دوای زیاتر لە دوو ساڵ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەماندا، پارتی ٤ی ئەم مانگە تاک لایەنە لەرێگای ئەندام پەرلەمانەکانی خۆی و کڕینی چەند ئەندام پەرلەمانێکی ترەوە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی هەڵبژارد و جوڵەی خستەوە تەلاری پەرلەمان.
ئەم هەنگاوەی پارتی دوای ئەوە هات، کە زیاتر لەدوو ساڵە هەڵبژاردن کراوە، بەڵام بەهۆی ناکۆکی و ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر دەسەڵات و تاڵانی داهاتی خەڵکی کوردستان، نەتوانرا بە ڕێکەوتن بگەن. پارتی کەزۆرتر بانگەشەی تەبایی و گرنگی یەکرێزی و مەترسیەکانی سەر هەرێمی کوردستانی دەکرد، زۆرتر لە یەکێتی پەلەی بوو پەرلەمان بەهەر نرخێک بووە کارا بکرێتەوە، تا لەو رێگایەوە رەوایەتی "یاسایی" بۆ درێژەدان بەدەسەڵاتی بنەماڵەیی و میلیشیایی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا بدەن و رای گشتی لەسەر پرسە بناغەییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان بەلاڕیدا ببەن.
یەکێتی بە پێچەوانەی پارتیەوە، بەو مەرجە ئامادەی کاراکردنەوەی پەرلەمان بوو کە پیشتر ڕێکەوتنی سیاسی لەسەر چۆنیەتی پێکهێنانی حکومەت و پۆستەکان بکرێت، بەڵام بەهۆی بن بەستی پارتی و یەکێتی بۆ ڕێکەوتن لەسەر پۆست و داهات، پارتی تاک لایەنە، پەرلەمانی "کارا" کردەوە.
ئەم هەنگاوەی پارتی ریسی فریوکارانەی بەردەوامی، سەبارەت بە تەبایی و یەکرێزی کردەوە بەخوری و پێشبینی دەکرێت پارتی و یەکێتی بخاتەوە ناو دەورەیەکی تر لە ناکۆکی و گرژی و دوورکەوتنەوەی زیاتر و زبرتر و دەست بردن بۆ کارتی تر، بەڵام هاوکات ئەگەری ئەوەش هەیە، پارتی دوای هەنگاوی "کارا" کردنەوەی پەرلەمان ئامادەبێت بۆ بەخشینی زۆرتری پۆست و داهات بەیەکێتی، بۆ دوبارە درێژەدان بە هەمان سیناریۆی دەسەڵاتی هاوبەشی سەرو سی ساڵەیان.
لە یەکەمین کاردانەوەی یەکێتیدا، لە زمانی بافڵ تاڵەبانییەوە یەکێتی ڕایگەیاند کە دان بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و هیچ هەنگاوێکدا نانێن کەبەدوای خۆیدا دەیهێنێت، لەوانەش پێکهێنانی حکومەت، هاوکات بڕیاری کشانەوەی یەکێتی لە حکومەتی هەرێم دا و پێداگری لەوە کرد کە لەزۆنی سەوزدا بەهەمان شێوەی پارتی دەست بۆ دیاریکردنی سەرۆکی هەرێم، سەرۆک وەزیران، سەرۆکی دەزگای دادوەری، دانانی وەزیر و... دەبەن و حكومەتی یەکێتی لە بەرامبەر بە حکومەتی پارتی پێکدەهێنن.
ئەو پەیام و کارادنەوەی یەکێتی بووە تەواوکاری هەنگاوەکەی پارتی لە بەفەرمی شەقکردنی هەرێم و کردنی بەدوو هەرێمی جیاواز و قوڵترکردنەوەی ئەزمەی دەسەڵات لە هەرێمێکی دابەش بوودا. بافل تاڵەبانی حکومەتی هەرێمی بە فاشیل ناساند، تا شانی یەکێتی لە فاشلبوونی حکومەتی هاوبەشیان خاڵی بکاتەوە و خۆی بێبەری بکات لە کارنامەی نەنگینی ئەم حکومەتە... یەکێتی لەبەر فاشل بوونی حکومەت و بێ موچەیی و گرانی و تاڵانی و سەرانە سەندن و بێمافیەکانی خەڵکی کوردستان بریاری کشانەوەی لە حکومەت نەدا، بەڵکو کاردانەوەیە لەبەرامبەر هەنگاوی پارتی و تاک لایەنە "کارا" کردنەوەی پەرلەمان، لەوەش زیاتر ئەو پەیامە توند و پڕ بژاردەیەی تاڵەبانی دەکرێت وەکو کارتێک بۆ پچرینی پۆست و داهاتی زیاتر لە حکومەتی داهاتوودا، کەڵکی لێوەر بگیرێت.
کاراکردنەوەی پەرلەمان، لەلایەن پارتییەوە و لەڕیگای گوشار و کڕینی چەند ئەندام پەرلەمانێکەوە، بەبێ بەشداری یەکێتی نیشتیمانی کە خاوەنی قەڵەمرەوی سیاسی و ئەمنی و زۆنی سەوزە، لە ئێستادا پەرلەمانی لە دەزگایەکی کارتۆنی هاوبەشەوە کردە پەرلەمانی کارتۆنی تاک لایەنەی پارتی.
پارتی بە "کارا" کردنەوەی پەرلەمان و بوونی بە خاوەنی رەهای ئەم دامەزراوەیە!! و کاردانەوەی یەکێتی لە بەرامبەریدا، دابراوی دوو زۆنی هەرێم بەیاسایی دەکات، ئەو دابرانەی بەرهەمی دەسەڵاتی تاوانکارانەی پارتی و یەکێتی و یەکێک لە دەرهاوێشتەکانی جەنگی دەسەڵاتی ناوخۆیی نێوانیانە و دیگەڵەش" وەکو سنوری دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی" بەڵگەی ریسوایی ئەزموونی هاوبەشیانە.
پارتی و یەکێتی، هەردوو لایان، بە ڕیگای جیاواز، لەدۆخی ئاڵۆزکاوی ناوچەکەو عێراق و لەجەرگەی داکشان و هاتنەخواری رۆژ بەرۆژی پێگەی سیاسیان و ئەو مەترسیانەی هەرەشەیان لە دەسەڵاتی داسەپاویان دەکرد، دەیانویست پەرلەمان!! کارا بکەنەوە و حکومەت سازبدەنەوە، بەڵام ناکۆکیان لەسەر دەسەڵات و پۆست و دەستگیر بوونی زۆرتر لە سەرچاوەکانی داهات و تاڵانی، ئەوانی بەتەواوتی توشی بن بەست کرد و کاراکردنەوەی پەرلەمانیش بەو جۆرەو لە ئێستادا بەڵگەی دەرچوون لە بن بەست و چەقبەستوویی هەرێم نییە، بەڵکو بەرهەمی ئەزمەو هۆکاریشە بۆ قوڵبونەوەی ئەو ئەزمەیە بۆ ئاستێکی بەرزتر و ترسناکتر.
لەدنیای واقعیدا، پەرلەمان و حکومەت لە هەرێمدا لە زیاتر لە سێ دەهەی رابردوودا، جگە لە دوو دەزگەی کارتۆنی و نمایشی زیاتر شتێکی تر نەبوون و دەسەڵاتی بەکردەوە و واقعی لەدەستی حزب و لە حزبیشدا لەژێر هەژموونی بنەماڵە و پشت بەستن بە چەک و خۆبەستنەوە بە جەمسەرە ناوچەییەکانەوە بووە. حکومەت و پەرلەمان چ بە هاوبەشی لە نیوان پارتی و یەکێتی و چ بە بەشداری لایەنەکانی تر و بنکە فراوان و هاوبەش و چ بەجیاو دوو حکومەت و دوو پەرلەمان لە دوو زۆنی هەرێمدا جگە لە رووپۆشێک بۆ شارنەوەی دەسەڵاتی حزبۆکراتی و بنەماڵەیی و میلیشیایی لەبەردەم رای گشتی و رەسمیدا، زیاتر شتیکی تر نەبووە و لەوەش زیاتر دوو دەزگە بوون کەلەجێگای گێرانی رۆڵێکێکی ئیجابی بە قازانجی خەڵکی کوردستان بوونەتە بارێکی قورس بەسەر خەڵکی کوردستان و کۆسپی واقعی لەبەردەم هەر ئاڵوگۆرێکی شۆرشگێرانەو پیشرەوانە. لە ماوەی زیاتر لە سێ دەهەی رابردوودا، ئەم حکومەت و پەرلەمانە کە پارتی و یەکێتی و هاوبەشەکانیان دروستیان کردووە، یەک تاکە بریاری لە بەرژەوەندی چینی کریکار و خەڵکی بێبەشی کوردستان نەداوەو سەرێژە لە دژایەتی هەموو ویست و مافێکی ئاسایی و یاسایی، جەماوەری بێبەشی کوردستان و پەسەندکردنی یاسای کۆنەپەرستانی دژی ژن و زیاد کردنی بێمافیەکانی خەڵکی کوردستان...
ئەگەر پەرلەمان و حکومەتی پارتی و یەکێتی بەیەکەوە، یان هاوبەش لەگەڵ هاوبەشە قەومی و ئیسلامیەکانی تردا، لە ٣٥ ساڵی رابردوودا، خاوەنی ئەو کارنامەیە بێت کە بۆتەی مایەی گەورەترین نەهامەتی بۆ چینی کریکار و خەڵکی زەحمەتکیشی کوردستان. لە داسەپاندنی گرانی و بیکاری و هەژاری و بێمافی و سەرکوتی سیاسییەوە بۆ پاشەکشە پیکردن بە کیشەی کورد و لێڵکردنی ئایندەی سیاسی کوردستان، لەدۆخی ئیستادا کە پیگەی ناسیونالیزمی کورد بەگشتی لە ئاستی ناوچەکەدا تادێت لاوازتر و ئەزموونەکانی بەرەو نەمان و شکست دەرۆن، ناکرێت هیچ چاوەروانیەک لە پارتی و یەکێتی بکرێت، کە بتوانرێت بەر بە رەوتی داکشان و ئەو داکوژانە سیاسییە بگرێت و ئەو ئەزموونە پوچەی دەسەڵات لە هەرێمدا، لە لەناوچوون و پۆکانەوەی زیاتر رزگار بکات. رەوتی روداوەکان، دەسەڵاتی بزوتنەوەی کوردایەتی و پارتی و یەکێتی وەکو دوو هێزی سیاسی خاوەن دەسەڵات ناچار دەکات و کردویەتی کە باوەش بکات بە دەسەڵاتی رژێمی ناوەندیدا و لەو ڕیگایەوە پرسی نوێنەرایەتی بۆرژوازی کورد بەدەستەوە بگرێت، بەڵام هیشتا ئەوە بۆ پارتی و یەکێتی زامن نییەو دەکرێت بۆرژوازی کورد راستەوخۆ نوێنەرایەتەکەی بەسەر پارتی و یەکێتیدا، بگوازێتەوە بۆ باوەشی دەسەڵاتی بۆرژوازی عێراقی و خۆی لەو هەموو رێگری و گوشارە خنکێنەرە رزگار بکات، کە بۆرژوازی کورد بۆی دروست کردووە.
پارتی و یەکێتی بەیەکەوە و بەهاوبەشی یان بەجیاو بە ناکۆکیەکانیانەوە هۆکاری سەرەکی سەرجەم گرفت و کیشە زۆر و زەوەند و کەڵەکەبوەکانی سەر خەڵکی کوردستانن. لە حالەتی تەباییاندا یان کیشەو ناکۆکی قوڵیاندا، هیچ لەو واقعیەتە ناگۆرێت... بە بوونی حکومەت و پەرلەمانی هاوبەشەوە یان دوو دەسەڵات و ئیدارەی لیکجاوە، هیچ لەو واقعیەتە تاڵە ناگۆرێت کە بەسەر خەڵکی کوردستانیان هێناوە... هیچ لەوە پوچتر نییە، هۆکاری گرانی و بیکاری وبیمافی و سەرکوت و تاڵانی و وێران بوونی خزمەتگوزارییەکان و نادیاری ئایندەی سیاسی کوردستان ببەسترێتەوە بە نەبوونی حکومەت و پەرلەمان و ناتەبایی پارتی و یەکێتی... خەڵکی کوردستان ئەزموونی ململانێ و ناکۆکی و جەنگی ناوخۆیی و هاوکات ئەزموونی تەبایی و ڕیکەوتنی ستراتیجی و بوونی حکومەت و پەرلەمانی هاوبەشی پارتی و یەکێتیان هەیە، کە لە هەردوو حاڵەتەکەدا، خەڵکی کوردستان قوربانی ئەو دەسەڵاتە بوون و ژیان و گوزەرانیان بەرەو خراپی و خراپی براوە و بە بارمتە گیراوە...
کێشەی بنەرەتی خەڵکی کوردستان نەبوونی حکومەت و پەرلەمان نییە، کێشەی ئەوە نییە حکومەت و پەرلەمان بەدەست پارتی و یەکتییەوە بە هاوبەشی بێت، یان لایەنێکیان هەژموونی هەبێت و جڵەوی بکات، یان دوو حکومەت و دوو پەرلەمان پێک بێت، بەڵکو کیشەی سەرەکی فۆرم و ئەلگۆی دەسەڵاتە... ئەلگۆ و فۆرمێکی بنەماڵەیی و حزبی و میلیشیایی کە هیچ بەهایەک بۆ هاولاتی و مافەکانی، بۆ ئازادی و مافە کەسی و مەدەنیەکان، بۆ یاساو سەربەخۆیی یاساو دەسەڵاتی داوەری، بۆ سوپا و هیزی سەربازی بێلایەن و سەربەخۆ، تەنانەت بۆ حکومەت و پەرلەمان دانانێت و خۆی لەسەروی هەموویان دەبینێت و هەموویان تەنها بۆ خزمەتی خۆی بەکار دەهێنێت و بەدەستەوە دەگرێت... ئەگەر حکومەت و پەرلەمان و سوپا و یاسا و دەسەڵاتی دادوەری خزمەت بەدەسەڵاتی بنەماڵەیی و حزبیان نەکات... بەهای نییە، بۆیە گۆرینی ئەو فۆرم و ئەلگۆی دەسەڵاتە، بەفۆرم و ئەلگۆیەکی تری دەسەڵات کە لەسەر بنەمای رۆڵ و دەخالەتی هاولاتیان بنیات بنرێت، پێش مەرجی هەر ئاڵۆگۆرێکی پێشرەوانەو زامنی لەبەین بردنی چەقبەستوویی هەرێم و گێرانەوەی ئیرادەی سیاسی بۆ هاوڵاتیانە....