایمز»ی ئەمەریکی ڕاپۆرتێکی لەسەر جەنگی سودان لەنێوان «بورهان » فەرماندەی هێزە سەربازیەکانی سودان و«حەمیدەتی» فەرماندەی پشتیوانی خێرا بڵاوکردەوە بە ناونیشانی ( هەموویان چاویان بڕیوەتە سودان و ، هەرلایەکیان لەوان پارچەیەکی دەوێت ) ئەم ناونیشانە زۆر سەرنجی ڕاکێشام و یەکسەر خۆمانمان بیر کەوتەوە ، کە بزانە چ لە هەرێمی کوردستانی تاقانەی سەد ساڵی کورد دەکرێت و ، هەموویان گریانی بۆ دەڕێژن کەچی هەرلایەک دەیەوێت پارچەیەک بۆ خۆی دابڕێت لەژێر سایەی دۆخێکی لاوازی ناوخۆ ، کە زیاتر هانی وڵاتانی دوروبەری داوە زیاتر دەستوەردەنە ناوی .
کاتێک مرۆڤ سەیری ئەو پەرتەوازە و دابەشبوونەی ئێستامان دەکەین ، وەک ئەوە دێتەبەرچاوم کە ئەمە تارماییەکە ئەو ئۆرکسترا فەوزایەی هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی باش و بەدیقەت ئیدارە دەدات ، ئەمەی هەیە ئەو پرسیارە ئەبەدیە لەناو مێشکماندا سەر دەردێنێت : ئەگەر گەلی ئێمە بەوشێوەیە لەسەر خودی خۆی دابەشبێت و ڕۆلەکانی هەروەکو ئیماڕاتەکانی پێشوو لە شەڕ و ململانێی ناشەریف لەگەڵ یەکتری دابن کە ئەمە مێژووە بەجۆرێکی تر دووبارە دەبێتەوە ، نیشتیمانێک لەحالەتی جەنگ دابێت لەگەل خۆیدا ، چۆن وادەکەن ئەو گەلە بە کەژاوەی شەمەندەفەری پێشکەوتن و بوژانەوە و هەتا نوێگەری ڕابگات و ئایندەیەکی باش بۆ نەوەکان دەستەبەربکات ؟! ئایا بەڕاستی کورد لە دەرەوەی مێژووە و لە مێژوو دەرچووە ؟ و لەبەرچی لەعنەتی دابەشبوون وەک ڤایرۆسێک بەجەستەمان نووساوە و لەگەڵ خوێندا چۆتە دڵ کە ناخی بریندار کردووین و ، کەی ئەو فریادڕەسە مەزنە پەیدا دەبێت ئەو نیشتیمانە لەو پەڵە ناشیرینە شەرمەزارەی لە نەخۆشیەکانی دوو زۆنی زەرد و سەوز کە جەستەی هەرێمی کوردستانی ناشیرین کردووە ڕزگار بکات ؟!! لەو دۆخە ناخوازراوەی کە ئێستا بەرۆکی هەرێمی کوردستانی گرتووە ، هاوڵاتی ساکار تێیدا لەدەرەوەی هاوکێشەکاندایە و تەرەف نیە ، هاوڵاتی بێزار بووە لەو کێشە و ململانێیانە و متمانەی نەماوە ، تاکە سەرکەوتنی هاوڵاتی لەوەدایە ئەو هەرێمە یەکگرتوو و بەهێز بێت و یەک تیمی جەماعی هەبێت ، ئەمانە زامنی مانی خۆشی هاوڵاتیە .
هەموو خەڵک ئەوە دەخوازێت کە سەرکردەکان هەڵوێستێکی بەخۆداچوونەوەیان هەبێت ، چونکە هەموو بەشدارن لەو تەنگژە و قەیرانانە ، هەموومان یەک جەستەین ، بەڵام ئەندامانی جەستەکە لە ململانێدانە و هەریەکە دەیەوێت بەسەر ئەندامەکەی تردا سەربکەوێت ، ئامانجەکەش لاوازکردنی جەستەکەیە ، پێشتر ئەگەر لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بەهێزی سەربازی بەروەڕووی یەکتری بووبونەوە بۆ شکستپێهێنانی یەکتری ، ئەوە ئێستا وازیان لە کۆکردنەوەی سەربازی هێناوە و ، هەریەکەیان سوپای ئەلکترۆنی خۆی هەیە و ، لەپشت مۆبایل و کۆمپیوتەر لەجەنگدان و ، هەندێک کەمتیاری-یان لە فەزای سۆشیالمیدیا و سایتەکانیان بەڕەلا کردووە بۆ دروستکردنی فیتەنە و ئاژاوەگێڕی لەنێوان ڕۆلەکانی یەک گەلدا بۆ هەڵتەکاندنی دیواری متمانە و قوڵکردنەوەی دووبەرەکی و ڕقلێبوونە و بڵاوکردنەوەی کلتووری تەخوینکردن ، بڕۆن سەیری مێژوو بکەن بزانە ڕاگەیاندن چۆن ئاگرە خۆشکەری شەڕ بووە و ، ئەوانەی خەراپ بەکاریان هێناوە چ ماڵوێرانیەکی بەسەر میللەتان هێناوە !!
ڕۆژانە هاوڵاتیان و کەسایەتی دڵسۆزی نیشتیمانیی و نووسەر و ڕۆشنبیر لەسەر هێڵن بۆ هەوڵی ڕاگرتنی ئەو مەهزەلەیە کە تاکو ئێستا جەدوای نەبووە و گوێیان لێنیە و فشەیان پێدێت ، چونکە بەرژەوەندی تەسکی حزبی و کەسی و دەورەدانیان بە کەسانی دووڕوو و هەڵپەرست و بەرژەوەندی خواز لە لایان بەهێزترە لە بەرژەوەندی نیشتیمانی و هاوڵاتی و ، بەهێزە و زاڵترە لەو دەنگانەی داوای پردی پەیوەندی پتەو و کردنەوەی کەناڵی گفتوگۆ و دایەلۆگ دەکەن کە زامنی داخستنی زۆرترین کێشە و دووبەرەکی و پشێوی و فیتنەبازیە .
ئێستا جیهان بەرەو گۆڕانکاری لەسەرئاستی پەیوەندی نێوان وڵاتان و لەسەر ئاستی قەیرانی پەتا و جەنگ کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە دەڕوات ، جیهانێکی نوێ و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستێکی نوێ بەڕێوەیە ، ئێمە بەو دۆخە شەپڕێویەی ئێستا لەکوێی ئەوەی وادێت و ڕوودەدات داین ؟! کات زۆر کەمە و مێژوو رەحم بەکەس ناکات ، نازانم لەناو ئەو شەپۆڵانەی دەریادا کەشتیەکەمان بەرەو کوێ دەچێت لەچ ئاقارێک لەنگەر دەگرێت !!