پێکهێنانی حکومەتێک لە عێراقێکی نادەوڵەتدا !

محەمەد خۆشناو
  2022-01-09     411

دوای100ساڵ لە پێکەوەنانی بەتۆپزی دەوڵەتێک عێراق بەرەو قۆناغی نادەوڵەت دەڕوات.
 

دەستەواژەی نادەوڵەت«اللادولة » لەلایەن زانای گەورەی کۆمەڵناسی عێراقی« فالح عبدالجبار» داڕێژراوە کە خاوەن جوانترین و بەهێزترین وەرگێڕانی سەرمایە«  راس المال»ی کارڵ مارکس- ە ، ناوبراو لە ساڵی 2018 کۆچی دوایی کرد و دۆستی گەلی کورد و پەیوەندی باشی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی-دا هەبوو…ئەو گوزارشتە واتە نادەوڵەت مانای غیابی دەوڵەت نیە لە وەزیفە سروشتیەکەی ، بەڵام بۆتە «نادەوڵەت» بەمانەی ئەوەی ئەو چەند حزب و گڕوپە چەکدارانەی بەناچاری و ڕازیبوون لەباوەش گرتووە و بێئەوەی ئارەزوو بکات دانیپێداناون ، ئەم حزب و گڕوپە چەکدارانە بەشدارن لە دەسەڵات و بنکەی جەماوەریان هەیە کە وەلائیان بۆ حزبەکان زیاترە لە وەلایان بۆ دەوڵەت.
 

ئەمە مانای چیە هێرشبکەنە سەر ماڵی کازمی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان« دڕۆن»ی بۆمبڕێژکراو و بنکە و بارەگاکانی هاوپەیمانان لە بەغدا و عين ئەسەد و هەولێر؟ کە هەر دوێنێ چەند مووشەکێکیان ئاراستەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە لە نزیک پردێ کرد! ئایا هەر لایەنێک جگە لە دەوڵەت مافی ئەوەی هەیە ئەو چەکەی هەبێت؟ لە ڕژێمی نادەوڵەتدا ، هەیە ئەو چەکەی هەیە و نوێترین چەکی دەستدەکەوێت بێ ئەوەی دەوڵەت بوێری ئەوەی هەبێت چەکی بکات ! ئا لەم قۆناغە پڕگرژ و ئاڵۆزەدا حزب و لایەنەکانی بەشداربووی هەڵبژاردنی عیراق خەریکی پێکهێنانی حکومەتێکن کەوا بائاسانی پێکنایەت.
 

ئەمە بۆ ئەو پرسیارە دەمانگەڕێنێتەوە کە شێوەی سیسیتەمی سیاسی ئیستای عێراق لەسەر دەستورێکی تەوافوقی ڕاوەستاوە کە تێیدا دەسەڵاتەکان لەنێوان لایەنە سیاسیەکاندا ئەوانەی نوێنەرایەتی کۆمەڵە فرەپێکهاتەکان«جماعات الاثنية» دەکەن دابەشدەکرێت جا ئایینی بێت یا مەزهەبی یا نەتەوەکان ،  ئەو داڕشتە«صيغة» تەوافوقیە ناسراوە و لەکن ژمارەیەک ئەو کۆمەڵگایانە هەیە کە ژمارەیەکی گەورەی کۆمەڵەی ئیثنی لێیە ، کە بەکۆمەڵگەی فسیفیسائی و ڕەنگاوڕەنگ ناونراون و ئەم داڕشتەیە لە ئەسڵە تیۆریەکەیدا بۆ دوورخستنەوەی خۆسەپاندنی« طغيان » کەمینەیەکی ئیثنیە.
 

سەڕەڕای ئەوەی کە تائێستا ئەوە دوو دەیەیە لە عیراق ئەو داڕشتەیە واتە ئەو سیغە تەوافوقیە وەرگیراوە ، بەڵام تائێستا هەر بەشکلی ماوەتەوە لە غیابی گرنگترین جوومگەکانیدا ئەویش نەبووی کلتووری حیوار-ی بەردەوام لەنیوان ئەو لایەنانەی کە دەبوایە بسازێن بۆئەوەی ناکۆکیەکانیان بێپێکدادان چارەسەر بکەن.
 

بۆیە لەوبڕوایەدام هەتا تەوافوق لە عێراقدا نەیەتەدی متمانەش ناگەڕیتەوە ، بەمەش زۆربەی حزب و لایەنەکان سەنگەرەکانی خۆیان جێناهێڵن.
 

بۆیە قسەکردن لەسەر حکومەتی زۆرینە و حکومەتی تەوافوقی پازدانە بەسەر واقیع و کە ئەوەمان پێدەڵێت ، ئەمڕۆ خۆلەبۆسەدانان و ئامادەباشی تەواو لە گۆڕەپانی سیاسی عێراق زۆر بەهیزترە لەوەی پێشتر و ، دواتریش گۆڕینی شێوەی حکومەت و پێکهێنانی مانای شتێک نیە لەو واقیعەدا.
 

ئێستا عێراق لەنێو ململانێی پێکهاتەکاندا دەکوڵێت و هەقە کورد خۆی بەدوور بگرێت لە ململانێنی نێو ماڵی شیعە و نەبیتە تەرەف ، چونکە ئێستا ئەو وڵاتە لەحالەتی ژانێکی سەختدایە و ئەگەر وابڕوات و هەر لایەنێک دابڕێنریت لە بەشداری دەسەڵات ، بەرەو ئایندەیەکی نادیار هەنگاو دەنێت .

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×