کوردستانێکی بەهێز و مەدەنی و مەرجەعیش دەستوور.
محەمەد خۆشناو
2021-05-21   732
لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان خەریکی نووسینەوەی پرۆژەی دەستوورە ، ئەوە خەریکە کوردستان جارێکی تر شکۆی خۆی دەگەرێنێتەوە و ، بەشێکی زۆری هێوری خۆشی لە هەولدان بۆ یەکریزی و گەراندنەوەی متمانە بەدەست دێنێتەوە ، لەم کاتوساتەدا سەرکردایەتی پرۆژەی دەستوورێکی مەدەنی و هاوچەرخ ، بەهاوکاری هەموو لایەک لەئارادایە ، بۆشایی نەبوونی دەستوور وایکردووە ، کە هەیبەت بۆ ئەو کیانە و دەسەلاتەکان لەژێر سایەی پەرتەوازەیی و دابەشبووندا لاواز بکات ، دەستوور بریتیە لە گرێبەستی کۆمەلایەتی کە زۆرینە لەسەری رێککدەکەون ، تاوەکو مەرجەعیەتێکی لێبێت لە تەشریعکردن و دەرکردنی قانون و ، پەیوەندی دەسەلاتەکانیش رێکدەخات و ، ماف و ئازادیەکانیش دەستنیشان دەکات ، بەمە دەستوور دەبێتە پرنسیبی گشتی« مبادیوالعامە» کە هێلە سەرەکیەکان دادەنێت و ، دەسەلاتدار دەبێت و ، هیچیەک لە دەسەلاتەکان ناتوانن موخالەفەی بکەن ، دەستوور دەبێتە گرنگترین بەلگەنامەی هەرێمی کوردستان و ، لە هەموو شتێک زیاتر کاریگەری لەسەر لایەنە جیاجیاکانی ژیاندا هەیە ، دەستوور زادەی ژینگەی کلتووری و کۆمەلایەتی و کەشوهەوای سیاسیە و کیانێکی بیژوو«لقیگ» نیە ، بەلکە کوری شەرعی نیشتیمانە لە زروفێکی دیاریکراودا و باوکی دەسەلاتەکانە.
ئەوەی زۆر گرنگە لە دەستوور بریتیە لە ، نەزانینی خەلک بە بایەخی دەستوور یا دەقەکانی ، کە ئەمە گەورەترین پێشێلکاری دەستوورە ، نەزانین بەرانبەر ئەو ئامرازانەی کە دەستوور دایاندەنێت لە بەرگریکردن دژی پێشیلکاری مافەکانیان و پاراستنیان بە یاسا.
درس لە دەستوور ، هەر تەنها لە زۆری ژمارەی مادەکانی و ناوەرۆکەکەی نیە بەلکە لە ئامانجەکەیەتی ، یەکیک لە ئامانجەکان پێویستە ئەوە بێت ، کە پەرلەمانی کوردستان ویلێبکرێت بتوانێت رۆلی چاودێری و تەشریعی خۆی بەو پەری چوست و چالاکی و سەربەخۆییەوە ببینێت ، پێویستە ئێمە پابەند بکرێین کەدەستوور دەبێت ببێتە مەرجەعیەت ، «باجی قائد السپسی» سەرۆکی تونس بەر لە مردنی دەلێت: ئێمە مەرجەعیەتمان قوئان یان ئایین نیە ، بەلکو دەستووری تونسیە ، کە تێیدا هاتووە: تونس دەولەتێکی مەدەنیە ، کە مەبەستی ئەوەیە ، تەنها پابەندبوونی تەواو بە دەق و روحی دەستوور ، مەبەست لە خەسلەتی مەدەنی ئەوەیە ، کە پەیوەستە بە پرنسیبی مواتەنە ، واتە یەکسانی هاولاتیان بە جیاوازی رەگەز و نەژاد و ئاین و زمان لەبەردم یاسادا.
لەکۆتاییدا بۆ ئەوەی دەستوور تەنها مەرەکەبی سەر کاغەز نەبێت و ، یا هەر نەبێتە پەرتووکێکی بچووک ، پێویستە هەموو ئەو زەماناتە دەستووریانەی ، کە دەستوور بۆ هاولاتیانی داناوە تەفعیل بکرێن ، لە پێناو خزمەتکردنی هاولاتیان و ، گەیاندنیان بە ژیانێکی سەربەز و شایەستە ، کە زەمەنێکی درێژە بانگەشەی بۆ دەکرێت.