نزیکبوونەوەی مەرگی حزبەکان

محەمەد خۆشناو
  2021-12-18     704

بەر لەدەستپێکردنی وتارەکەم ، ئەو لافاوەی  لە هەولێر و شوێنەکانی تری هەرێمی کوردستان  روویدا هەموو کەسی بە ویژدان و سەرڕاستی هەژاند  دەشێت ئەمە لەکەمتەرخەمی چەند کەسانێکی  چڵێس نەفس نزمەوە بن کە پێویستە بەپێی قانون مامڵەیان لەگەڵدا بکرێت ، ئەمە  کارەساتی سرووشتیە هەر لێرە ڕووینەداوە ، دیارە بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا زۆربەی وڵاتانی جیهانی گرتۆتەوە کە بەسەدان ملیار دۆلار زرەر وزیان و گیانلەدەسدانی سەدان کەسی لێکەوتۆتەوە هەر چەند ڕۆژێکە زریانی کاوکەری « ڕای» بەشی باشووری فلیپینی گرتەوە کە تا ئیستا نزیکەی «50» کەس گیانیان لەدەستداوە و دەیان کەس بێسەروشوێنن ئەمە جگە لە گەیاندنی سەدان ملیۆن دۆلاری زەرەری ماددی….

، بەڵام ئەوەی پێم ناخۆشە و ئازارم دەدات ئەو هەڵمەتی ملیشیا قیزەوەنانەی ئەلکترۆنیە  کە لەجیاتی رەخنەی بونیاتنەر و بەشداربن لەو کۆست و ناخۆشیە، لەو پێگەی ئەلکترۆنیانە کە بۆ زانیاری و سوود دانراوە بەڵام بەداخەوە ئێمە کردومانەتە سەنگەری شەڕ  کە لەو شەڕەدا ویژدان نامێنێت و سەکۆکان دەکەنە پێگەی تەقکردن و هەڵڕشتنی  رق و کینە و ساختە و درۆ لە سۆشیالمیدیا و ، وەرشەی دروستکردنی درۆ و رقوکینە کە زۆر قەلەباڵغ بووە و ، هەندێک جار کارگەی تەغلیفکردن و دابەشکردنی درۆ و حقد لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندن لەسەر کاڵاوشتومەکی ئەو وەرشە بچووکانەوە ڕاوەستاوە ، کە پێویستی بە ڤاکسینێکە بۆ ڕوبەڕووبونەوەی هەواڵی درۆ و ساختە و کینە.

ئەمە چەند ساڵێکە زۆربەی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لەژیانی سیاسی و حزبی بێزار بوونە و بەوان بێت ناویان نەهێنرێت ، هۆیەکەشی دەگەڕیتەوە بۆ دەستوەردانی حزبی لە وورد و درشتی دەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی و کەسی و پەرتەوازەیی و لێکترازان و نەبوونی سەروەری قانون ، کە ئەمە متمانەی هاوڵاتی بە حزبەکان نەهێشتووە و ، هەروەها متمانەی بە دەسەڵاتەکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری زۆر کزکردووە کە تەنها تاڵە موکەی مەعاوەیە لەنیوانیاندا ماوە ، ئەم متمانەیە دەبێتە توخمێکی کاریگەر لەسەر پێوەری شەرعیەتی حکومەت و هێزەکەی.

بەتەئکید هەر چەند ساڵێکی ترە حزبەکان بەهۆی پێشکەوتنی تەکنۆلۆجیا و ئەلکترۆنیکەوە ئەو بەها و کاریگەریەیان نامێنیت کە لەسەدەی بیستەمدا هەیانبوو و کاریگەری تەکنۆلۆجیا لەسەر سیاسەت و ئابووری و کۆمەڵایەتی و هەموو لایەنەکانی ژیاندا دەبێت.

من پێم وایە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان درکی بە هاتنەکایەی قۆناغێکی هەستیار و مەترسیدار کردووە کە بەڕێوەیە بۆیە لە وتاری ڕۆژی 8/12/2021 دا زەنگی مەتەسی دۆخی خەراپی دادوەری لێدا ، کە کلیلی چارەسەرکردنی زۆربەی کێشەکانی هەرێمی کوردستانە ،  پسپۆر و شارەزایانی بواری سیاسەت وایبۆدەچن کە مردنی حزبەکان بۆتە حەتمی و  لەجێگەی ئەواندا جوولانەوەی ناڕازی گەنجان بەدیار دەکەون ، ئەم جوولانەوانە هەلگری هیچ بیر و ئایدۆلۆجیایەکی تایبەتی نین ، ئەمانە وەکو شەبەنگ بە ئاسمانەوە بەدیار دەکەون و بزر دەبن و یەکێکی تر پەیدا دەبێت و ، تەنها لەدەوری بیری گۆڕین کۆدەبنەوە و حکومەت و دەسەڵات ناچار دەکەن داخوازی ئەوان و هاوڵاتیان جێبەجیبکەن… زەمەنی گۆڕان وا بەخیرایی دەڕوات ئەگەر پیڕانەگەین لەدوا  کەژاوەی شەمەندفەری پێشکەوتن کە سەروەرەی قانونە نەک هەر بەجێدەمێنێین بەڵکو فڕەمان دەدات و دەمانهینیتەوە خاڵی سفر کە ئەوکات هیچ شتێک دادمان نادات.

هەرچەند ساڵێکی ترە کۆمپانیای گەورەی تەکنۆلۆجیا و ئەلکترۆنیکی وا پەیدا دەبن ، جێگەی حزبە کلاسیکە دەسەڵادارە پیربووەکان دەگرنەوە ئەو حزبانەی کە هیچ جوولە و  کاریگەرێکیان نەماوە ، یا بەلانی کەم ئەو کۆمپانیانە ڕۆلی مایسترۆ دەبینن و دارەکە لەدەست دەگرن و ئیدارەی بەرپرسان دەکەن بۆ ژەنینی ئەو نەوایەی کە لەبەرژەوەندی ئەودایە ، ئەم کۆمپانیایانە شێوازێکی نوێی دەسەڵات پێشکەش جیهان دەکەن ، بەکورتیەکە دەبنە دەسەڵاتی فیعلی وڵاتانی جیهان و ، جیهانی سیاسەت کە ئەو کۆمپانیایانە نەخشەی بۆ دەکێشت سەڕسورهێنەر و دەگمەنە و ، ئەوساش وەزیفەی بەرپرس و کادیرانی حزب و بارەگاکان نامینێن تا خەڵکی لێکۆبکەنەوە ، بەلکە حزبی سۆشیالمیدیا پەیدادەبێت کە پشت بە دەنگی ئەلکترۆنی دەبەستێت و ، جیهان دەبێتە جیهانێکی گریمانەیی کە هیچ تایبەتمەندی و نهینی نامێنێت.

ڕۆژگارێک دێت ئەو بزووتنەوەی لاوانی ناڕازی کە لە سۆشیالمیدیا کارلێک لەگەڵ یەکتری دەکەن ، ڕۆلی گرنگ دەگێڕن بۆ ئاراستەکردن و جوولە پێکردنی شەقام و بەزۆر جێبەجکردنی قانون و داواکاری خەڵکی بێ ئەوەی حکومەت یا هەر دەسڵاتێکی دەپڵۆسێنەر چی پێبکرێت!! ، جا پێش ئەوەی بگەینە ئەو ڕۆژە کە نزیکە ، پێویستە لەئێستاوە کار بۆ سەربەخۆیی دادوەری و سەروەری قانون بکرێت ، کە ئەمەیە دەبێتە مایەی گەڕانەوەی متمانە و ئینتیما بۆ نیشتیمان و پێشکەوتن ، ڕۆژێکیان سواری تەکسیەک بوم و باسی پێشکەوتنی ڕێگاو و بان و بیناسازی کوردستانمان کرد ، قسەیەکی کرد هەرگیز لەبیرم ناچێت و وەڵامی دامەوە لەناو جەرگی هەقیقەتی دا کاتێک گووتی ، ئەمە چ پێشکەوتنێکە لەو پەرتەوازیەییەی کە تێیداین؟ و ، قانون پێوەری پێشکەوتنە ، وڵاتی پێشکەوتوو و دواکەوتوو نیە ، بەڵکە هەندێک وڵات قانونی هەیە و هەندێکی تر نیەتی ، لەڕاستیدا قانون پێوەرێکی زۆر شیاوە بۆ هاوچەرخێتی بۆ هەستکردن بە ئەمان و دڵنەوایی لە هەموو ئاستەکاندا ، ئەمە قانونە دەبیتە مایەی گەشەی نیشتیمان و گەیشتن بۆ ڕێزی وڵاتانی پێشکەوتوو.

پێویستیمان بە قانونێکە ڕێزیلێبگیرێت کە تێیدا پاداشت و سزا روونبکرێتەوە و لەسەر هەموو تاکێک جێبەجێبکرێت و مافی هەمووان بپارێزێت بێ ئەوەی وەسیەتی نامەشروع لە هەر لایەنێک بەسەر هاوڵاتی بسەپێنرێت…ئەمە قانونە دەتوانێت پێشمەرگە یەکبخاتەوە بە مەرجێک لەسەر بنچینەی نیشتیمانی بێت، گرنگترین  شت بۆ پێکهێنانی هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوو بریتیە لەو بەهایانەی کە بەشدارە لە بونیاتنانی ئەساسەکەی ، بەهای ئەو نیشتیمانەی کە ئینتیمای بۆی هەیە و بەرگری لێدەکات بەمەرجێک کە ئینیمایەکی قوڵی بۆ گەل و خاکەکەی دڵسۆزی بێسنووری بۆی هەبێت ، چونکە ئەمانە روحی ڕاستەقینەی هەر سوپایەکی نیشتیمانیە و بێ ئەو روحە سوپا ناتوانیت بجەنگێت و ، دەبێتە هەڵم وەکو بوونە هەڵمی سوپای ئەفغانستان بەرانبەر تالیبان.

ڕێزگرتن لە قانون بریتیە لەوەی کە بەڵگەنامەیەکی موڵکداری هەموو هاوڵاتیەکە کە ئەوەی تێدا دەسەلمێنرێت کە ئەو نیشتیمانە موڵکی ئەوە و فەزلی کەسی بەسەرەوە نیە.

نازام ئەم وتارە خەیاڵە یان نا!! ئەگەر ئەوەش بێت خەیاڵێکی ڕەوایە.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×