لەوەتەی عێراق دروستکراوە وێڕای زۆری سەرچاوە و سامانی سروشتی بۆتە ماڵوێرانی بۆ خەلکەکەی ، ئەم وڵاتە سیستەمە سیاسی و حوکمڕانیەکەی تووشی ئایدز بووە و مەناعەی لەدەستداوە ، هۆکارە سەرەکیەکەی بریتیە لە نەبوونی شوناسی نیشتیمانیی ، لە عێراق شیعە و سونە و کورد و پێکهاتەکانی دیکە هیچ شوناسێکی نیشتیمانیی کۆیاناکاتەوە و هەست بە هاڕمۆنیەت و گونجاوی نیشتیمانیی و متمانە لەنێوان پێکهاتەکان ناکەی و ، هەر وڵاتێکیش شوناسی نیشتیمانی کزر بوو بەرگری دەوڵەتەکە لەرزۆک دەبێت و ناتوانێت لە نێوەندی گۆڕانکاریەکاندا بوەستێت و دەکەوێتە بەردەم« با» ، لەو وڵاتەدا لایەنەکانی دەسەڵات مامڵەی ئەو سەردەمە هەر بە هزری سەردەمانی پێشوو دەکەن و ، بڕوایان بە دیموکراسیەت و ئازادی و مافی مرۆڤ و حیوار و لێکتێگەیشتن و ڕای جیاواز و ماف و داخوازی و ئەم و ئەو نیە ، هەر بۆیەش لەوەتەی بەریتانیا ئەم وڵاتە پێکەوەناوە شەڕ و کوشتار و خوێنڕشتن بەردەوامی هەیە ، کە جگە لەدابەشکردنی هیچ چارەسەرێکی دیکەی نیە ، با دوو مەنزومەی دەسەڵاتی پڕ لە کارەسات و قەیراناوی بە نموونە بهێنینەوە:
سیستەمێکی دیکتاتۆری بە سەرۆکایەتی سەدام حسین-مان بینی کە بەئاگر و ئاسن وڵاتەکەی بەڕیوە دەبرد چی نەما نەکات و ، خەلک و وڵاتەکەی بەرەو ماڵویرانی برد کە کەم وڵات هەیە ئەوهای بەسەردا هاتبێت ، ئەو سیستەمی ئێستاش کە دوای 2003 هات کە وڵاتەیەکگرتووەکان بە خەیاڵی خۆی عێراقێکی یەکگرتووی دیموکراسی گەشەسەندوو دادەمەزرێنێت ، کەچی چارەنووسی ئەو وڵاتەی ڕادەستی کۆمەڵێک لە حزب و لایەنی شیعیە کرد کە زۆربەیان پاشخانی ئایینیان هەیە و وەلائییان بۆ ئێرانە و ، سیستەمێکی ئیفلیجی سیاسی و حوکمڕانیان وایان هێنا ئاراوە کە هەندێک کەس سەد خۆزگە بخوازن بە سیستەمەکانی تر وەک ئەوەی ئێستا دەیبینین ، ڕۆژ دوای ڕۆژ وڵاتەکە نزیک دەکەنەوە لە لێواری هەڵدێر ، ورە سەیری ئەو وڵاتە بکە بزانە چۆن کراوە بە کاولگە و ج دۆزەخێکە !! من باسی ناسەربەخۆبوونی دادوەری و دادگا و سوپا و پۆلیس و ئەمنیەت و کێلگەکانی نەفت ناکەم ، باسی ئەوە دەکەم کە بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق یەکەمین وڵاتە لە جیهان لە ژمارەی خاوەن پێداویسی تایبەت و هەروەها لە بێوەژن و منداڵی بێدایک و باوک ، ئەوە جگە لە بێکاریەکی زۆر و خەراپی خزمەتگوزاری تەندروستی و فێرکردن و پەروەردە و ئاو و کارەبا و ترس و نیگەرانی …هتد کە وایلێهاتووە ئەوەی کەمێک دۆخی باشبێت ڕوو بکاتە هەرێمی کوردستان لێرە کاروکاسبی بکەن و ماڵ و حاڵ پێکەوە بنێن « بەخوا لە ئایندە ئەمە دەبێتە بەڵایەک بۆمان نازانین چۆن چارەسەری بکەین ؟!» قەیران لەسەر قەیران….
ئەوەی ئێستاش کە لە بەغدا ڕوودەدات دەچێتە سەر قەیرانە کەڵاکەبووەکانی تر ، بەڵام ئەم قەیرانی ئێستا بەوە جیادەکرێتەوە کە تێکەڵاوێکە لە ئاڵۆزیەکی دەستووری و قانونی و کێشە و ململانێی گەوەرە لە ماڵی گەورەی شیعەکاندا لەسەر دەسەڵات و پارە و ، هەموو لایەنەکانی دیکەش بێجوولە لە هەڵویستی چاوەڕوانکراودا وەستاون و لە چاوەڕوانی«گۆدۆ»دان ، ئەمە جگە لە تەدەخولاتی ئاشکرا و نائاشکرای هەندێک وڵات ، ئەمە وایکردووە بنبەستی سیاسی ببێتە هەڵبژاردەیەکی حەتمی و ، ئەگەریش هەموو لایەنە پێکناکۆکەکان بەهەوڵی نەتەوەیەکگرتووەکان و وڵاتان ڕێکەوتن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن ، بەڵام زەمانەتی ئەوە نابێت کە لایەنەکان ڕیز لە هەڵبژاردن بگرن و دیسان گرژی ئاڵوزی سەرهەڵدەداتەوە!.
هەرگیز عێراق لەو مەنزومەی دەسەڵاتی ئێستایدا دۆخێکی ترسناکی وەکو ئەوەی ئێستا بەخۆوە نەدیووە ، ئاسۆ داخراوە و گۆڕانکاریش موستەحیلە و ، چەک ڕۆلێکی بنچینەیی لە پڕۆسەی سیاسی دەگێڕێت و ، قۆناغێکی دیکەی گرژی بەڕێوەیە و ئەگەر دۆخەکە بتەقیتەوە بەکەس کۆنتڕۆل ناکرێت و هەموو لایەک تییدا زەرەرمەند دەبن ، هەروەک چەند ڕۆژێک لەمەوبەر سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکیدا هۆشداریدا لە هاتنی قۆناغێکی پڕ مەترسی و ترس و نیگەرانی خۆی لەسەر ئەو دۆخە خەراپەی ئێستای عێراق نیشاندا کە هەڕەشەیە بۆ داهاتووی وڵاتەکە.