پێشەکیەکی پێویست
مەبەستم لە گێرانەوەی ئەم روداوانە تیشکخستنە سەر بەشێک لە مێژوی ئەو سەردەمە کە مام جلال رابەر و نوێنەرایەتی پشکەکەی خۆی لە بزافی کوردایەتی دەکرد. بەشێک لە هاورێ و هاوخەباتانی ئەو تێکۆشەر و سەرکردە ناودارە خۆیان لە چەند روداوی مێژویدا دور راگرتوە، وێرای ئەوەی نەوە و بەشێک لە خانەوادە و خزمەکانی لە سایەی سێبەریدا بێئەندازە سودمەندن بەڵام نەیانتوانیوە مێژوی سیاسی و فکری مام جلال راشکاوانە بەرجەستە بکەن، سەرەرای ئەوەشی بۆیان کردوە بەڵام مام جلال شایستەی زۆر زیاترە. وەک وتراوە کردار شەرتە بۆیە چەند کەسێکیش لە نزیکەکان لێی بە هۆکاری رەفتاری نادروست و نایاسایی و گەندەڵی و ناحزبی ... تاد، تایبەت دوای وەفاتی، زەمینەخۆشکەر و هۆکاری سەرهەڵدانی گەلێک پرسیارن دەربارەی چەند هزر و بۆچون و دروشمەکانی یەکێتی و مام جلال.
مێژوی مام جلال بە دیوە ئەرێن و نەرێنەکیانەوە بەشێکی زۆر دەوڵەمەند و گرنگی مێژوی بزافی رزگاریخوازی کوردە لە باشور و سەرجەم کوردستانی گەورە، ئەوەی مێژو باش نەناسێت مەحاڵە دیدیگایەکی رونی بۆ ئایندە هەبێت و ئەوەشی لەو مێژوە هەڵگەرێتەوە دەکەوێتە بەردەم هەزار و یەک گومانەوە.
مەخابن دوای وەفاتی مام جلال بەشێک لە وارسە سیاسی و خوێنەکانی ماوەیەکە لە فەلەکێکی جیاواز لەوەی مام جلال دەسورێنەوە، ئەمەش سەرەرای ئەوەی خوالێخۆشبو زەمینە و کەرەستەی سیاسی و حزبی و مادی بەهێزی بۆ جێهێشتبون، کورد وتەنی زۆر یاخود کەم هاتونەتە سەر سفرەی حازر. بەشێکی بەرچاوی هاورێ و هاوخەبات و تەنانەت رکابەرەکانی مام جلال دەریایەک لە زانیاری هەستیاریان لایە و روداویان لە گەڵ مام جلال هەیە، مەخابن تەنها خودی مام جلال و کاک نەوشیروان، هەروەها کاک مسعود باسێکی بەشێکی بچوکی ئەو مێژوەیان کردوە.
لە دانیشتنێکی کونسوڵی ئەمریکا لە هەرێم لە گەڵ کاک نەوشیروان دوای دوا نەخۆشکەوتنی مام جلال کە بەندە ئامادەبو، کاک نەوشیروان بە یەک رستە پێناسەی مام جلالی بۆ کرد، کاتێک گوتی: ئێمە یەک مام جلال مان هەیە و هەرواش دەمێنێتەوە. هەڵسەنگاندنی مێژوی سەرکردە و تێکۆشەرەکانمان بە ویژدانەوە ئەرکێکی ئەخلاقیە پێش ئەوەی سیاسی و فکری بێت، کەم نین ئەوانەی لەم سەردەمەدا بە پێوەرە چەواشەکار و پۆپۆلیست و خۆپەرستانەی خۆیان لە هەڵسەنگاندنەکانیاندا بێ ویژدانی و غەدرێکی گەورە دەکەن، ئەمە لە کاتێکدا تێیاندایە جاران شەو و رۆژ تەنانەت بۆ سێبەری مام جلال دەچەمانەوە، پێموایە ئەمجۆرە کەسانە بازرگانی سیاسی سەرلێشێواو هەرزەکار و نزم بەهان.
ناشێت نەڵێم لەو ٣٣ ساڵەی ئەندامی یەکێتی بوم و زیاتر لە ١٢ ساڵ لێی کارگێری مەڵبەندی دەرەوە بوم بە یەک قسە و بە یەک وشە داوای هیچ شتێکی شەخسیم نە لە مام جلال و نە لە یەکێتی کردوە، بە پێچەوانەوە راشکاوانە قسەی خۆمم کردوە و رەخنەی توندیشم تەنانەت لە مام جلال گرتوە و بڵاویشم کردۆتەوە.
یادەوەریەکانم
وێرای ئەوەی ئەمانەی باسیان دەکەم چەند دڵۆپێکن لە دەریای بەرینی مێژوی مام جلال، بەڵام ئاوێنەشن بۆ بینین و تێگەیشتن لە چەند ساتێکی مێژویی کەسایەتی سیاسی مام جلال و ئەو دۆخە دژوارەی تێیدا گیربوبو.
رۆژێکی ناوەندی بەهاری ساڵی ١٩٧٢ خوالێخۆشبو مام جلال لە گەڵ خوالێخۆشبو فازل مەلا محمود ( لە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی بو ) لە بارەگای یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە بەغدا کە لە گەرەکی وەزیریە بو سەردانیان کردین، ئەو سات بەندە وەک ئەندامی سکرتاریەتی قوتابیان لە گەڵ خوالێخۆشبوان عادل موراد سەرۆکی یەکێتی قوتابیان و جەلال خۆشناو سکرتیرو چەند ئەندامێکی تر لە پێشوازیکردنیاندا بوین، ئەوە بۆ یەکەمجار بو روبەرو مام جلال ببینم. ئەوەندەی بیرم بێت جەختی دەکرد لەسەر پتەوکردنی کارەکانمان لە ناوچەکانی خانەقین و کەرکوک و پەیوەندیەکانمان لە گەڵ رێکخراوە خوێندکارە بیانییەکان کە لە بەغدا کاریان دەکرد.
پێشترساڵی ١٩٦٣ لە سەردەمی دانوستانی شۆرشی ئەیلول لە گەڵ بەغدا مام جلالم لە دورەوە بینیوە کاتێک لە باڵکۆنی تەلارەکەی نوری عەلی لە بەردەرکی سەرای سلێمانی وتارێکی شۆرشگیرانەی پێشکەش بە جەماوەری خەڵکی سلێمانی کرد.
ئەو سات ئەستیرەی مام جلال لە ئاسمانی کوردایەتیدا دەگەشایەوە و چەندین هەڵبەستی فۆڵکلۆری و بەرزنرخاندنی ئەو سەرکردە گەنجە یاخیبوە لەسەر زاری گەورە و بچوکی دەڤەری سلێمانی بو.
ئێمە خوێندکاری قۆناغی مامناوەندی بوین لە " سانەوی سلێمانی " ، لە پۆلدا بوین کاتێک بیستمان مام جلال لە بیناکەی نوری عەلی خوتبە دەدات، هەمو بە یەک تەوژم پۆلەکەمان جێهێشت و بە راکردن بە شەقامی مەولەویدا هەناسەبرکێمان بو تا فریای بینینی مام جلال بکەوین. خۆشبەختانە خواستەکەمان هاتەدی.
سەردەمی جەلالی و مەلایی بۆ خۆم تا سەر ئێسک مەلایی بوم و لە یەکێتی قوتابیان و رێکخستنەکانی پارتیدا کارم دەکرد، لە گەڵ ئەوەشدا هیچکات بەچاوی ناحەز و دژ سەیری مام جلالم نەکردوە، چونکە بەو تەمەن و ئەزمونە بچوکەم درکرم دەکرد ئەو کەسایەتیە مرۆڤێکی کوردپەروەرە.
هاوینی ساڵی ١٩٧٢ شەهید سامی عبدالرحمن کە سەرپەرشتکاری رێکخراوە پیشەییەکانی پارتی بو دانیشتنێکی بۆ مەکتەبی سکرتاریەی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە گەڵ خوالێخۆشبو مەلا مستەفا لە چۆمان رێکخست، لە کۆتایی دانیشتنەکە مەلا مستافا کاک محمد قەرەداغی کە پێشتر سەر بە باڵی مەکتەبی سیاسی پارتی بو و بەندەی راسپارد سەردانی خوالێخۆشبوان ئیبراهیم احمد و مام جلال بکەین کە نیمچە دەستبەسەر بون لە خانویەکی بچوک نزیک لە ماڵی بەرپرسی پاراستنی پارتی (خوالێخۆشبو شەکیب عەقراوی) لە سەر چۆمی چۆمان، کاک محمد لە ژیاندا ماوە و وردەکاریەکانی راسپاردەکەی مەلا مستەفای لە زهندا وەک خۆی هەڵگرتوە. پێموایە مەلا مستەفا هیچ پێویستی بە ئێمەی خوێندکار نەبو تا پەیام بەو دو کەسایەتیە سیاسیە بگەیەنین، بەڵکو مەبەستی بو پێیان بڵێت زەمینە بەپیتەکەی ئێوە، خوێندکار و ئاراستە چەپەکان گوێرایەڵی منن و فەرمانەکانم جێبەجێ دەکەن. هەر چۆنێک بێت پەیامەکە زیاتر ئامۆژگاری بو کە ناوەرۆکێکی سیاسی تێدا حەشاردرا بو.
شۆرشی ئەیلول دوچاری شکست کرا، بەندە و گروپێکی ١٦ کەسی تر وەک یەکەم پۆلی پەناهەندە لە ١٢ مایسی ١٩٧٥ گەیشتینە هۆڵەندا. ماوەی دو مانگ دواتر بە هاریکاری گروپێکی دۆستانی هۆڵەندی توانیمان بە پاسپۆرتی کاتی بەرەو بەرلێنی رۆژئاوا بۆ کۆنفرانسی کۆمەڵەی خوێنکارانی کورد لە ئەوروپا بچین. سودفە نەبو خوالێخۆشبوان مام جلال و کاک نەوشیروان و چەند کەسایەتیەکی تر لەوێ بون.
پێش دەستپێکردنی کۆنفرانسەکە مام جلال گروپی هۆڵەندای بۆ رێستورانتێکی چینی دەعوەت کرد و پێێ گوتین بەناوبانگترین خواردنی چینی مراویە کە بە شێوازی چینی ئامادەی دەکەن، گروپەکەی ئێمە نۆکەس بوین، زۆربەمان رێکخستنی یەکێتیمان دروستکرد، لەوانەی لە بەرڵین ئامادە بوین بەرێزان:
خوالێخۆشبو دکتۆر جەمیل شەرەف کە دۆستێکی دێرینی مام جلال بو، علی ئیحسان دوای روخاندنی سەدام بو بە راوێژکاری یەکەم لە پەرلەمانی عێراق، فواد حسین کە ئێستا وەزیری دەرەوی عێراقە و برای هێژا محمود موراد. لە رۆژانی کۆنفرانسەکەدا مام جلال جەختی دەرکردوەو لەوەی سەرهەڵدانی ئاراستەیەکی نوێ لە بزافی کوردایەتی جیاواز لەوەی پارتی و بنەماڵەی بارزانی ئەرکێکی گرنگی مێژوییە. لەو روانگایەوە کۆمەڵەیەکی خوێندکارانی تر بە ناوی کۆمەڵەی خوێندکارانی کورد لە دەرەوەی وڵات بە هاوکاری خەستی خوێندکارانی کوردی رۆژهەڵات دروستکرا و کۆمەڵە دێرینەکەی نزیک لە پارتی کەنارگیر کرا.
لەو دیدارەدا مام جلال پێی گوتم: بیرمان ناچێت لە ساڵی ١٩٦٨ کاتێک نامەیەکی پرۆتێست بە ناو و واژۆ دژ بە رژێمی شای ئێران مان ئەنجامدا و لە رۆژنامەی النور بڵاوکرایەوە تۆ سەرەرای ئەوەی پارتی بویت پشتگیریت کردین.
ساڵی ١٩٧٨ مام جلال سەردانی هۆڵەندای کرد و هاوکاتیش شەهید عبدالرحمن قاسملۆ لە هۆڵەندا بو، یەک دو رۆژ هەر دو سەرکردە بە جوتە لە شوێنێکی دیاریکراو سەرقاڵی باس و پرسەکانیان بون.
لەو سەردەمەدا بەندە ئەندامی رێکخستنی یەکێتی لە هۆڵەندا بوم و زیاتر کاری پەیوەندیەکانم دەکرد، دیدارێکم بۆ مام جلال لە گەڵ بەرپرسی پەیوەندیەکانی دەرەوەی حزبی کاری هۆڵەندی سازکرد، ئەو سات یەکێک لە گەورە حزبەکانی هۆلەندی بو و سەرۆک وەزیران لەوان بو. دیدارەکە لە بارەگای ئەو حزبە بو لە ئەمستردام کە تا ئەم چرکەیەش هەمان بارەگایان هەیە.
ئەو بەرپرسە کە ئەندامی پەرڵەمانیش بو ئەندامێکی کاریگەر و بزوێنەری لیژنەی بەرگری و ئاسایش بو لە پەرڵەمانی هۆڵەندی و کەسایەتیەکی بەهێز و ناودار بو، بۆ خۆی جولەکە بو، خانەوادەکەی لە دوەم شەری جیهاندا لە لایەن نازیەکانەوە لەناوبرابون، ناوی هاری ڤان دێن بێرخ بو Harry van den Bergh و دو ساڵ لەمەوبەر کۆچی دوایی کرد.
لە دانیشتنەکەدا خاوەن ماڵ روی کردە مام جلال و گوتی: بەرێز تالەبانی من یەک داواکاریم لێتان هەیە، ئەویش سەنتەرێک، گەر ژورێکیش بێت، لە هۆڵەندا بکەنەوە تا دنیا پەیوەندیتان پێوە بکات، بۆ خۆشم چیم پێبکرێت درێغی ناکەم. مام جلال لە وەڵامدا گوتی سوپاستان دەکەم، بەڵام چ دەتوانیت بۆ ئێمە بکەیت. هاری لە وەڵامدا گوتی: دەرمان، جل و بەرگ بۆ پارتیزانەکانتان، تەنانەت چەک و ئامرازەکانی پەیوەندی و .. تاد. مام جلال سوپاسی کرد و بە زمانێکی دیبلۆماسیانە گوتی بە زوترین کات ئاگادارتان دەکەمەوە. دواتر مام جلال پێی گوتم: راستە من لە گەڵ نوێنەری حزبێکی عەریقی سۆشیال دیموکرات دانیشتوم، بەڵام بە هیچ جۆرێک باسی ئەم دیدارە لە گەڵ ئەو بەرپرسە مەکە، گەر پێی بزانن ناتوانم لە هیچ وڵاتێکی ناوچەکەمان بجولێم و توشی کۆمەڵێک کێشەی گەورە دەبم.
ئەوسات و ئێستاش بۆ خۆم لەو باوەرەدام ئەو هۆشیاردانە بە من زادەی دۆخی ئاڵۆزی باشوری کوردستان و ناچاری بو.
لەو سەردانەدا لە نان خواردنێکی نیوەرۆ لە ماڵەکەم لە شاری ئوترێخت دیدارێکی رۆژنامەگەری بۆ مام جلال لە گەڵ رۆژنامەگەری ناوداری هۆڵەندی کە لە کارەکەیدا پسپۆری بێ رکابەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست بو و ناوی Michael Stein بو سازکرا، ئەم زاتە چاوپێکەوتنی لە گەڵ زۆربەی سەرکردە ناودارەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست ئەنجام دابو، لەوانە یاسر عەرەفات، ئەنوەر سادات،سەرکردەکانی ئیسرائیل و لە گەرانەوەی ئایەتوڵڵا خومەینی لە پاریسەوە بۆ تاران لە فرۆکەکەدا دەبێت....تاد. ئەم رۆژنامەگەرە جولەکە بو و تا سەر ئێسک پشتگیری ئیسرائیلی دەکرد، لە دوەم شەری جیهاندا خۆی و خانەوادەکەی لەلایەن نازیەکانەوە زۆر ئەزیەت درابون. سەرچاوەیەکی گرنگی زانیاریەکانی موسادی ئیسرائیلی بو و بەو هۆیەش رۆژنامەکەی کە ناودارترین رۆژنامەی هۆڵەندایە NRC Handelsblad لە کارەکەی دەری کرد بەڵام بە بریاری دادگا ئەو هەنگاوە هەڵوەشێنرایەوە. لەو دانیشتنەدا شەهید عبدالرحمن قاسملۆ، خوالێخۆشبوان عادل موراد و احمد بامەرنی، بەرێزان فواد حسین و محمود موراد کە لە ژیاندا ماون ئامادە بون.
رۆژنامەگەرەکە پرسیارێکی لە مام جلال کرد کە بریتی بو لە پەیوەندی و گفتگۆکانی لە گەڵ رژێمی شای ئێران کاتێک زۆربەی باڵی مەکتەبی سیاسی لە هەمەدان بون. مام جلال بە پرسیارەکە دڵگران بو و هیچ وەڵامێکی نەدایەوە، رۆژنامەگەرەکە هەستی بە دڵگرانی مام جلال کرد و گوتی: بەرێز تاڵەبانی زۆر لە بەڵگە و دۆکیۆمێنتم لەو بوارەدا هەیە، حەزم دەکرد خۆتان باسی بکەن.
ئەو رۆژنامەنوسە کە ساڵی ٢٠٠٩ وەفاتی کردوە هەواداریکی سەرسەختی پارتی و خانەوادەی بارزانی بو و لە ناخیدا دۆستی گەلی کورد بو و لە بواری راگەیاندن لە هۆڵەندا رۆڵی بەرچاوی بۆ پرسی کورد هەبو.
ماوەی دوایی پرسیارم لە خۆم دەکرد بۆچی لۆبی جولەکە لە هۆڵەندا بایەخی تایبەتیان بە مام جلال و یەکێتی دەدا، بۆ نمونە کەسایەتیەکی جولەکە کارئاسانی زۆری بۆ بەندە و هاوخەبات و دۆستێکی زۆر دێرینی مام جلال کرد ( ئەو بەرێزە بە تەمەندا چوە و ئێستاش هەر لە هۆڵەندا دەژی) تا وەجبەی یەکەمی ئامرازی بێ تەلی پەیوەندی بۆ هێزەکانی یەکێتی لە کوردستان بکرین و فرۆشیارەکەش ئامرازەکانی تا شاخەکانی کوردستان بە ئەمانەتەوە گەیاند.
ساڵی ١٩٨٧ لە گەڵ هاوسەرەکەم کە ئەو کات کاری رۆژنامەنوسی دەکرد لە هۆڵەنداوە بە رێکەوتین بەرەو کوردستان، بۆ ڤیزای ئێران زیاتر لە دو مانگ لە شام ماینەوە، دواتر لە ژێر فشاری یەکێتی ڤیزەیان پێداین و بە فرۆکە بەرەوە تاران رۆیشتین.
نوسینگەی یەکێتی لە تاران بەهەمان شێوەی ئەوەی شام پەناو و پشتمان بون، تایبەت بۆ هاوسەرەکەم کە هۆڵەندی و رۆژنامەنوسیش بو.
گەیشتینە سەر سنور و لە شارۆچکەی سەردەشت لە بارەگای پەیوەندیەکانی یەکێتی ماینەوە، کۆتایی بەهار بو پێشمەرگە لە ناوەراستی مانگی ئەپریلی ئەو ساڵەدا داستانی رزگاری خستبوە سەر سەروەریەکانی تری، لە گوندی شێنە ماینەوە و چاوەروانی ئەوە بوین بەرەو یاخسەمەر برۆین، کە بارەگای سەرکردایەتی یەکێتی و مام جلال یش لەوێ جێگیر بوبون. مام جلال بەئاگابو بروسکەی دەکرد بچین بۆلای تا هاوسەرەکەم چاوپێکەوتنێکی لە گەڵدا ئەنجام بدات. مام جلال و یەکێتی لە زۆر لاوە گەمارۆدرابون و فشاری سەربازی عێراق لەسەر هێزەکانی یەکێتی بە چەکی کیمیاییشەوە زۆر خەست بوبو، بۆیە زۆری لا مەبەست بو چاوپێکەوتنە ئەو گەمارۆدان و تەعتیمی راگەیاندنە بشکێنێت.
هەوڵێکی زۆردرا تا ریگایەکی سەلامەت بۆ گەیشتنمان بۆ یاخسەمەر دابین بکرێت، لە ئاکامدا ئەوە نەکرا بۆیە هاوسەرەکەم چاوپێکەوتنێکی بە ئامرازی بێتەل لە گەڵ مام جلال ئەنجامدا کە تا ئەم چرکەیەش لەسەر شریت تۆمارکراوە.
لە چاوپێکەوتنەکەدا مام جلال بە تێروتەسەلی باسی دۆخی ئاڵۆز و سەختی کاری سیاسی و پێشمەرگایەتی کرد و نیگەرانی خۆشی بەرامبەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بێدەنگیان راشکاوانە بەیانکرد، هەروەها گلەییشی بەرامبەر رەوەندی کوردی دەربری کە وەک پێویست بەدەنگ ئەم دۆخە ئاڵۆزەی کوردستانەوە نەهاتون.
پێش گەرانەوەمان چەکی کیمیاوی دژ بە پێشمەرگە لە چەند ناوچەیەکی کوردستان ئەنجام درابو و نزیکەی ٢٠ پێشمەرگەی بریندار بۆ قەرارگای رەمەزان لە کرمانشاە بۆ چارەسەر گوێزرابونەوە. لەوێ بینیمانن و هاوسەرەکەم چەندین وێنەی گرتن و چاوپێکەوتنی لە گەڵیاندا ئەنجامدا، هەرچۆنێک بێت هەواڵەکەی گەیاندە رۆژنامەیەکی هۆڵەندی بەڵام داوای بەڵگەی زیاتریان دەکرد. ناردنی وێنە و دەنگ و نامە لەو سەردەمەدا زۆر ئەستەم بو تایبەت لە ناو ئێرانەوە بۆ دەرەوە.
بە گەیشتنمان بۆ هۆڵەندا هاوسەرەکەم چەند وتارێکی لە سەر گەشتەکە و کورد و یەکێتی نوسی لە گەڵ دو چاوپێکەوتنی رادیۆ.
تا ماوەیەکی کورت دوای راپەرین مام جلالم نەبینیەوە، لەدوای راپەرینەوە زۆر زیاتر مام جلالم دەبینی و زیاتر لە نزیکەوە ناسیم.
تا بەشی دوەمی ئەم یادەوریانە.
رۆتەردام حوزەیران ٢٠٢٢