خۆشەویستی جۆرەهایە دەگۆڕێت بە گۆڕانی خۆشویستراو ، خۆشەویستی بۆ خودا ، خۆشەویستی دایک بۆ منداڵەکانی ، خۆشەویستی نێوان پیاو و ژن یان کچ و کوڕ«کە تا ئێستا لە هەندێک ماڵان خۆشەویستی گوناهێکی گەورەیە و پەڵەیەکی شەرمەزاریە » خۆشەویستی هاوڕێتی و دۆستایەتی« بەداخەوە لەو زەمەنەی ئێمە ئەگەر بە یەکێک بڵێی خۆشم دەوێیی ئەگەرێکی زۆرە کە درۆ دەکات و ، ئەگەر بڵێی رقی لێت دەبیتەوە ئەگەرێکی زۆرە ڕاستگۆ بێت ، ئێمە ڕاستگۆی و دڵسۆزی تەنها لە شەڕانگێزیدا دەبینین» هەروەها خۆشەویستی بۆ نیشتیمان .
خۆشەویستی بەنرخترین شتە لە وجودا ، خۆشەویستی بنچینەی ژیانە ، «دانتی» شاعێر دەڵێت :(خۆشەویستی هێزێکی گەورەی گەردوونیە ، چونکە ئەمە ئەوە خۆر و باقی ئەستیرەکانی ئاسمان دەجوولێنێت ) بەگشتی خۆشەویستی موڵکی ژیانە کە هیج ڕیاکاری و درۆ و هەستوسۆزی دروستکراوی تیدا نیە ، بەڵکو پاک و بێگەرد و ساکاری سروشتیە .
خۆشەویستی نیشتیمان بریتیە لەو هەستەی نێوان مرۆڤ و نیشتیمانەکەی ، بەڵام ئەم خۆشەویستیە لە یەکێک بۆ یەکێکی تر بەپێی پێکهاتەی هزری و ڕۆشنبیریەکەی و دیراسەکەی دەگۆڕێت و ، لە ماوەیەک بۆ ماوەیەکی تر جیاوازە ، هەستی نیشتیمان لەماوەی قەیرانەکانی نیشتیمان و جەنگدا بەرز دەبێتەوە و ، هەروەها دیاردەیەکی نەخۆشیی بۆ خۆشەویستی نیشتیمان-یش هەیە کە بەڕێگایەکی هیستیری لەکن فاشی و دیکتاتۆررکان خۆشەویستیان بۆ نیشتیمان هەیە .
بێخۆشەویستی نە دەسەڵاتدار لەگەڵ گەلەکەی نە باوک لەگەڵ منداڵەکانی نە مێرد لەگەڵ ژنەکەی سەرناکەون ، مەزنترین شت خۆشەویستی نیشتیمانە ، بەداخەوە خەریکە لەکن ئێمە ئەم خۆشەویستیە بۆ نیشتیمان دەسوێنن ، لەم ماوانەی ڕابردوو ڕاپرسیەک کرا کە زۆربەی کەسە ساکارەکان «ئەوانەی ناتوانن تەحەکوم بکەنە سەر غەریزە و سۆزەکانیان » ، تەمانای ئەوەیان کرد کە ئەم قەوارەی هەرێمی کوردستان نەمێنێت و ، جارێکی تر بێگانە بێنەوە ، کە ئەمە زەنگێکی زۆر ترسناک بوو کە بەری ڕەنجی قوربانی «100 » ساڵی کوردستان بە ئاسانی بە با بدرێت بەڕاستی ئەمە بەخۆداچوونەوەی جدی دەوێت !! ، ڕاستە کەموکوڕی و کێماسی و گەندەڵی… هتد هەیە بەڵام دەبێت بپرسین بۆ وای لێبێت هاوڵاتی رقی لە نیشتیمانەکەی خۆی ببیتەوە و تەمانای نامانی بکات ؟؟!! ، تا ئێستا خۆشەویستیمان بۆ کوردستان خۆشەویستیەکی هۆشیارانە نەبووە ، با پرسیاری ئەوە بکەین کە ئایا خۆشەویستی ملکەچی عەقل و ئیرادە دەبێت بۆ ئەوەی خۆمان بڕیاری ئەوە بدەین کە خۆشەویستیمان هەبێت یان ڕقلێبوونەوە یان ملکەچی هەستوسۆزە ؟ ئایا جۆری سوودبەخش و زیانبەخش لە خۆشەویستی نیشتیمان هەیە ؟ زۆربەی خەڵکی کوردستان خۆشەویستی بۆ نیشتیمان بەو ئاستە بەرزەی هۆشیاری نیە ، خۆشەویستیەکی سۆز و ئارەزووانە و نەبوونی بابەتیانەیە کە بریتیە لە بەراوردکردنی باشەکان بە خەراپەکان ، بەڵام لە خۆشەویستی هۆشیارانەدا سۆزی خۆشەویستی پێچەوانە نابێت لەگەڵ ڕەخنەی خودی و گەڕان بەدوای هۆکارەکان ، خۆشەویستی ڕاسەقینەی نیشتیمان ئەوە داوا دەکات کە هۆشیاری و عەقلانی بێت ، ئا لەم کاتەدا تەنها لەم کاتەدا دەتوانین پێشبینی لە هاوڵاتی بکەین کە هۆکارەکان وەرگرێت و ، کاری جدی بەرهەمهێن لە پێناوی نیشتیمانێکی باشتر و خۆشەویستیەکی بەهێزتر بکات ، هاوڵاتی ، نیشتیمانێکی سەقامگیر و بێ کێشەی ناوخۆی دەوێت کە بە ئاشتیانە تێیدا بژیت ، هاوڵاتی مرۆڤێکی ئازدی سەقامگیری دەوێت کە بتوانێت هەلی کاری هەبێت و بازاڕ جوولەی تێدا بێت و خزمەتگوزاریە بنچینەیەکانی بۆ دابین بکرێت ، بەمە وەلا بۆ نیشتیمان دەگەڕیتەوە و ، خۆشەویستی نیشتیمان مەزنتر و مەزنتر دەبێت .