بەشی دەیەم
ڕۆژێك لەڕۆژان لەخۆت پرسیوە گەلی كورد لەپێناوی چیدا خەبات دەكات ؟.
ئایا ئوجەلان سەركردەیەكی كارێزمای گەلی كورد بووە ؟.
لەساڵی 1984 پەكەكە دروست دەبێت لەسەر دەستی ئوجەلان و چەند هاوڕێیەكی تری خۆی . بەهۆی كێشەوناكۆكییەكانی نێوان توركیاو سوریا ، زەمینە خۆش دەبێت كەسوریا ڕێگا بدات ئوجەلان بچێتە سوریاوچالاكی سیاسی دەست پێ بكات دژی توركیا . دوایی ئوجەلان پەیوەندی لەگەڵ لوبنان و لە وێوە پەیوەندی لە گەڵ ڕێكخراوی ڕێكخراوی ئازادی فەلەستین دروست بكات و گەریلاكان بنێرێتە ئەوێ كە مەشق و ڕاهێنان بكەن .
دوای زیاد بونی چالاكییەكانی پەكەكە لە ناو توركیاو ، توركیا گوشار دەخاتە سەر سوریا ئەگەر ئاپۆ دەرنەكەن ، ئەوا هێرش دەكەنە سەر سوریا . ئۆجەلان لەناچاریدا ڕودەكاتە ئەوروپاو ڕوسیا وداوای پەنا بەرێتی دەكات ، بەڵام بەهۆی گوشارەكانی توركیا لەسەر وڵاتانی ئەورپا و بەهۆكاری ئەوەی توركیا ئەندامی ناتۆیە هیچ وڵاتێك مافی مانەوەی پێ نادەن بەڕوسیاش و وڵاتانی تری ئیشتراكی و كۆمۆنیستێشەوە .
دواجار ڕو دەكاتە ئیتالیا و لە ڤێلایەك دای دەنێن و بۆی نابێت بچێتە دەرەوە . چونكە مەترسی لەسەر دەبێت . بەڵام زۆر ئامۆژگاری دەكەن كە نەچێتە دەرەوە چونكە ئیتالیا بە زۆر دەری ناكەن . دكتۆر محمود خۆشی ئامۆژگاری دەكات كە نەچێتە دەرەوە. ماوەیەك كەس خەبەری لێی نابێت و لەناكاو خەبەر بڵاوبۆوە كە لەكینیا گیراوەو براوەتەوە بۆ توركیا . وەكو باس دەكرێت ئەمەریكاو ئیسڕائیل بەشدار بوون لە گرتن و فراندنی ئاپۆ بۆ توركیا .
ئێستا من دەقی نوسنەكەی دكتۆر محمودعوسمانتان بۆ دەگوێزمەوە كە لە كتێبی یادەوەریەكانیدا تۆماری كردووە بێ ئەوەی یەك وشەی لێ زیادو كەم بكەم .
دادگاییكردنی ئۆجالان . ڕۆژی 31 ئایاری ساڵی 1999یەكەم دانیشتنی دادگاییكردنی ئۆجەلان لە توركیا بەڕیوە چوو . دادگاییەكەیان ناو نابوو دادگای سەدە . 800 ڕۆژنامەنووس چوبوون ، توركیا بڕیاری دابوو دادگاییەكە بە ئاشكرابێت ، هەموو ڕۆژێك 12 دیپلۆمات ئامادە بن وبچنە ناودادگاییەكە لەگەڵ 8 ڕۆژنامەنوووس ، بەڵام دەبوو پارێزەرەكان توركبن ،چونكە شتێكی وا هەیە لە هەندێ وڵات ،جگە لە پاڕێزەرانی خۆیان كەسی بیانی قبوڵ ناكەن . دكتۆر محمود دەڵێت :
بەبڕوای من توركیا دەیزانی كە قسەكانی ئوجەلان لاوازبن وزۆر توند نابێت ، ئەگەر نا نەیدەهێشت دادگاییەكە بەئاشكرابێت و بەوشێوەیە بۆ دیپلۆمات ومیدیاكان كراوەبێت ، دیارە پێش دادگاییەكە لەگەڵیان بڕیوەتەوە چۆن قسە بكات . دكتۆر محمود دەڵێت : دووهەفتە بەر لە دادگایی كردنەكە پارێزەرەكانی ئوجەلان هاتنە لام لە لەندەن كە كوردو توركیان تێدابوو ، داوایان كرد یەكتری ببینین . من لەگەڵ دوانیاندا دانیشتم . كە كوردبوون . گوتیان ئوجەلان سڵاوت لێ دەكات ودەڵێت حەزدەكەم ڕای ئەو بزانم لەسەر دادگاییەكە . گوتم ڕای چی بدەین ؟سێ شەو لەڕۆما ماینەوە ، داوام كرد ئیتالیا جێ نەهێڵێت ، بەڵام بەقسەی نەكردین ، تازە قسەكردن سوودی چێە؟. بەڵام بەهەر حاڵ مادام دادگایی دەكرێت ، ئێستاش دەرفەتە هەندێ شت ڕاست بكاتەوە ، بۆیە پێشنیازەكانی خۆم بۆ ئوجەلان بە سێ خاڵ خستە ڕوو :
یەكەم : بڵی ددان بەو دادگاییە نانێم و شەرعی نییە چونكە ئەمە دادگای بێگانەیەولایەنێك دروستی كردووە ، كە ددان بەبوونی میللەتەكەی مندا نانێت . دووەم : لەبەرچاوی ئەوهەمووخەڵكە بڵیت :من توركی نازانم وبەكوردی قسە دەكەم .وەرگێڕی توركیم بۆ بهێنن . چونكە ئەوكات زمان كوردی لە توركیا قەدەغە بوو،ئەوەش دەبێتە ڕوگیری بۆ توركیاو گرنگە . سێیەم : بڵێت هەرچی ڕویداوە من بەرپرسیارێیتی هەلدەگرم ، نەڵێت پەكەكە كردویانەومن ئاگام لێ نەبووە .چونكە هەندێ لێدوانی وای هەبوو .داوای ئەوەش بكات كە ژەنەڕاڵەكانی توركیا شەڕیان كردووەو میللەتی منیان كوشتووە ،دەبێ ئەوانیش دادگایی بكرێن . ئەگەر ئەو شتانە بكات ، دەتوانێت دادگاییەكە هەڵگەڕێنێتەوە ،لە بری دادگاییكردنی ئوجەلان ، ببێتە دادگاییكردنی ڕژێمی توركیا وسیاسەتەكەی بەرامبەر كورد . هەموو پێشنیارەكانیان بۆ ئوجەلان برد ، بەڵام هیچیانی نەكرد . ئەوكاتە دیپلۆماتێكی هاوڕێم كاردانەوەی ئوجەلانی لە دادگاكە زۆر پێ ناخۆش بوو ، پاش دادگاییەكە نامەیەكی بۆ ناردم و نووسیبووی ( لە تاقیكردنەوەكە دەرنەچوو ) دیاربوو ئۆجەلان لێكدانەوەیەكی تری هەبوو پێی وابوو ئەگەر نەرم قسە بكات ،توركە كان گوێی لێدەگرن و بڕوای بە ئەمەریكییەكان كردبوو ،كە گوتوبویان ئەگەر بچێتەوە توركیا گەرەنتیمان وەرگرتووە لە سێدارەی نادەن و ناهێلن سزا بدرێت ، بە مەرجێك لەناودادگادا نەرم بێت .بە هەر حاڵ لەدادگا نەیتوانی سەركەوتوو بێت و بەرگری پێویست لە كێشەی كورد بكات و هەڵوێستی نەرێنی بوو .
ئۆجەلان لەزیندانەوە پەكەكە بەڕێوە دەبات
ڕۆژی 29 حوزەیرانی سالی 1999 نزیكەی مانگێك دوای دادگایی كردنەكەی ،حوكمی لەسێداردان بۆ ئوجەلان دەرچوو ، كە ناڕەزایی زۆری كوردو كوردستانیانی لێ كەوتەوە ، بەڵام بەوجددییەتییە نەبوو كە كاتی دەستگیركردنەكەی كرا ، چونكە زۆر كەس دادگاییەكەیان بەدڵ نەبوو چاوەڕوانی ئەوهەلوێستەیان لە ئوجەلان نەدەكرد .لێدوانەكانی ئوجەلان بۆ ئاشتی لە ڕۆما باش بوون و كاری گەرییەكی گەورەیان هەبوو ، كە كورد داوای ئاشتی دەكات . هەر چەندە لەلایەن دەوڵەتەكانەوە بە فەڕمی هیچ پشت گیرییەكی نەبوو ، هەموو وڵاتەكان لەگەڵ توركیا بوون ، لە كاتێكدا توركیا خۆی تاوان بارە ، چونكە نە ئامادەی ئاشتییەو نەدیالۆگ لەگەڵ كورددا بكات .
ئوجەلان لەسەر ئەوهەوڵانەی خۆی ڕۆیشت كە گوایە هەوڵی ئاشتین ، بۆیە لە 13 ئابی 1999 بەیانێكی دەركرد و وەكو نیازپاكی ، داوای لە چەكدارانی پەكەكە كرد توركیا بەجێ بهێلن لە پێناوی بەرقەرار بوونی ئاشتی . من ئەمەم پێ سەیر بوو . باشە بۆچی وڵاتی خۆیان جێبهێڵن ؟ ئەوان كەخەڵكی توركیان بۆ كوێ بچن ؟.تەنها شوێن باشورە ،چونكە نە سوریا قبوڵ دەكات و نە ئێران ڕازییە، ئەمەش مانای ئەوەیە كێشەكە لەگەڵ پارتی و دەزگاكانی باشوردا زیاتر دەبێت . ئوجەلان گوتی : كاتی ئەوە هاتووە خەباتی چەكداری تەواوبێت و ئێمە داوای خەباتی ئاشتیخوازانە دەكەین ، كەچی پەكەكە بە قسەی دەكا ! ئاخر داوای خەباتی ئاشتیخوازانە لەكێ دەكەیت ؟ لە هەمووی سەیرتر ئەوەبوو ،ئوجەلان لە زینداندایەو پەكەكە بەقسەی دەكات و سەركردایەتی بەتەواوی پشتگیری لێدەكەن ! ئەوەبوو ڕۆژی 1 ئایلولی 1999 بە پێی فەرمانی ئوجەلان ، هێزەكانی پەكەكە بڕیاریان دا لە خاكی توركیا دەربچن ، بەڵام توركیا مەرجی هەبوو ، كە دەبێ پەكەكە چەكەكانیان تەسلیم بكەن ، هەر وەها توركیا گوتی ڕەنگە لێبوردن دەربكەین ، بەڵام پەكەكە ناگرێتەوە ، چونكە ئەوانە تیرۆریستن .
سەیرە ، پەكە چەك تەسلیم دەكات ودەكشێتەوە ، بەڵام لە لای توركیا هێشتا تیرۆریستە ! كەواتە ئەم هەموو نەرمییە لەگەڵ توركیادا بەرامبەر بە چی ؟. ڕۆژی 9 ی ئابی 1999 لەسەر داوای ئوجەلان ، پەكەكە كۆنفڕانسێكی لەناكاویان ڕێكخست و بڕیاریاندا ستراتیژی ئاشتی پەسند بكەن .واتە لەشەڕەوە بەرەو ئاشتی بڕۆن .بەڵام نەیان دەزانی ئاشتی یەك لایەنە سەرناگرێت ، دەبێ لایەنەكەی تریش دیالۆگ و ئاشتی بكات .بەڵام توركیا ئامادەی ئاشتی نییە لە گەڵیاندا . ئەوەبوو ئەجەوید لە بەرامبەر ئەو هەمووهەنگاوەی ئۆجەلاندا گوتی : هەرچی بكات هەر تیرۆریستە و ئێمە گفتوگۆی لەگەڵدا ناكەین .
ئەجەوید سەرۆك وەزیرانی ئەوكاتەی توركیا ،ڕۆژی 27 ئابێ 1999 لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەی لۆسواری فەڕنسی دا ، دەڵێت كوردەكان لەتوركیا دەتوانن بە زمانی كوردی قسە بكەن ، توركی تەنها زوبانی فەڕمییە . من ئەوكاتە هەر لەكەناڵی ( مەد تێڤی ) ، كە سەر بە پەكەكە بوو ، ڕەخنەی توندم لە بڕیارەكانی ئۆجەلان گرت و كوتم ئەو بڕیارانەی ئۆجەلان دەری كردوون ، هەمووی هەڵەن و كاریگەری توركیایان لەسەرە ، كە لە زینداندایە و فشاری زۆری لێ دەكەن وەكو پێشتر چاوەڕێمان كردبوو .
ڕۆژی 12 ی ئایلولی 1999 ، لە لەندەن كۆپییەكی ئینگلیزیم وەرگرت لەمەلەفی بەرگری ئۆجەلان ، كەچۆن لەدادگا بەرگری لەخۆی كردووەو لە زینداندا چی كردووە ؟ وەڵامی دادگا چیبووە ؟. دووجار خوێندمەوە ،چونكە هەندی شت جێی باوەڕ پێكردن نەبوون ،گوتم نەك بەهەڵە لێێان تێگەیشتبم .ئەوەی لای من سەیر بوو (پێدا هەڵدانی ئەتاتوركی تێدایە ، شۆڕشەكەی ئەتاتورك كە كۆماری توركیای دروست كردوەو ڕەخنە لەو بزوتنەوانە دەگرێت كە دژی ئەتاتورك بوون ، تەنانەت بزوتنەوە كوردییەكانیش دەگرێتەوە ) دەڵی ویستویەتی كۆمارێكی دێموكرات دروست بكات ، بەڵام نەیان هێشتووە ! زۆر سەیرە ، بڕوا بكەن شەوێك تا بەیانی بیرم لێ دەكردەوە ، ئایا دەبێ ئوجەلان بەو شێوەیە بێت ؟ چونكە هەرگیزگوێم لەوجۆرە قسانە نەبوو بوو ، نەلە خۆیی و نە لە حیزبەكەی ،پێش ئەوەی زیندانی بكرێت .
زۆرم پێ ناخۆش بوو .سەرەڕای ئەوەش هەڵوێستی توركیا هەر نەگۆڕا بەرامبەری ، بەڵكو بەرانبەر كێشەی كوردستان و ئۆجەلان خرابتر بوو . من ئێستاش تێ نە گەیشتم كە بۆ وابوو ، نازانم چۆن نوسراوەو بە چ شێوەیەك ومەبەستی چی بووە ، بەڕاستی لام سەیر بوو ، زۆر پێی دڵتەنگ و نیگەران بووم . هەر لەو سەرو بەندەدا بەیانێكی ئوجەلان دەرچوو ،دیسان داوای نیازپاكی لە پەكەكە دەكات ، بەوەی چەكدارەكان بێنەوە توركیاو خۆیان تەسلیم بكەن !هەندێكیان گەڕانەوەو توركیا دەستگێری كردن . گرۆپی یەكەم و دووەم كە گەڕانەوە ، دەستگیر كران و گرۆپی سێیەم دەستگیر نەكران ، گوتیان لێكۆڵینەوەتان لەگەڵدا دەكەین . تەواوی ئەم هەنگاوانە لەلایەن توركیاو وەڵام دانەوەیەكیان نەبوو ، لەبەر ئەوە هەموویان هەڵەبوون ، بەم لێدوان و كردارانە تا دەهات هەڵوێستی خۆی و حیزبەكەی لاوازتر دەبوو .
لە 14 ی تشرینی دووەمی 1999 سڵیمان دەمیرێڵ سەرۆك كۆماری توركیا ، گوتی : نابێت لەتوركیا زمانی كوردی بەكار بهێنرێت ، نابێت ڕادیۆ بە زمانی كوردی هەبێت ، نابێت هیچ دەزگایەك بەكوردی هەبێت ، چونكە ئەمە كۆمەڵگەی توركی دابەش دەكات ! ئەمە لەوكاتەدا بوو كە توركیا هەوڵی دەدا ببتە ئەندام لە ئەوروپا ، بەڵام بەم شێوەیە ڕەفتاری دەكرد ، كە ئەوپەڕی ڕەگەز پەرستییە بەرامبەر كێشەی كورد ، تەنانەت كاربەدەستانی ئەو وڵاتە دەیانگوت لەتوركیا كێشەی كورد هەر بوونی نییە . چاوەڕوانی بەشی یانزەهەم بكەن كە ئەویش تایبەتە بە باسی ئوجەلان و پەكەكە .